پەرستگەیەکی 700 ساڵیی جووەکان لە ئاکرێ


رووداو-بڵند تاهیر

پەرستگەی (کنیشکی حزقیال) کە هەندێک پێی دەڵێن "کنیشکی جوو" دەکەوێتە نێو گوندی شووش سەر بە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، پەرستگەیەکی شوێنەوارییە و بەر لە سەدەیەک پەرستگەی پەیڕەوانی جوو بووە. پەرستگەکە تەمەنی نزیکەی 700 ساڵە.

لە 30 نۆڤەمبەری 1947 پرۆسەی دەركردنی جووەكان لە وڵاتانی عەرەبی دەستیپێكرد و حكومەتی ئەوسای عێراق بە بڕیارێك فەرمانی دەركردنی هەموو جووەكانی لە عێراق دا، بەڵام ئەو پەرستگەیە کە پێشتر جووەکانی تێدابوون تاوەکو ئێستا پارێزگاری لێ کراوە و وەکو ناوچەیەکی شوێنەواری ماوەتەوە.

درێژیی پەرستگەکە 14 مەتر و پانییەکەشی حەوت مەترە، بەرزییەکەی پێنج مەترە و دەرگەیەکی بچووکی هەیە. لە نزیکی پەرستگەکە کانیاوێک هەیە کە بە کانیاوی "کانیا جووا" ناسراوە. لە گوندی شووش لە ساڵانی 1940 نزیکەی 20 ماڵی پەیڕەوانی جوو هەبووە، لەگەڵ کریستیان و موسڵمانان پێکەوە ژیاون. 

د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک لە 18-07-2022 بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2012ـەوە دەستمان بە تۆمارکردنی شوێنەوارەکان کردووە؛ بەر لەوە لە سەردەمی بەعسدا نزیکەی 600 شوێن تۆمار کرابوون. توانیومانە گرێبەست لەگەڵ سێ زانکۆی جیهانیدا بکەین کە ئەڵمانی، ئیتاڵی و پۆڵەندین، بۆئەوەی ئەو شوێنەوارانە تۆمار بکەین. توانیومانە لەگەڵیاندا نزیکەی دوو هەزار جێگەی شوێنەواری تۆمار بکەین."

بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی شوێنەوارەکان لە سنووری پارێزگاکە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام هێشتا نەتواندراوە تۆمار بکرێن.

هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەزای ئاکرێ زیاتر لە 150 شوێنەواری گرنگی تێدایە. کنیشکی حزقیال یەکێکە لەو شوێنەوارە گرنگانە کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبوو. ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ چەندین دەرخستە و پلانمان بەرزکردووەتەوە سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی کنیشکی حزقیال، هەرچەندە قەزای ئاکرێ زۆر کنیشکی لێیە، بەڵام لەبەر کۆنی و گرنگیی شوێنەکەی، گەشتیاریش سەردانی ئەم گوندە دەکەن و خوێندکارانی زانکۆش بۆ مەبەستی توێژینەوە سەردانی دەکەن."

بەگوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ، زۆر هەوڵیان داوە بۆئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان پەرستگەکە نۆژەن بکرێتەوە و "بە خۆشحاڵییەوە لە ساڵی 2019 کۆنسوڵی ئەمریکا سەردانی قەزای ئاکرێی کرد و ئێمەش بە دەرفەتمان زانی باسی ئەم شوێنە گرنگەی بۆ بکەین. دواتر سەردانی شوێنەکەیان کرد و بڕیاریان دا وەکو کۆنسوڵخانە نۆژەنکردنەوەی ئەم کنیشکەیە لە ئەستۆی خۆیان بگرن."

هیوا شەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2021 داوایان بەرزکردووەتەوە بۆیان و قبووڵیان کردووە، "گرێبەستەکەش واژۆ کراوە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار. دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، کەشوهەوا لەبار بێت، لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی."

عەبدوڵڵا یاسین، تەمەنی 80 ساڵە و خەڵکی گوندی شووش ـە، چەندین هاوڕێی لە پەیڕەوانی جوو هەبووە و دەڵێت، "کاتێک منداڵ بووم، هیچ جیاوازییەکم نەدەبینی لەڕووی زمانەوە، چونکە ئەوان کورد بوون و بە کوردی قسەیان دەکرد. لەڕووی جلوبەرگیشەوە  هەمان جلی کوردییان دەپۆشی. بیرم نایەت رۆژێک لە رۆژان کێشەیەک لەنێوان ئێمەدا هەبووبێت؛ هەمووان بە ئاشتی دەژیان لە گوندەکەمان و سەردانی یەکدیش هەبوو."

سەبارەت بە "کانیا جووا،" ئەو پیاوە 80 ساڵە ئاماژەی بەوە کرد، "راستە ناوەکە بەناوی جوو بوو، لای پەیڕەوانی جوو گرنگ و پیرۆز بوو بەوپێیەی لە پەرستگەکە نزیک بوو، بەڵام موسڵمانانیش سوودیان لێدەبینی."

عەبدوڵڵا یاسین باسی لە هاوڕێیەکی کرد کە پێکەوە یارییان کردووە و گوتی، "ناوی ناجی ئیسحاق بوو، بە دڵگرانییەوە گوندەکەیان جێهێشت و چوونە ئیسرائیل. ئەوان کاتێک دەرکران، هەموویان زۆریان پێیان ناخۆش بوو، ئێمەش وەکو خەڵکی گوندەکە دڵگران بووین، لەم گوندە کەسێک هەبوو بەناوی ‌‌حاجی قادر ئاغا، کەشوهەوایەکی وای دروستکردبوو کە ئێمە هەموومان وەکو یەک نەتەوە لەم گوندە بژین کە جیاکاری نەدەکرد لەنێوان پێکهاتە ئایینییەکان."

ئەحمەد ساڵح، مێژووناس کە هاوکات خەڵکی گوندی شووش ـە، ئاماژە بەوە دەکات، "شووش گوندێکی کۆنی ئەم دەڤەرەیە. لە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام بوونی هەبووە و چەندین ئایین پێکەوە تێیدا ژیاون، لەوانەش (میترایی، جوو، زەردەشتی، کریستیان). دوای هاتنی ئایینی ئیسلام لەم گوندە کریستیان، جوو و موسڵمان بۆ چەند سەدەیەک بەبێ کێشە ژیاون."

ئەو مێژوونووسە باس لەوەش دەکات، "گوندی شووش یەکێکە لە نموونە هەرە جوانەکانی کوردستان لەڕووی پێکەوەژیان کە بە درێژایی مێژوو کێشەی کۆمەڵایەتی و ئایینی تێیدا رووینەداوە."


13-10-2022 2


13-10-2022 4

13-10-2022 5

13-10-2022 6

13-10-2022 8

13-10-2022 9

13-10-2022 10

13-10-2022 12

13-10-2022 14

 

سەرچاوە : سەنتەری میترۆ