چەند رۆژێکە ناکۆکی و ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر میکانیزم و شێوازەکانی پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە گەیشتووەتە ئاستێک کورد واتەنی خەریکە (ریسەکە ببێتەوە بە خوری). ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بەچڕی باسی ئەوە دەکرێت گوایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان کە چەند ساڵێکە لە هەوڵی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندان، نیگەرانییان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەڕەشەی ئەوەیان کردبێت کە کۆمەک و هاوکارییەکانیان رادەگرن ئەگەر لە ماوەیەکی کورتی دیاریکراودا، هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان یەکنەخرێنەوە.
هەرچەندە هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی نە لەلایەن هاوپەیمانەکان و نە لە هیچ ناوەندێکی هەرێمی کوردستانەوە بڵاونەکراوەتەوە، ئەوە بسەلمێنێ کە درێژەپێدانی کۆمەک و هاوکاریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی نێو هاوپەیمانی بەسترابێتە ئەو مەرجەوە، بەڵام بەپێی زانیاریی دزەپێکراوی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانن لەوەی هێزی چەکدار لەژێر هەژموون و فەرمانی کارەکتەرەکانی دەرەوەی جومگەی حوکمڕانیدان. نیگەرانن لەوەی پرۆسەی چاکسازی لەناو هێزی پێشمەرگە بەباشی بەڕێوەناچێت. هەوڵەکانی رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و بەستنەوەیان بە وەزارەتەوە، هەر دەستی دەستییان پێدەکرێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگە راستی و ناڕاستی ئەوە نییە کە ئایا هاوپەیمانەکان هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانیان کردووە، یاخود نا. ئەوەی پێویستە وەک راستییەک لێی تێبگەین ئەوەیە نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا ناتوانرێت ئومێد لەسەر ئەوە بونیادبنرێت بەهیچ میکانزمێک ئەم دوو هێزە چەکدارە یەکبخرێن. هۆکارەکانیشی یەک و دووان نین، تا چارەسەربکرێن. هەر لە بنەڕەتەوە بونیادی ئەم دوو هێزە لەسەر بنەمای دوو ستراکچەری جیاواز و دژ بەیەک دروستکراون. نە دەتوانرێت هەلومەرجی خۆی و بابەتی دروستبکرێت بۆ خۆشکردنی زەمینەی یەکخستنیان، نە هەردوو هێزی سیاسیی خاوەن ئەم دوو هێزە چەکدارەش متمانەی ئەوەیان بەیەک بۆ دروست دەبێت تا دەستبەرداری چەکەکانیان بن. نە کوردستانیش وا بەئاسانی دەبێت بەخاوەن دامەزراوەی دەستووریی و یاسایی هێندە بەهێز کە بتوانێت رێگری لە بوونی چەک بکات لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی.
ئەزموونی رابردووش ئەوەی سەلماندووە کە لە باشترین هەلومەرجەکانی دوای راپەڕین و دروستکردنی بناخەی حوکمڕانی خۆبەخۆی کورد، هەروەها لەدوای کەوتنی سەدام و ئەو بارودۆخە زێڕینەی لە عێراق بۆ کورد دروستبوو. لە هەردوو ئەم قۆناخانەدا هەوڵی زۆر دران و توانای زۆر لەو پێناوەدا خەرجکران بۆ ئەوەی هێزی چەکداری هەردوو حیزبەکە بکرێن بەهێزێک سەر بە دامەزراوە شەرعی و دەستورییەکانی حوکمڕانی کوردی بن، بەڵام سەرئەنجام بێئەنجام بوون.
لەگەڵ هۆکارە بابەتی و ناوخۆییەکان، دەبێ ئەو راستییەش بگوترێت بەهۆی ئەوەی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی بووەتە هۆکار بۆ دابەشبوونی کورد بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتییەکاندا، بە ئەندازەیەک گرێدراوی تەرەفە دەرەکییەکان بوون، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەدەستی خۆیاندا نەماوە. بەتایبەت بۆ پرس و بابەتێکی هەستیار و چارەنوسسازی وەک دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی بۆ کوردستان، مەحاڵە بهێڵدرێت هەنگاوەکان بەئاراستەیەکی دروستدا بڕۆن.
لەخۆڕا نییە ئەوکاتانەی مەترسی و هەڕەشەکان لەسەر کوردستان زیاتربن، لەبری ئەوەی هێزە سەرەکییەکان یەک هەڵوێست و یەکگرتووبن، ئەو ساتانە زیاتر بەرۆکی یەکدی دەگرن. ئێستاش کە بەرۆژی رووناک و بەبەرچاوی خودا و خەڵکەوە پیلان لە کورد دەگێڕدرێ، مەترسی و هەڕەشەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ئەوەی بەدەستهێندراوە لەناو ببرێت، لەم چرکەساتە هەستیارەدا ناکۆکییە ناوخۆییەکان قوڵتر دەکرێنەوە، لەم چرکەساتەدا ململانێکان دەبرێنە ناو هێزی پێشمەرگە و مەترسی ئەوە دەکرێت هاوشێوەی ساڵی 1994 هەیکەلەی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە هەڵبوەشێندرێتەوە. باوەڕم وایە هاوپەیمانەکانیش لەخۆمان باشتر لەم راستییە تێگەیشتوون. دەشزانن بێدەربەستی و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتیی گشتی لە ناوەندەکانی بڕیاری هێزە سیاسییەکان لەچی ئاستێکدایە. بۆیە ئەگەر مانەوەیان لەپشتی کوردستان و درێژەدان بە کۆمەکیان بۆ کورد ببەستایەتە مەرجی یەکڕیزیی کوردەوە، لەمێژبوو بەجێیان هێشتبووین.
ئەوان سیاسەت بۆ خۆیان دەکەن، تا کوێ پێویستبوو لەگەڵمان بەردەوام دەبن و کە بەرژەوەندییان لەوەدابوو جێمان بهێڵن، رێگەی گەڕانەوەیان ئاسانە. خۆ ئەگەر هێشتا لەو راستیە تێنەگەیشتوون، دەبێ حاڵی بکرێن پێویست ناکات رەنجی خۆیان بەبا بدەن. ئەوان ئەگەر مەبەستیانە کوردستان هێزێکی نیشتمانی هەبێت لە دەرەوەی هێزی حیزبی، هەر بەو چەک و کۆمەکە داراییەی پێشکەشی دەکەن دەتوانن هێزی چەکداری سێیەم دروست بکەن کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێت، بەڵام هاوپەیمانان و ئەمریکاش ئەوەی تائێستا کردوویانە هەر ئاویان کردووەتە ئاشی بەهێزکردنی ئەو دوو هێزە چەکدارەی پارتی و یەکێتییەوە.
هاوپەیمانان و لە سەروی هەموویانەوە ئەمریکا، ئەگەر مەبەستیان بووایە هێزێکی یەکگرتوو یان هێزێک دروستبکەن هەژموونی حیزب و کارەکتەری سیاسیی حیزبەکانی بەسەرەوە نەبێ، دەیانتوانی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لە دەرەوەی میکانیزمەکانی پارتی و یەکێتی، بۆ دروستکردن و دامەزراندنی چەندین لیواو یەکەی تایبەت، دەرگەی دامەزراندنیان بۆ گەنجان بکردایەتەوە بەبێ پێویستی پشتگیریی لق و مەڵبەند. بەوەش دەیان هەزار گەنج دەچوونە ریزی سەربازییەوە کە پابەندێتیان بۆ حیزب نەبێت، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانان پشتگیری و پشتیوانیی ئەو رێکارانەبوون کە تائێستاش ئەگەر گەنجێکی کورد بیەوێ ببێتە چەکدار لە ریزەکانی سوپای کوردستان، دەبێت یان ببێتە پارتی یان یەکێتی. ئەگینا چەند دڵسۆزی وڵاتەکەی بێت، چەند نیشتمانپەروەربێت، چەند ئازا و بەجەرگ بێت، بیەوێ لەپێناو پارێزگاری لە کوردستان شەهیدبێت. تا نەبێت بە ئەندامی پارتی یا یەکێتی رێگەی پێنادرێ سەربازی نیشتمانەکەی بێت.
سەرباری بوونی قەیرانی دارایی، سەرباری ئەوەی دەیان هەزار خوێندکار زانکۆیان تەواوکردووە و بێکارن و دانامەزرێن، بەڵام لە 10 ساڵی رابردوو بۆ ئێستا هەزاران کەس لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بەهەمان ئەو میکانیزمانەی پێشوو دامەزراون. رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی دەزگە جۆراوجۆرە ئەمنی و سەربازییەکانی حیزبەکان لە فراوان بووندان. ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە نیەتی راستەقینە نییە بۆ دروستکردنی هێزی چەکداری ناحیزبی، چونکە هیچ هەنگاوێک بەو ئاراستەیە نەنراوە کە لەسەربنەمای تەمەن و تواناو لێوەشاوەیی، بێ جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی دەرفەتی یەکسان بۆ ئەو گەنجانەی کوردستان بڕەخسێندرێت کە ئارەزوو دەکەن لە ریزی سەربازی و دەزگاکانی ئاسایش خزمەتی نیشتمان بکەن.
لەبەر ئەوە هەقە واز لەوە بێنن هێزەکانی پارتی و یەکێتی یەک بخەن، چونکە ئەو پەروەردە حیزبییە و ئەو پرەنسیپە سەربازییەی چووەتە خوێنی تاک بەتاکی هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانەوە، هیچ کات چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت متمانەی پێکەوەبوون لەنێوانیان دروست بکرێت. بەهەر جۆرێک تێکەڵ بکرێن، لە سادەترین زەمینەی لێکترازاندا لێکجیادەبنەوە. بۆیە ئەوانەی لە خەمی ئەوەدان کوردستان خاوەن هێزێک بێت باوەڕدار بە کوردستان، نەک بە حیزب، دەبێت پێش هەرشت باوەڕ بەوەبهێنن ئەم هێزانەی ئێستا کەڵکی یەکگرتنیان نەماوە، دەبێت بیر لە میکانیزمی دروستکردنی هێزێک بکرێتەوە لە دەرەوەی ئینتیمای حیزبی.
جا ئیتر ئەگەر هاوپەیمانان و ئەمریکا بە راستیانە و دەخوازن کوردستان هێزێکی لەو جۆرەی هەبێت، یاخود لەناو دامەزراوەی حوکمڕانی کوردی و کارەکتەری سیاسی حیزبەکان، ئەو خەون و خەمەیان هەیە، رێگە راستەکە ئەوەیە رێگری لەوەبکەن تواناو ئیمکانیاتی حکومەت و کۆمەکی دەرەکی لە خەیاڵی یەکخستنی هێزی پارتی و یەکێتی بەهەدەر بدەن، دەبێت بەدوای دروستکردنی هێزێکی تازە دامەزراوی ناحیزبییەوە بن.
سەرچاوە : ڕووداو