پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر: مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو پێشانگەی کتێب دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایدەگەیێنێت، ساڵی داهاتوو لە مانگی ئاداردا پێشانگەی کتێب دەکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە 2020ـەوە لە هەولێر پێشانگەی کتێب نەکراوەتەوە.
سۆران قادر، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو لەگەڵ دەزگای مەدا-دا دانیشتین و گرێبەستمان کرد بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لە مانگی ئاداردا لە 2023/03/08 بۆ 2023/03/18 پێشانگەی کتێب بکرێتەوە."

بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، "زۆر لە خەمی ئەوەداین کە پێشانگەی کتێب لە هەولێر بکەینەوە."

سۆران قادر گوتی: "ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە پێشانگە داخرا ئیتر لەو کاتەوە پێشانگەی کتێب نەکراوەتەوە. ساڵی 2021ـیش کۆمپانیای رێکخەری پێشانگەی کتێب ئامادە نەبوو بیکاتەوە، چونکە ئەو ناوەند و کتێبفرۆشییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن، لەبەر کۆرۆنا رێگەیان پێ نەدەدرا کە بێن و ئەمساڵیش کەوتە رەمەزانەوە بۆیە نەکرایەوە."

بەشێکی ئەو دەزگا و ناوەند و کتێبفرۆشییانەی لە پێشانگەکانی پێشوودا بەشدارییان کردبوو گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ئەو شوێنەی دەیاندرێتێ نرخی مەتر دووجایەکی زۆرە و ئەوە وادەکات نەتوانن داشکاندنی زۆر بۆ کتێبەکانیان بکەن. 

بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتی: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر نرخی شوێنەکان بۆ فرۆشیاران دیاری ناکەین و دەزگای مەدا نرخەکان دیاری دەکات. ئێمە ئاسانکاریی تەواو بۆ دەزگای مەدا دەکەین و پێمان گوتوون کە بە نرخێکی یەکجار هەرزان و گونجاو شوێن بدەنە هەموو کتێبخانە بەشدارەکان. ئێمە زۆر گوشاریان لێ دەکەین کە بە نرخێکی زۆر گونجاو شوێن بدەنە کتێبخانەکان بۆ ئەوەی کتێبخانەی زۆر بەشداری بکەن." 

گوتیشی: "ساڵانە لە مانگی 10 و 11دا بەرنامە بۆ ساڵی نوێ دادەنێین. هیوادارین بتوانین لە ساڵی نوێدا بەرنامەکەمان وەک خۆی جێبەجێ بکەین، چونکە رووداوەکانی وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان لەسەر پێشانگەکان دەبێت." 

سۆران قادر ئاشکرایشی کرد، دەیانەوێت لە مانگی چواردا بۆ رەمەزان فێستیڤاڵێک بکەن کە یەکەم جارە فێستیڤاڵێکی وا گەورە بکەن کە ئێواران دوای بەربانگ تاوەکو درەنگانی شەو بەرەوام بێت. 

بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر باسی لە پێشانگەیەکی کشتوکاڵی کرد و گوتی، بۆ مانگی 11ی ئەمساڵ پێشانگەیەکی گەورەی کشتوکاڵی دەکرێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا لە ئەڵمانیاوە بەشدارییان کردووە. 

 

سەرچاوە: rudaw- جووتیار قارەمان