بەڕێوەچوونی پێشانگای وێنە کۆنەکانی سنە بە بۆنەی "ڕۆژی سنە"

بە پێی ڕاپۆرتی هاژە، پێشانگای وێنە کۆنەکانی سنە بە بۆنەی "ڕۆژی سنە" بە هاوکاری شارەداری و شووڕای شاری سنە لەگەڵ نووسینگەی یۆنسکۆ لە شوێنی گالێری سوورەی پەردیسی سینەمایی بەهمەن بەڕێوەدەچێت.

وێنەکانی پێشانگای وێنە کۆنەکانی سنە لە کتێبی "ئاڵبۆمی سنە" لە نووسین و کۆکردنەوەی حامیدی شەریعەتی وەرگیراون.

لەم پێشانگایەدا 51 وێنەی کۆنی شاری سنە لە نێوان ساڵەکانی 1260 تا 1357هەتاوی کۆ کراونەتەوە و وەبەر دیدی ئامادەبووان نندراون.

حامید شەریعەتی نووسەری کتێبی "ئاڵبۆمی سنە" لەسەر ئەم بەرهەمە بە هەواڵدەرییەکانی گووتووە: کتێبەکە لە 275 لاپەڕە پێک هاتووە کە هەشت بەشی نەخشە کۆنەکانی سنە، زانایان و ناوداران، کاربەدەستان، میران و خانەکان، بازاڕیان و کاسبکاران، هونەرمەندان، وەرزشوانان و سکە کۆنەکانی سەردەمی پێشوو لەخۆ دەگرێت.

شەریعەتی لەمەڕ شێوەی کۆکردنەوە و نووسینی دەیتا و وێنەکان ڕایگه‌یاندووە: ئەم کتێبە لەماوەی 5 ساڵاندا بە شێوەی کاری مەیدانی و دیدار لەگەڵ بنەماڵە کۆنەکانی سنە کە وێنەی سەردەمی پێشوویان لە ئاڵبۆمەکانی خۆیاندا هەبووە، کۆ کراونەتەوە.

لەم کتێبەدا کۆنترین وێنەی کەسایەتیی هی ئەمانۆڵڵا‌خان و سەنجرخان لە ساڵی 1282 و لەبەشی سکەکان، سکەکانی سەردەمی قاجار لەساڵی 1244ی کۆچی مانگی لە خۆ دەگرێت.

شایانی ئاماژەیە پێشانگاکە هەموو ڕۆژە لەکاتژمێر 16 تا 20ی ئێوارە لە گالێری سوورەی پەردیسی سینەما بەهمەن بەڕێوە دەچێت و تا 10ی بانەمەڕ بەردەوام دەبێت.

 

 

سەرچاوە: haje