پیسبوونی ژینگە چییە؟

ئا: دیانا ئەحمەد

پیسبوونی ژینگە یەكێكە لەو گرفتە جدیانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، كە پێویستی بە هەوڵدانی زۆر هەیە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی، نەك تەنها لەسەر مرۆڤ، بەڵكو لەسەر هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر ئەم هەسارەیە لەگەڵ مرۆڤ بە هاوبەشی دەژین.

جۆرەكانی پیسبوونی ژینگە 
*پیسبوونی هەوا: پیسبوونی هەوا روودەدات كاتێك ماددە زیانبەخشەكانی تێكەڵ دەبێت، وەك مۆنۆكسایدی كاربۆن، دی ئۆكسیدی سوفۆر، ئۆكسیدی نیترۆجین، ئۆزۆن، پیسبوونی هەواش بەهۆی كارەساتە سروشتییەکانەوە دروستدەبێت وەك ئاگرکەوتنەوەی نێو دارستانەکان و گڕكان یان بەهۆی چالاكییە مرۆییەكانەوە کە ژینگە پیس دەکەن، وەك دووكەڵی سووتانی سووتەمەنیی و سووتەمەنی ئۆتۆمبێل و کارگەکان..هتد.
*پیسبوونی ئاو: پیسبوونی ئاو مانای گەیشتنی هەندێك مادەی زیانبەخشە بۆ نێو پێکهاتەی ئاو، هەر یەك لە: رووبار، ئۆقیانوس، دەریاچەكان، جۆگە، ئاوی ژێر زەوی..هتد كە تایبەتمەندییەكانیان دەگۆڕێت، نموونەكانی ئەو ماددانەی پێکهاتەی ئاو پیس دەكەن بریتین لە: پاشەڕۆی گازەكان، پاشەڕۆی خۆڵ و خاشاک، ماددە كیمیاییە ژەهراوییەكان، نەوت..هتد.
*پیسبوون بە ژاوەژاو: واتە دەنگی بەرز یان نەخوازراوەكان كە كاریگەریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، چڕی ژاوەژاو لە دیسبێلەكاندا دەپێورێت، پیسبوونی ژاوەژاو پەیوەندی هەیە بە پەرەسەندنی پیشەسازی و چالاكی بیناسازی و ئامرازەكانی گواستنەوەی وەکو هەر یەك لە فڕۆكە، شەمەندەفەر و ئەوانی تر.
*پیسبوونی خاك: خاك لە ئەنجامی تێكەڵبوون بە ماددە كیمیاییەكان یان ماددە زیانبەخشەكان پیس دەبێت، بێگومان پیسبوونیش بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ روودەدات، لە ئەنجامی چالاكییەكانی مرۆڤ وەك هەر یەك لە: چالاكی پیشەسازی، كاری كشتوكاڵی، فڕێدانی پاشەڕۆ لەسەر زەوی، ئەمانە هۆكاری سەرەكین بۆ لەناوبردنی ژینگە.
پیسبوون بە رووناكی: پیسبوون بە رووناكی لە ئەنجامی بەكارهێنانی بڕێكی زۆر لە رووناكی دەستكرد لە شەودا روودەدات، كە كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و بەكارهێنانی وزە زیاد دەكات و رێگری دەكات لە توێژینەوەی گەردوونناسی *پیسبوونی تیشكدەر: لە ئەنجامی دزەكردنی ماددە تیشكدەرەكان بۆ ناو هەوا یان ئاو یان خاك روودەدات لە ئەنجامی چالاكییەکانی مرۆڤ، وەك ئۆپەراسیۆنی كانزای یۆرانیۆم، هەروەها فڕێدانی نادروستی پاشەڕۆی ئەتۆمی، یان بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی کە یەكێكە لە مەترسیدارترین هۆکارەکان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و پیسبوونی ژینگە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە. 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ

 

#کەشتیی نـــوح