پیرەمێرد گێڕایەوە وتی: حاجی ئەوڵا گۆجەی...

پیرەمێرد گێڕایەوە وتی:
حاجی ئەوڵا گۆجەی دراوسێمان بەبێ زیاد و کەم بیست و حەو ژنی هێنابوو، لەم دواییەدا ژنێکی تەڕپیری عەیاری هەبوو، ژنەکە مێردی زۆرتر دیبوو! شەوێک ژنە دائەنێ ئەڵێ: تو خوا وەرە با، بە ڕاست حسابی قسمەتی خۆمان بکەین. توورەکەیەک گوێز دائەنێ، لە پێشا خۆی ئەڵێ: هەوەڵ ژنم وێڵەدەری بوو، جوێ بووینەوە، وتی: لە وێڵەدەر شایی و هەڵپەرکێ بوو، لە تەنیشت بێوەژنێکی نازکۆڵەوە بووم، دەستێکی نەرم و شل و لاڕانێکی خڕ و خۆڵی بوو، هەموو جار دەستمی لێ هەڵئەخلیسکا پاش هەڵپەڕکێ ڕاستەوڕاست خوازبێنیم لێ کرد و ڕێک کەوتین، هەر ئەو دەمە بردمە لای مەلا حەمەی مام عەزیز و ئەمینی گوڵەندامم برد بۆ شاهیدی، مارەم کرد و لەگەڵ خۆم هێنامەوە، گوێزێک لە هەمانەکە کە دێنێتە دەرێ و دای ئەنێ و ئەڵێ من ئەمە یەک.

ئافرەتیش ئەڵێ: من ئەسڵم «چەمەکی» یە، کچ بووم چووین بۆ مازوو چنین، کوڕێکی دراوسێمان بوو عەولی ناو بوو حەزی لێ کردبووم، ڕۆژێ لە کەژ هاتینەوە گەیشتینە کوێرە شیوێک، پەنا بوو، من وتم: ماندووم لێرە تۆزێ ئەحەسێمەوە تۆ بڕۆ. تێفکریم. هات لام دانیشت و وتی: چۆنت بەجێ دێڵم. سا شەیتان هەر دووکمانی تەفرە دا و قەوما. ئیتر هەر لەوێوە نەچووینەوە ئاوایی پێکەوە چووین خۆمان کوتایە ماڵی شێخ عەلی مزگەوتە، لەوێ لێکیان مارە کردین، من کارەکەر و ئەویش خزمەتکار، ئەویش گوێزێکی لە هەمانەکە دەرهێنا و لەبەر دەم خۆیا دای نا، وتی: منیش ئەمە یەک!
لەو یەک و لە من یەک، من بیست و حەوت ژنەی خۆمم تەواو کرد، ئەو گەیاندییە سی و یەک! ناچار حاجی ئەڵێ: ئافرەت تۆ لێرە دانیشە من چوار گوێز قەرزاری تۆم، وا من ئەچم ئەگەڕێم تا چوار ژنی تر دێنم ئینجا تای تەرازووی ژمارەی گوێزمان وەک یەک ئەوەستێ!