پرۆژەی بنیاتنانی تواناکان، لە پرۆژەیەکی پەروەردەیی فریاگوزارەوە بۆ لاشەیەکی بێ گیانی بە فۆرمکراو

هەروەک هەموومان ئەزانین پرۆسەی پەروەردە لە قەیرانێکی زۆر جدی و ناهەموار دایەو ملی ڕێی گرتوە بەرەو هەڵدێر خلۆر دەبێتەوە و نزیک بە چاڵی مەرگ بوەتەوە. دیارە بۆ وای لێهاتوە هۆکار زۆرە، هەر لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ئێرانەوە تا شەڕی دوەمی کەنداوو دواتر ڕاپەڕین و ناجێگیری بارودۆخی وڵات و بایکۆتی سەر عێراق و ڕوخاندنی ڕژێمی عێراق و دەستەڵاتگرتنە دەستی کۆمەڵێک حیزبی مەزهەبی و ئاینی و بەناو عیلمانی و نەتەوەیی لەگەڵ یەکتردا نەگونجاو کە هەریەکەیان بۆ مەبەستی تەسکی حیزبی خۆی کۆی لە هیچ شتێک نەکردوەتەوەو سەرو سامان و پیرۆزییەکانی ئەم وڵاتەیان نەهێشتوەو تاڵان فرۆشیان کردوە. حوکمێکی لەو جۆرە کەی ئاگای لەپەروەردەیەو چۆن هەوڵی چاککردنی ئەدات؟ 

لە گەرمەی ئەم قەیرانەداو لەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتەوە ،و وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پرۆسەیەکی پەروەردەیی فریاگوزاری لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ڕاگەیەنرا ،بەناوی پرۆسەی بنیاتنانی تواناکانەوە کە یەکێتی ئەوروپا سپۆنسەری بوو ڕێکخراوی بریتیش کاونسڵ ێش جێبەجێکاری بوو. مەبەستی سەرەکی ئەم پرۆژەیە گیان بەبەردا کردنەوەی پرۆسەی پەروەردەو دوبارە ژیاندنەوەی بوو.

کرۆکی پرۆژەکە بەهاناوە هاتنی پرۆسەی پەروردە وئاسودەکردنی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و بەخێوکەرانی خوێندکاران بوو لە ڕێگەی کرداری خودهەڵسەنگاندن و پلانی پەرەپێدانی پەروەردەییەوە. پرۆسەکە بەکرداری خودهەڵسەنگاندنێکی زانستیانە دەستپێدەکات کە پشت بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا ببەستێت و دوربێت لە هەموو مجامەلەکردنێکی خودەوە،دیارە ئەم خودهەڵسەنگاندنە سەرجەم کارەکتەرەمەیدانیەکانی پرۆسەی پەروەردە دەگرێتەوە، لە سەرپەرشتیارەوە دەستپێدەکات و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان و مامۆستایان و ڕێنماییکەری پەروەردەییش دەگرێتەوە و. بێجگە لە کرداری خودهەڵسەنگاندنی ناوەندەکانی خوێندنیش لە لایەن لێژنەی پەرەپێدانی ناوەندەکەوە و بە هاوڕێیەتی سەرپەرشتیارێکی مقیم لە ناوەندەکەدا بەناوی سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر. سەرجەم خودهەڵسەنگاندنەکان بەپێی کۆمەڵێک ستانداردی تایبەتی بە هەر یەکێکیانەوە ئەنجام دەدرێت.

دیارەکرداری خودهەڵسەنگاندنی زانستی دەبێت کۆمەڵێک سەرچاوەی بەڵگەی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت کە بریتین لە و بەڵگانەی لە تۆمارەکانەوە  یان لە سەرنج و تێبینیەوە یان لە گفتوگۆو ڕاپرسی ودیراسەکردنەوە  دەستدەکەون، دەشبێت بزانین کردەی خودهەڵسەنگاندن بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزو لاوازەکانی خودە، چ وەک تاک یان وەک دامەزراوە،پاشانیش دانانی پلانی پەرەپێدانی بۆ سەرجەم تاکەکانی ناو ناوەندەکانی خوێندن و خودی ناوەندەکەش خۆیەتی،بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی لایەنە لاوازەکان و گەیاندنیان بە ئاستی ستاندارد.بێجگە لە کارکردن بۆ بەهێزهێشتنەوەی ستانداردە بەهێزەکان.

بە پێی ئەم پرۆژەیە پلانی پەرەپێدان بەپێی ئەولەویەت بۆ ستانداردە لاوازەکان دادەنرێت ،سەرەتا ئەو ستانداردانە دەخرێنە بەرکار کە کارکردن تیایدا ئاسانە و ئیش تێداکردنی پشت بەسەرچاوە مرۆییەکانی ناوەندەکەی خوێندن دەبەستێت و سەرچاوەی دارایی زۆری ناوێت، پاشان و لە هەلومەرجێکی گونجاوتردا دەست بۆ کارەکانی تر ببرێت.چونکە بەپێی ئەم پرۆسەیە گرنگ ئەوەیە خەلکەکانی ناو ناوەندەکانی خوێندن ئاسودەبن، کەسوکاری خوێندکاران ئاسودەبن نەک بایەخ بە ڕوخساری دەرەوەی خوێندنگەکان بدرێت و ناواخن فەرامۆش بکرێت. گرنگ ئاسودە کردنی گیانە نەک بۆیاخکردن و پارەی زیاد سەرفکردن لە شتی ناپێویستدا و بەوەش ئەرکێکی قورس بخرێتە سەر کەسوکاری تەلەبە.

دیارە ئەگەر ئەم پرۆسەیە وەکو خۆی بخرێتەگەڕ لە ماوەی چەند ساڵێکدا بەرەو پێشچونێکی باش لەبواری پەروەردەدا بەدی دێتو ووردە وردە نەخۆشییەکانی پەروەردە شیفایان بۆ دەێت وزامەکان بەرەو ساڕێژ بوون دەچن. ئەم پرۆسەیە لەساڵەکانە ٢٠١٢ و٢٠١٣ تا ٢٠١٤ یش کاری باشی بۆکراو نزیکەی هەموو سەرپەرشتیاران خولی هاوڕێی ڕەخنەگر و دوایش هەڵسەنگاندنی دەرەکییان بینی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی تا ئەو کاتە خولی سەرکردایەتی و بەشێکی زۆری مامۆستایانیش خولی فێربوون و فێرکردنیان بینی،بە داخەوە سەرهەڵدانی داعش خولەکانی ڕاگرت و نەیهێشت تەواو ببێت. دوای داعش و قەیرانی دارایی سەرلەنوێ پرۆسەکە دەستی پێکردەوەو دەستکرا بە هەڵسەنگاندنی دەرەکی ناوەندەکانی خوێندن ،هەندێک هەڵسەنگاندن کراو کۆرۆنا هاتە کایەوەوبەداخەوە پرۆسەکەی ڕاگرت، ئەم ساڵ بریاردرا هەڵسەنگاندنی دەرەکی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێت و پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکەش لە کۆتاییدایە، ئەوەی دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت بەداخەوە پرۆسەکە گۆڕاوە بۆ پرۆسەیەکی مردووی فۆرم پڕکردنەوەو بە دەگمەن نەبێت هەڵسەنگاندنێکی وورد و زانستی نابینرێت،هەم لەوانەیە مجامەلەی زۆر تێدا بێت و هەمیش ناعەدالەتی تێدایە بەرانبەر هەندێک خوێندنگەو قوتابخانە،ئەوانەش لە کۆمەڵێک هۆکارەوە سەرچاوە دەگرن کە گرنگترینیان بەمانەی لای خوارەوە دەزانم.

١-باش تێنەگەیشتنن و بەهەند وەرنەگرتنی  پرۆژەکە لەلایەن زۆرێک لە سەرکردە پەروەردەییەکانەوە ،بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکاران وبەڕێوەبەری پەروەردەکان و سەرپەرشتیارە یەکەمەکان

٢- بە جدی وەنەگرتنی پرۆژەکە لەلایەن بەشێکی زۆر لە سەرپەرشتیارانەوە وهەندێکیان هەر باوەڕیان پێی نییەو بەڕێوەبەری خوێندنگەکانیشی لێ سارد دەکەنەوە.

٣-زۆرێک لە بەڕێوەبەرەکان یان خولیان نەبینیوە یان خولەکانیان بە جدی وەرنەگرتوە، یان ئەسڵەن باوەڕیان پێی نیە، تەنانەت هەندێک لە بەڕێوەبەرەکان یاریدەدەرەکانیان نەخستوەتە ناو پرۆسەکەوەو ئەندامی لیژنەی پەرەپێدانی مەکتەبەکە نین، هۆکاری ئەمەش زۆرن ،کە گرنگترینیان لێنەپرسینەوەیە لێیان چونکە کارەکان بکەن و نەکەن هەر بەڕێوەبەرن.

٤-پرۆسەکە بەتەواوەتی دانەبەزیوەتە ناو مامۆستایانەوە، کە دەزانین بڕبڕەی پشتی کارەکە ئەوانن، ئەوان ئەتوانن مەکتەب بەرەوپێش ببەن، ئەشتوانن وێرانی بکەن.هۆکاری ئەمەش یان سەرپەرشتیارانی هاوڕێی ڕەخنەگرە یان بەڕێوەبەرەکانن.

بۆیە پرۆسەکە گۆڕاوە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانی خود هەڵسەنگاندنی هەوایی و پلانی پەرەپێدانی بێکەڵک  و لەهەندێک مەکتەبدا بەقەرز هێنراوو چالاکی بێ سەرەوبەرەی کات بە فیڕۆدەرکە هیچ پەیوەندی بە ستاندارە لاوازەکەوە نیە و گرنگیدان بە هەندێک شتی ڕواڵەتی کە نەک لە خزمەتی پرۆسەکەو مەکتەبەکەدا نین بەڵکو ئەرکێکی قورسیشی خستوەتە سەر دایکوباوکان و بەخێوکەرانی تەلەبە.

بەپێی ئەم پرۆسەیە هەڵسەنگاندنی سەرجەم تاکەکانی ناو مەکتەب خراوەتە ئەستۆی بەڕێوەبەران، کە من لەگەڵیدام و دروستە بەڕێوەبەر مامۆستاو کەسەکانی تری ناو مەکتەب هەڵسەنگێنێت چونکە ئەو بەبەردەوام لەگەڵیاندایەو ئەیانناسێت، بەڵام ئەمە دوو خەلەلی دروس کردوە کە یەکەمیان ئەوەیە پرۆسەکە بۆ بەڕێوەبەران نوێیەو هەندێکیشیان لەوانەیە نەتوانن هەڵسەنگاندنی ڕاست و دروست بکەن بە چونە ناو پۆل و ئاستی زانستی مامۆستاکانیانو ئاشنا نەبن بە شێوازەکانی وانە وتنەوە ،دوەمیش ئەوەیە سەرپەرشتیار و مامۆستای لە یەکتر دوور خستوەتەوە کە سەرپەرشتیار دەیتوانی یارمەتیدەرێکی باشی مامۆستابوایە لە ڕوی چۆنێتی وتنەوەی بابەتەکە و شارەزایی بابەتەکەوە.

خدر مستەفا 
May 10, 2022

 

 

سەرچاوە: galawej