وەک ئەوەی هەم پەسەندم بکە

فارس نەوڕۆڵی

ژیان پڕە لە ئاڵۆزی پڕە لە مرۆڤی دووڕوو بێبار و هەلپەرست، لە هەمانکاتدا بەشی ئەوەش مرۆڤی سەر ڕاست هەیە بتوانین پێکەوە هەڵبکەین ،بەڵام ژمارەیان کەمن بۆیە پێویستە لەم فەزادا بەرامبەرەکەت وەک ئەوەی هەیە پەسەندی بکەی، واتە چاوەڕێ مەکە کەسێک باوەڕی سروشتی خۆی بگۆڕێ بۆ ڕازیکردنی تۆ، ئەگەر بتەوێ ژیانێکی دروست فەراهەم کەین ، خۆ ئەگەر کەسانێک بە خۆنواندن خۆیان دەگۆڕن بۆ دۆخێک وەک ئەوەی کە تۆ حەزت لێیە نەک وەک ئەوەی کە خۆیان هەن.

ئەم جۆرە مرۆڤانە هەلپەرستن خۆ ئەگەر کەسێک حەزبکات بەرامبەرەکەی وەک خۆی نەبێ وەک ئەوە بێ، کە ئەو کەسە بەدڵیەتی ئەوە ئەو کەسە یا نەخۆشە یا گەمژەیە، چونکە ئەو کەسانەی بە نواندن خۆیان دەگۆڕن لە هەلومەرجێکدا بەرژەوەندی نەما دەچێتەوە سەر سروشتی خۆی، یاخود ئەو جێگایەی بەرژەوەندی لێی هەیە. ئیتر لێرەدا کاک پرنسیپ وباوەڕ حزوری نیە، بۆیە نابێ خەڵک وەک ئەوەی تۆ دەتەوێ پەسەندی بکەیت، چونکە ئەگەر چی فەزاکەمان، ئەزمونەکانمان، هەلومەرجەکانمان، لەیەک بچن، بەڵام مەرج نیە بیرکردنەوەو تێگەیشتن و کەسایەتیمان یەک جۆربێت.

وەک مەولانا دەڵێ: (چی خولقاو هەیە هەمووی خۆیەتی ئەگەر تۆ توانای بینینت هەیە) کەواتە هەموو کەسێک وەک خۆی وەربگرە ڕێگا بدە باخۆی بێت، چونکە گەر ڕێگامان نەدا هەرکەس خۆی بێت ئەوا هەرگیز کەسی باش و خراپمان بۆ لەیەک جیا ناکرێتەوە. بۆیە وەها باشە من خۆم بم و تۆش خۆت.

 

سەرچاوە : خەندان