وەكو مەم و زین، ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن

مەم و زین لە ئاهەنگی نەورۆزدا یەکتریانناسی

مامۆستا جەعفەر


ئایا پێش 300 ساڵ چۆن كورد ئاهەنگی جەژنی نەورۆزیان گێڕاوە؟
بەگوێرەی گێڕانەوەی شاعیری مەزن ئەحمەدی خانی بێت: لە جەژنی نەورۆزدا، خەڵك بۆ دەشت و دەر رۆیشتوون. 
كوڕان جلی ژنانەیان پۆشیوە و كچانیش جلی كوڕانە، دەستە دەستە كوڕ و كچ بە سواری ئەسپ لە گەڵ یەكتریدا تێكەڵاو بوون. مەم و زین لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا چاویان بە یەكتری دەكەوێت و عاشقی یەكتری دەبن .
لە وڵاتانی ئەوروپا، ساڵانە جەژنی كەرنەڤال و فاشینگ هەیە: كوڕان جل و بەرگی ژنانە و سەیر و سەمەرە لەبەر دەكەن، كچانیش جلی پیاوان و خوارووی ئەفریقا و چین و ماچین لەبەر دەكەن. 
ئاهەنگی نەورۆزی كۆنی كورد چەند لە ئاهەنگی جەژنی كەرنەڤال و فاشینگی ئێستای ئەوروپا و ئەمریكا و ئەمریكای لاتینیەوە نزیكە، تایە و زبڵ سووتاندن دواكەوتووترین شێوەی ئاهەنگ گێڕان و ژینگە پیسكردنە .
ئاهەنگی ئۆسترنی Ostern ناوەڕاستی ئەوروپا، كۆتایی مانگی ئازارە یان سەرەتای نیسانە. جووتیاران و دانیشتوانی گەڕەكەكانی قەراخ شار، چیلكە و چەوێڵی باخچەكانیان لە شوێنێكی دیاریكراودا كۆدەكەنەوە، ئەو ئێوارەیە ئاگرێكی گەورە دادەگیرسێنرێت، بەشێك سەمای خۆی دەكات و منداڵان یاری دەكەن، كاسبكارانیش گۆشتی برژاو دەفرۆشن و بەشێكیش شەربەت و كێك....هتد .
ئومێدەوارم حكومەت بە بڕیارێك تایە سووتاندن و تەق و تۆق و یاری ئاگرین قەدەغە بكات، بۆ ئاهەنگی مەم و زینی خانی بگەڕێتەوە.

 

سەرچاوە کوردستانی نوێ