وەسمان پاشای جاف پیاوێکی هەبوو «سلێمانی شانازی» ناو بوو، ئیشی ئەم پیاوە هەر ئەوە بوو هەموو ڕۆژێ ئەچوو بۆ «بامۆک» لە ماڵی «میرزا ئەوڵا» ماستی ئەهێنا هیچی پاشماوە بەر نەئەکەوت، زۆریش تامەزرۆی ئەو ماستە بوو.
ڕۆژێک ئەکەوێتە سەر ئەوە کە شتێک بدۆزێتەوە لە ماستەکە بخوا و توێژەوکەشی نەشکێنێ، لەو گوێ سیروانە قامیش قەڵەم هەیە، قەفێکی لێ ئەبڕێ نووکەکەی وەک قەڵەم دائەدا لە گۆشەیەکییەوە بە هێواشی دای دێڵێتە بن جامەکە، ماستەکە لە بنەوە هەڵئەمژێ تا تێر ئەخوا، لە سەریشەوە توێژەوەکەی ناشکێ.
ڕۆژێ پاشا ئەبینێ وا کاسە ماست لە ناوەوە پووچە، لێی خوراوە و توێژوەیش نەشکاوە، سلێمان بانگ ئەکا ئەڵێ: سلێمان ئەم ماستە لە بنەوە کێ خواردوویە؟ ئەڵێ: پاشا من ماستم هاوردگە توێژی نەشکیاگە، گەردی لێنەنیشتگە. پاشا ئەڵێ: ڕاست یێژی توێژی ها وەسەرەوە، لە شوێن خۆی، بەڵام لێشی خوریاگە، بڕوانە تەپیگە! ئەڵێ: پاشا مانگاکە بادارە، کە شیرەکەیان کردگە وە ماست باکەی داگیە لە ماستەکە، کە نەختێ لە توێژگەکەی لاچووگە بای ماستەکە دەرچووگە و چاڵ بووگە، نابینی هێلکە کە کەڵەشێر وەسەریا ئەتسێ، کاتێ کوڵاندیان شوێن تسەکە چاڵە!
پاشا ئەڵێ سلێمان ڕاستم پێ بێژە چ ئەفسونێکت کردگەسە کار؟ وە سەری تایەر بەگ ئەگەر ڕاستم پێ ێیژی خەڵاتت ئەکەم. ئەڵێ: پاشا پێشەکی ئەمر کە خەڵاتەکەم بدەنێ، ئینجا ئەو مەراقەت وەک با لە سک دەرئەکەم! پاشا ئەمر ئەکا خەڵاتی ئەدەنێ، ئەوسا «نەیجە» کە لەبەر پشتێنەکە دەردێنی و پاشا فێری ماست خواردن بە «نەیجە» ئەکا!