هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی وڵاتانی بڵاوکردەوە و لەباسی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت، کوشتنی تەمومژاوی و دنەدراوی حیزبی زیادیکردووە و دوو پارتە گەورەکەی دەسەڵات دەستوەردان لە کاری دادگەدا دەکەن.
رۆژی دووشەممە 22-4-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە بە وردی باسی دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
لەبارەی کوشتنی هاوڵاتیان و بەرپرسانی حیزبی و سەربازییەوە لە هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی تەمومژاوی لە رووداوی تەقەکردندا دەکوژرێن زیادیکردووە. بەبێ ئەوەی تەقەکەرەکان و لایەنی بەرپرس بە روونی ئاشکرابکرێن.
هاوکات باس لە دۆخی دادگەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و ئاماژە بەوەکراوە، ئازادیی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان لە ژێر پرسیاردایە و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستوەردانی راستەوخۆیان لە دادگەکان و بڕیاری دادوەران هەیە.
لەبارەی مافی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانییەوە راپۆرتەکە دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان چالاکوان و رۆژنامەنووسان بە هەڕەمەکی و بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێک درابێتە پاڵیان زیندانی دەکرێن. هەر دواتریش بەبێ روونکردنەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئازاددەکرێن.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، تەنیا لە نیوەی یەکەمی 2023دا زیاتر لە 99 توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
لەبارەی مافی ژنانەوە راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، لە 2023دا 30 ژن بە بەهانەی شەرەف لەلایەن کەسانی نادیار یان کەسوکاریانەوە کوژراون. هاوکات باسیش لەوە کراوە، زیاتر لە 2 هەزار و 644 ژن و پیاوی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون، هێشتا چارەنووسیان نادیارە و ونن.
هاوکات باسیش لەوە کراوە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن زۆرن، بەڵام 75٪ی ژنان لە ترسی تۆڵەکردنەوە ناوێرن داوا لە پۆلیس تۆماربکەن.
لەبارەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە روویان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە راپۆرتەکە دەڵێت، ژمارەیان 297 هەزار کەسە و 99٪یان لە هەرێمی کوردستانن. لەو ژمارەیەش 66٪یان لە شارەکان دەژین و 34٪یشیان لە 10 کامپی هەرێمی کوردستاندان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە راپۆرت لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهان پێشکێش دەکات و ئەو خاڵانەی باسکران کورتکراوەی گرنگترین باسەکانی راپۆرتەکە بوون لەبارەی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە : هاوڵاتی