وەرچەرخان -د.ساماڵ مانی

د.ساماڵ مانی

 

'گێرسوو'، ناوی ئەو شانشینەیە کە ماناکەی بە وەرچەرخان یا گێڕسوڕان وەردەگیرێت بۆ نموونە لە زمانی کۆرسیکایی- ئەو دوورگەیەی سەر بە فەرەنسایە بەڵام خۆیان بە فەرەنسیی نازانن و دەیانەوێت لە فەرەنسا جیا ببنەوە. شارەزای زمانی دێرینی میسۆپۆتامیا نیم جارێ لەبەرئەوە خۆم لاداوە لە لێکدانەوەی ماناکەی لە میسۆپۆتامیا و گرێدانەوەییم بە زمانی ئێستامانەوە.


 پرۆژەی گێرسوو هەر بە ناوی شاری گێرسوو-ی دێرینی میسۆپۆتامیاوەیە، شاری 'شا گێرسوو'ی شانشینێکی ناو میسۆپۆتامیا،  شارێک پڕ لە نووسین -پڕ لە کیونیفۆرم- شوێنەوارێکی گرنگیی ئارکیۆلۆجییە و دۆزینەوەی کیونیفۆرمی زیاتر باسی زیاتری میسۆپۆتامیامان بۆ دەگێڕێتەوە، زانیاری زیاترمان لەو مێژووە دەخاتە بەردەست.
 پرۆژەکە هی ئەمڕۆ و سەرەتای ئەمساڵ نیە، ماوەیەکە تیمی ئەو پرۆژە شوێنەوارناسییە لەوێ ئیش دەکەن، پرۆژەی 'سەباستیان ڕەی' یە و لە ژێر ڕێنمایی ئەودان. تا ئێستا سەدان کیونیفۆرمی نوێیان دۆزیەوەتەوە و دۆکیمەنتیان کردوون،  ئێستا خەریکی وەرگێڕانیانن، ئەوەی دەیدۆزنەوە وێنەی دەگرن و دەینێرن بۆ موزەخانەی بەریتانی لە لەندەن بۆ وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانی ئێستامان. کەی وەرگێڕانەکانمان کەوتە دەست، زیاتر لە سەر شانشینی گێرسوو دەزانین، هەروەها لە ڕێی نووسین و گێڕانەوەکانی ئەوانەوە لەسەر شانشینەکانیتری ناو میسۆپۆتامیا و مێژوو، بەریەک کەوتنیان، ڕوودانەکان و بیرکردنەوەکانی ناو میسۆپۆتامیا دەزانین.


  هەموو ئەمە، هەم بیرۆکەکە و هەم سەرەنجامەکەی، باش و بەسوودن بۆ کامڵکردنی ئەوەی زانراوە لەبارەی میسۆپۆتامیا، لە ڕێی هەڵدانەوەی زیاتر و دۆزینەوەی بەڵگەی زیاتری ئەو شارستانیەتە مەزن و بەرفراوانە، کە مێژووی ئێمەیە.

 ئەوەی لەم پرۆژەیەدا  زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا، ئەوەیە کە ئەم پرۆژەیە و پرۆژەی هاوچەشنی ئەمە، دیاردەی ویستی هەڵدانەوەی نوسینەوەی مێژووی میسۆپۆتامیان، نەک تەنها هەڵدانەوەی ئەوەی فڕێدراوە و بەجێماوە لە شوێنەوارناسانی دوو سەدەی پێشتر. ئەگەر بەو مەبەستەش پرۆژەکان دروستنەکرابن یان بەڕێوە نەچن.
ئەم جۆرە پرۆژانە گرنگن، هەوڵێکن بۆ نزیکبوونەوە لە کامڵکردنی زانین و زانیاریمان لەسەر میسۆپۆتامیا و شوێنەوارەکانی میسۆپۆتامیا. لەگەڵ ئەوەدا، تێڕوانینی نوێ و کەمێک جیاوازتر دروست دەکات، یاریدەی  گۆڕانکاریی تا ڕادەی ڕەتکردنەوەی هەندێ لەو بۆچوونانەی پێشتر دەبن کە لەبەر کەموکورتی لە بەڵگەکان- دۆزراوەکان، یان لەبەر گرنگی نەدان بە هەندێکیان و فڕێدانیان بۆ ناو خۆڵی پاشماوەی هەڵدانەوەکان بۆ زیاتر لە سەدەیەک، گەیشتوونەتە سەرەنجام؛ هەندێک لەو سەرەنجامانە بە خراپی بەسەر کورد دا شکێنراوەتەوە.


پرۆژەی گێرسوو، بریتییە لە هەڵدانەوە و بەسەردا چوونەوەی ئەوەی بەجێماوە لە شوێنەوارەکان  تەنها لە شاری گیرسوو. بەتایبەتیش هەوڵی دۆزینەوەی ئەوەی گرنگیی پێنەدراوە یان فڕێدراون لەلایەن ئەوانەوە کە ئەرکی هەڵدانەوەی شوێنەوارەکانیان پێ سپێردرابوو لە ئینگلیز و فەڕەنسیەکان، لە کۆتایی سەدەی ١٩و سەرەتای سەدەی ٢٠دا، کە کاتی گەرمەی هەڵدانەوەی شوێنەوارەکانی میسۆپۆتامیا بوو.

 ئەمان بە تایبەت بە دوای ئەو پاشماوە شوێنەواریانەوەن کە ئەوانەیتر لە شوێنەوارناسان دوو سەدەی ڕابووردوو بەجێیان هێشتووە و گرنگییان پێ نەداوە، لە ئێستادا ئەوەی دەدۆزرێتەوە زیاتر لەناو پاشماوەی خۆڵی فڕێدراوی 'پاشماوەی پاشماوەکانن'.
تیمێکی پێکهاتووە لە ئارکیۆلۆجیست و شارەزایانی دۆزینەوە و تۆمارکردن و پۆلینکردن لە کتێبخانە مێژوویەکان دا ، لەوانە کتێبخانەی موزەخانەی بەریتانی لە لەندەن.
تیمەکەی گێرسوو یاریدە و بەشداریی هەندێ لە شوێنەوارناسان و شارەزایانی خەڵکی ناوچەکەی هەیە، ئەم پرۆژەیە بە هاریکاریی موزەخانەی بەریتانیا دەکرێت.
وا بڕیارە، ئەمان وەک شوێنەوارناسانی پێشتر نەکەن، ئەگەر شوێنەوارناسانی دوو سەدەی پێشتر ئەوەی دەیاندۆزیەوە دەیان نارد بۆ  موزوخانەکانی لەندەن و پاریس و ئەڵمانیا و ئەستانبوڵ، ئەمان وا بڕیارە ئەوەی دەیدۆزنەوە لە موزەخانەی بەغدا داینێن.

 

سەرچاوە: زەمەن