رەمزی میرەكانی
وەكو ئاشكرایە ساڵ لە چوار وەرز پێكدێت، هەر وەرزێكیش سێ مانگە، بە گوێرەی ساڵی زایینی، وەرزەكان بەم شێوەیەن (زستان، بەهار، هاوین و پایز)، بەڵام بە گوێرەی ساڵی كوردی، كە رۆژی نەورۆز واتە 21 ئازار سەرەتای ساڵی كوردییە، وەرزەكان بەم شێوەیەن (بەهار، هاوین، پاییز و زستان).
جاران باوك و باپیرانمان لەبەر نەبوونی رۆژژمێر، خۆیان وەرزەكانیان لێكدەدایەوە و دەیانژمارد، بەتایبەتی وەرزەكانی زستان و هاوین، كە پەیوەستن بە كێڵانی زەوی و چاندنی دەغڵودان، هاوینیش دروێنەكردن و هێنانەوەی بۆ سەر خەرمان و كوتانی و جیاكردنەوەی دان و كا.
لە كوردەواریی جاران و ئێستاشدا باسی چلەی زستان و هاوین دەكرێت، چلەی زستان ئەوپەڕی ساردی و چلەی هاوینیش ئەوپەڕی گەرمییە.
هەموومان دەزانین وەرزەكان لە 21 مانگەكانەوە دەستپێدەكەن، واتە زستان لە 21 كانونی یەكەم، بەهار لە 21 ئازار، هاوین لە 21 حوزەیران و پاییزیش لە 21 ئەیلول، بەڵام لە كوردەواریدا وەرزەكان رۆژی 13 مانگ دەستپێدەكەن.
ئێمە لێرەدا باسی وەرزی زستان دەكەین، لەگەڵ چۆنێتی ژماردنی و ناوەكانی لە كەلتوری كوردیدا، زستان وەكو وتم لە 13 كانونی یەكەم دەستپێدەكات، تا 25 رۆژ هیچ ژماردن و لێكدانەوەیەكی نەبوو، لە رۆژی 26 ژماردنەكان دەستیپێدەكرد. كە دەكاتە رۆژی حەوتی كانونی دووەم، جاران هەردوو هەفتەی وەرزی زستان ناوێكی تایبەتی هەبوو، كە بەم شێوەی لای خوارەوە بوو:
- بەند و بەندرخە: ماوەكەی دوو هەفتە بوو، لە حەوتی كانونی دووەم تا 21 ی كانونی دووەم بوو.
- مریەم و ئۆغەن: ماوەكەی دوو هەفتە بوو، لە 22 كانونی دووەم تا چواری شوبات بوو.
-پیت و پارۆز: ماوەكەی دوو هەفتە بوو، لە پێنجی شوبات تا 18 شوبات بوو.
- خدر و ئەلیاس: ماوەكەی دوو هەفتە بوو لە 19 شوبات تاكو پێنجی ئازار بوو.
- عەجوز (پیرەژن): ماوەكەی یەك هەفتە بوو، لە شەشی ئازار تا 12 ئازار بوو.
هەندێ لەو ناوانە لەگەڵ ناوەكە دەستەواژەیەكیان لەگەڵ بەكاردەهێنا، بۆ نموونە (پیت و پارۆز ساڵ بوو ئاڵۆز) كە ئەو ماوەیە ساردتترین ماوەی زستان بوو.
زۆرجاری واهەبووە بەیانییەكەی رۆژ خۆشبووە و ساماڵ بووە، كچان چوون بۆ كاردی و كنگەر و تۆڵەكەكردن و چوونەتە نێو شاخ و دۆڵەكان، بەڵام لە ناكاو كەشەكەی گۆڕیووە و بووە بە ساردی و بەفر و باران بارین و بە ئەستەم گەڕاونەتەوە ماڵەوە. یان (خدر و ئەلیاس ساڵ بوو خەلاس) واتە ئەوە كۆتایی وەرزی زستان هات و سەرما نەما. یان (پیرەژن كاری خۆی هەر دەكات) واتە هەرچەندە ئەوە دوایین هەفتەی زستان بووە، بەڵام زۆرجار لەو هەفتەیەدا بەفر یان بارانێكی زۆر باریووە و كەشەكەی بە تەواوی گۆڕیوە، بۆیە ئەو دەستەواژەیەیان بۆ بەكارهێناوە.
لە كۆتاییدا زۆرم هەوڵدا بزانم ئەو ناوانە لە چییەوە هاتووە، مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە، بەڵام داخەكەم كەسێكم دەست نەكەوت لە مانا و چۆنێتی هاتنی ئەو ناوانە بزانێت، ئەوانیش هەر دەماودەم بۆیان ماوەتەوە و بەكاریان هێناوە.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ