وێنە شکاوەکانی جەنگ

 

شیرین تاهیر

 

یەکێک لەو چەمکە بنەڕەتیانەی وەک ترسێکی نامۆو هەژێنەر مرۆڤ سڵی لێدەکاتەوە «جەنگە» ئەم کۆنسێپتە بەردەوام لەئەگەری  ترس و دڵەڕاوکێدا بەشوێن بیروباوەڕە توندڕەوەکانی مرۆڤەوەیە، بۆیە هیچ مرۆڤێک؛ بێ هیچ گومانێک لەوە دڵنیا نییە؛ کە چ بیروباوەڕێک گرەنتی ئارامی و ئاشتی بۆ ژیان و رۆحی دەهێنێت. تێگەیشتن لەئەندێشە و پاشهاتەکانی جەنگ؛ وەک وێنەیەکی شکاو لەسەر ئاکارو ئێستاتیکای مرۆڤ چڕ نابێتەوە، بەڵکو بەسەر کۆمەڵێک بابەتی ناوێنەیی و ئایدیۆلۆژیی جیاجیا پەرت و بڵاودەبێتەوە، بەدرێژایی مێژوو لەئەندێشەی جەنگەکاندا؛ ژنان بەشیوەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ گورزی تاڵییان بەرکەوتووە، پرسی ژن لەدیدی نەیارەوە؛ پرسێکە بەهێزەوە جەستەو رۆح؛ رۆڵی تێدا دەگێڕێت، هەرچەندە هەریەکە لەژن و پیاو خاوەنی بونیادێکی فیسیۆلۆژی و دەروونین، کەهەریەکەیان جیاوازە لەویتریان، بەڵام هەریەکەیان دەتوانێت ئەکتی جیاواز بکات و سەرکەوتن بەدینهێنێت، چونکە دەشێ هەر یەکە لەو دووانە بەبێ جیاوازی رەگەزیی؛ خاوەنی توانای عەقڵی و فیکرو ئیمکانیاتی داهێنان بن.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ جەنگە تەقلیدییەکان؛ ئەوا پیاوان بەجەستە رۆڵی سەرەکییان تێیدا بەرجەستە کردووە، لەبەرەکانی شەڕدا رووبەڕووی نەیارە شەڕەکەرەکەیان بوونەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەسەردەمی ئیمڕۆدا ژنان بەرجەستەکەرێکی ئەرێنی جەنگ و شۆڕش و شەڕی ناوخۆکانن،  ژنان؛ بەردەوام لەگەڵ ئازارەکانی جەنگدا دەژین و کارلێک دەکەن لەگەڵیدا، بۆیە ژنان چیتر قوربانی نەرێنی جەنگ نین، هەرچەندە ئازار دەچێژن وبەرگەی ئازار و ململانێکان دەگرن و لەهەندێک دۆخدا ژنان ناچار دەکرێن؛ پشت لە ئازارو خەماکانین بکەن، سەرلەنوێ کاربکەن و بەرەنگاری ئەو واقیعەش ببنەوە؛ کە لەژیانی دوای جەنگدا بەسەریاندا دێ.

لەم دەیانەی دواییدا بەسەدان ژنی ئازاو بوێر؛ ئەگەرچی خۆیان و کچەکانیان؛ قوربانی پاشهاتی جەنگ و داگیرکاری بوون، بەڵام توانییان لەناو ئازارەکانیاندا مەشخەڵی تێکۆشان دابگیرسێنن؛ و دژ بەداگیرکاری و ئێش و ئازارەکانیان بوونەوە. ژنانی یەزیدی- جوانترین نموونەی ئەو ژنانەن؛ کە شێوە نەرێنییەکەی فۆرمی قوربانیی ژنیان شکاند، بەخورتەوە چەندان رۆڵی جۆراوجۆرییان لەململانێکاندا نواند، تەنانەت تائاستی سەرکردایەتی کۆمەڵگە رۆیشت. ماری فیرنتز-نوێنەری بەڕێوەبەری کاروبارەکان لەلیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی؛ دەڵێت: لەو باوەڕەدام ژنان پێشەنگی گۆڕانکاریین، ژنان سەرچاوەی ئارامیین لەو ناوچانەی پڕە لەململانێ و شەڕ، ئەوان بەتەنها رۆڵ لەکۆکردنەوەی خێزانەکاندا ناگێڕن، بەڵکو دەتوانن کۆمەڵگەکانیش ئاشت بکەنەوە، هەروەها ماری ئەوە دەخاتە سەر وتەکانی: دەخوازیین هەمووان بەتایبەتی ئەوانەی لەبواری مرۆییدا کاردەکەن، وەها لەژنان بڕوانن کەبوونەوەرێکی تەواوکەرە نەک قوربانی.

بینینی ئەم دیوە ئەرێنییە بۆ ژن مایەی دڵخۆشیە، بەڵام لەوەش بەگومان نین کە لەکاتی شەڕوململانێکاندا چۆن ژنان بەفۆرمێکی جیاکارییانە مامەڵەی ئەشکەنجەدان و کوشتنیان لەگەڵدا دەکرێت. جەنگ؛ بەرهەمی توندڕەوی ئایدیۆلۆژیاکانە، وەک دروشمێکی سیاسی بۆ سەپاندن و وەسفی بیروباوەڕەکان دەگیرێتەبەر، کاتێک جەنگ و ململانێکان و شەڕی ناوخۆکان روودەدەن؛ هەمووان چاو دەبڕنە بەهرەو توانای بەرەنگاریی و ئازایی ژنان، لەبەرامبەریشدا ئەشکەنجە و کوشتنی ژنان؛ لەڕێی میدیاکانەوە زیاتر دەبێتە جێی سەرنجی هەمووان؛ و هەر ئەکتێکی توندوتیژی کەبەرامبەر ژنان دەکرێت، وەک رەخنەیەکی سیاسی شۆڤێنیستانە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژییە توندڕەوەکە دەکرێت. ژنان؛ قوربانیدەری فیعلین لەجەنگدا، چونکە جێکەوتەکانی جەنگ لەماڵوێرانی ئاوارەییدا رەنگدەداتەوە، کاتێک پیاوەکان دەکوژرێن، ژنان- سەرەڕای غەمبارییان رووبەڕووی دۆخێکی ئابووریی سەخت دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی هیچ داهاتێکی کەسی خۆیان نییە، سەرەڕای ئەو دەرئەنجامانە؛ جگە لەدەستدرێژی رۆحی و کوشتن؛ دەبنە قوربانی فڕاندن و دەستبەسەرداگرتن و دەستدرێژیکردنی جەستەیی، هەرچەندە پەیماننامەو رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان؛ هەموو دەستدرێژیی و سەوادو مامەڵەیەکی بەژنانەوە تەحریم کردووە، لەگەڵئەوەشدا نەیتوانییوە ببێتە قەڵغانێک ژنان لەکاتی ناکۆکی و شەڕو ململانێکاندا بپارێزێت. وەک ئەوەی لەشەڕی کۆسۆڤۆو داعش و بۆرماو ئەفریقای ناوەڕاستدا روویانداو بەردوامیش دووبارە دەبنەوە، لەسوریا لەساڵی ٢٠١٤ ؛ ژنان زۆرترین قوربانی بوون؛ بەهەموو فۆرمە جیاوازەکانەوە؛ رووبەڕووی جۆرەها ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و رۆحی بوونەوە، کەڕەنگە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هاوشێوەی نەبووبێت.

بەگشتی لەگۆشەیەکی سەربەخۆدا؛ جەنگەکان سەپێنراوو کارتێکراوو درێژەپێدەری پرۆژەی ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەکانن، خراپەی ئەم کارکردە ئایدیۆلۆژییانە لەوەدایە؛ بەردەوام خۆیان بۆ سەپاندن بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا ئامادەکردووەو رێگەکەی لەسەر ئەو بنەمایە دەنەخشێنێ، بۆیە جەنگ؛ ستراتیژێکە لەجووڵەکانیدا ناگۆڕێ و ناتوانێت دان بەوانی تردا بنێت. لەگەڵئەوەشدا دەبێت بپرسین ئەگەرجەنگ رێگای گۆڕانکاریی جیهانە؛ کەواتە بۆچی خراپە؟ ئەوە روونە بۆ هەمووان؛ رۆڵی مرۆڤ لەبەرامبەر بەئەوانیتر، لەهێنانی بەختەوەری و خواستی ئازادی و سەربەستیدا لەهەر دۆخێکدا بێت؛ پەیوەستە بەئەرک و بەرپرسیارێتی مۆراڵییەوە، بۆیە ئەم پرسە پرسێکی ئاڵۆزو پڕ تەنگەژەی ئەخلاقیی و تیۆلۆژییە، کاتێک مرۆڤ بیەوێ بەئارامی بژی پێویستە بیر لەچۆنێتی چارەسەری واقیعی بکاتەوە؛ دەربارەی ژیانی هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگاکەی و ئەوانیتر، پێویستە بیر لەوەبکاتەوە جەنگ چی بەسەر هەموواندا دەهێنێت؟!

سەرچاوە : هاوڵاتی