ماردین ئیبراهیم
سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌ی ناسیونالیزم له بنه‌ڕه‌تدا ئاراسته‌یه‌کی سیکیۆلاره، ئایدیایه‌کی پێچه‌وانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئاینییه. ئه‌وکاته‌ی که ئایین بڕبڕه‌ی پشتی شارستانییه‌ته‌کانه، ئایدیای ناسیونالیزم ئایدیایه‌کی نادیاره. هه‌ڵبه‌ته نه‌ته‌وه و پێکهاته ئیتنییه‌کان له کۆنه‌وه خودهوشیارییه‌کی سه‌ره‌تاییان به خۆیان هه‌یه، به‌ڵام دیدی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ته‌وژمێکی فیکرییه که ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به گورزخوواردنی دیدی ئایینییه‌وه هه‌یه بۆ دنیا. له خۆرئاوادا ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بنه پێشه‌نگی ناسیونالیزمی نه‌ته‌وه‌کان بریتین له ئیلیت و ئه‌نتلجنسیای نادینی. دروستبوونی ناسیونالیزم گرێدراوی هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه که ئاین به هێواشی پاشه‌کشه ده‌کات و زانست ده‌بێته کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی شارستانێتی.
له دۆخی ناسیونالیزمی کوردی‌دا ئه‌م خاڵه تۆختره، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه که ناسیونالیزمی کوردی به‌رامبه‌ر دۆخی داگیرکاریی ئه‌و وڵاتانه شێوه ده‌گرێت که کوردستانیان داگیرکردووه و وڵاته‌کانیش موسوڵمانن، ئه‌مه دۆخێک ده‌خولقێنێت که ناسیونالیزمی کوردی له سه‌ره‌تاوه نادینی بێت. هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئیلیتی ئاینی له کوردستاندا ئیلیتی سه‌ره‌کی و دیاریکه‌ری گوتاری باوه، ناسیونالیزمی کوردی سه‌رهه‌ڵنادات. سه‌رهه‌ڵدانی ناسیونالیزمی کوردی وابه‌سته‌ی هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه که گروپێکی ده‌سته‌بژێر له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا په‌یدا ده‌بن که ده‌سته‌بژێرێکی نائاینین. جیهانبینییه‌كه‌یان، ئاراسته‌ی ئیشکردنیان، ستایڵی ژیانیان ناچێته‌وه سه‌ر دنیای کۆن به‌ڵکو زۆرتر گرێدراوی دنیای نوێن، به‌دیاریکراویش سه‌رسامن به ئایدیا و بیروبۆچونه‌کانی خۆرئاوا. بێهۆکار نییه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا ئێمه چه‌مکی ڕۆشنبیرمان نییه به‌ڵکو له‌بری ئه‌وه چه‌مکی مونه‌وه‌ر مان هه‌یه. مونه‌وه‌ر هه‌ر له ناوه‌که‌یه‌وه دیاره که له ته‌نویره‌وه هاتووه، ته‌نویریش ئاماژه‌یه بۆ سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی خۆرئاوا که تیایدا فه‌یله‌سوفانی مونه‌وه‌ر و ڕۆشنگه‌ر ستایشی عه‌قڵ ده‌که‌ن، زانست شکۆدار ده‌که‌ن، پێشکه‌وتن به بزوتنێکی گرنگ ده‌زانن و ئاینیش به هۆکارێکی نێگه‌تیڤ له گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌کان ، له‌وه‌ش واوه‌تر ئاین وه‌ک ڕیگرێک ده‌یبینن له به‌رده‌م پێشکه‌وتن و گه‌شه و فراژووبوونی نه‌ته‌وه‌دا، جگه له‌وه‌ش زالبوونی دیدی ئاینی و نه‌بوونی زانست وه‌کو هۆکارێکی ژێرده‌سته‌یی و دیلی ده‌بینن. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستی خۆمان بکه‌ین به ڕوونی ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌بینین که چۆن شاعیرانی ئێمه خه‌ون به دنیایه‌که‌وه ده‌بینن تیایدا زانست سه‌روه‌ر بێت، هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بیروڕا و داب و نه‌ریتی کۆن، دین و ده‌رکه‌وته‌کانی به مایه‌ی پاشکه‌وتویی ده‌زانن و عه‌قڵ و پێشکه‌وتن و زانست ستایش ده‌که‌ن.
.....
دووای ئه‌وه‌ی میر به‌درخان له هه‌وڵێکدا بۆ دروستکردنی فیدراسیۆنی خێڵه‌کان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له سوڵتانی عوسمانی شکست ده‌خووات، خۆی و ماڵباته‌که‌ی دوورده‌خرێنه‌وه بۆ ئه‌سته‌نبوڵ و به‌شه‌کانی تری ئیمپراتۆریای عوسمانی. دوواتر کوڕ و نه‌وه‌کانی که ده‌بنه خوێنده‌وار و له زانکۆ و خوێندنگاکانی ئه‌سته‌نبوڵ و پاریس و ئه‌ڵمانیا و قاهیره و له‌ژێر کاریگه‌ری فیکری تازه‌ی ئه‌وروپیدا بیرۆکه‌ی هه‌ستی ناسیونالی تییایاندا گه‌شه ده‌کات، ده‌بنه تۆوی بنه‌ڕه‌تی ئایدیای ناسیونالیزمی کوردی. ئیلیتی به‌درخانییه‌کان و دوواتر که‌سه دیاره‌کانی بوواری هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستاندا ئیلیتێکی نائاینییه. پێش به‌درخانییه‌کان که ده‌سته‌بژێری دینی زاڵه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا و به‌و پێیه‌ی ئه‌و ده‌سته‌بژێره نه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراوه که تیایدا بیرۆکه‌ی ناسیونالیزم بوونی نییه، ئیلیتێکه هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی نییه. ئه‌حمه‌دی خانی لێ ده‌رچێت که حاڵه‌تێکی ئاوارته‌یه، به‌ڵام خانی ته‌نیا بیرۆکه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییه و ناتووانین وه‌کو ناسیونالیست پێناسه‌ی بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خانی خۆی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری ئاینییه؛ پرۆژه‌که‌ی زۆر په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر دوو کتێبی به نمونه وه‌ربگرین، مه‌م و زین داستانێکی عاشقانه‌یه و له چه‌ند جێگایه‌کیدا خانی ئاماژه‌ی به مه‌به‌ست و ئامانجی نووسینه‌که‌ی کردووه که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌هلی بۆچوون وا نه‌زانن کورد عه‌شقیان نه‌کردۆته ئامانج، ئه‌و مه‌م و زینی نووسیوه . کتێبێکی تری خان‌یش 'نوبه‌هارا بچیکان' یش فه‌رهه‌نگێکی کوردی-عه‌ره‌بییه به شیعر.
بۆیه گه‌شه‌ی ناسیونالیزم و زاڵبوونی ئیلیتی ناسیونالیستی که ئیلیتێکی نائاینییه وا ده‌کات ده‌سته‌بژێری ئاینی پاشه‌کشه بکات، ئه‌وانه‌شیان که پاشه‌کشه ناکه‌ن و تێکه‌ڵی ڕه‌وتی ناسیونالیزمی کوردی ده‌بن پێشمه‌رج و لۆژیکی ئیلیتی نائاینی قبوڵ ده‌که‌ن و پرۆژه‌که‌یان له پرۆژه‌یه‌کی ئاینییه‌وه وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ پرۆژه‌یه‌کی ناسیونالی. حاجی قادری کۆیی، پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته ئه‌سته‌نبوڵ و له‌ژێر کاریگه‌ری ماڵباتی به‌درخاندا هه‌ستی ناسیونالی تێیدا گه‌شه ده‌کات، گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر پرۆژه شیعرییه‌که‌یدا دێت و ده‌بێته بڵندگۆیه‌کی گرنگی هه‌ستی ناسیونالی ئێمه. حاجی که ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه و هه‌موو ژیانی له ئه‌سته‌نبوڵ به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌زمونی شیعری و پرۆژه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی ده‌خاته خزمه‌ت بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی نه‌خشه‌ی شیعری حاجی بکه‌ین ده‌بینین که پرۆژه شیعرییه‌که‌ی پێش ئه‌سته‌نبوڵ و دووای ئه‌سته‌نبوڵی ته‌واو جیاوازه. حاجی هه‌تا کۆتایی ژیانی وه‌فادار به‌و پرۆژه‌یه ده‌مێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت له‌و جێگایانه‌شدا که وه‌سفی سروشت و باران و چیاش ده‌کات هه‌موو ئه‌و وه‌سفه به ئامانجی شکۆداربوونی بنیادنانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌کات، له‌وه‌ش واوه‌تر حاجی له‌و کاته‌شدا که موناجاتێکی ئاینی ده‌نووسێت ئامانجه‌که‌ی هه‌ر پرۆژه ناسیونالییه‌که‌یه. له شیعرێکیدا حاجی که بۆ وه‌سف و مه‌دح و سه‌نای خوا ته‌رخانی کردووه و به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌کات:
ئه‌ی بێ نه‌زیر و هه‌متا، هه‌ر تۆی که به‌رقه‌راری
بێ دیار و بێ دیاری، بێ‌دار و پایه‌داری
ئه‌م وه‌سف و ستایشه به‌رده‌وام ده‌بێت به‌درێژایی شیعره‌که و له کۆتاییدا کرۆکی پرۆژه‌که‌ی ده‌خاته ڕوو که ده‌ڵێت:
مه‌علومه بۆچی حاجی، مه‌دحت ده‌کا به کوردی
تا که‌س نه‌ڵێ به کوردیی؛ نه‌کراوه مه‌دحی باری
که‌واته ئامانجی مه‌دحه‌که 'باری ته‌عالا' نییه هێنده‌ی خستنه‌ڕووی پرۆژه‌که‌یه‌تی، پرۆژه‌ی خودهوشیاری و خۆجیاکردنه‌وه له ئه‌وانی دیکه‌ی ناکورد، بۆ ئه‌وه‌ی پێی نه‌ڵێن به زمانی کوردی مه‌دحی خوا نه‌کراوه، که ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له ناواخندا پرۆژه‌یه‌کی سێکیولاره.
حاجی که بێگومان فیگه‌رێکی گرنگی ڕۆشنبیری ئێمه‌یه، پرۆژه‌که‌ی قه‌رزاری ئیلیتی نادینییه و حاجی له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌واندا پرۆژه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ پرۆژه‌یه‌کی ناسیونالی.
.....
له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه و به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیست هێرش و شاڵاوی ئیلیتی نادینی ئێمه، گوشارخستنه سه‌ر ئیلیتی دینی و ناچارکردنیان به ته‌سلیمبوون به پرۆژه‌ی مونه‌وه‌ره‌کان به‌رده‌وامه، ئه‌وانه‌ی گه‌شه به بیرۆکه‌ی ناسیونالی ده‌ده‌ن هه‌ر مونه‌وه‌ران و ئیلیتی نادینییه، هه‌ر له حوسێن حوزنی موکریانی و گیو موکریانی برایه‌وه له ڕه‌واندز و هه‌ولێر بۆ موحه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سری که‌رکوک و پیره‌مێرد و تۆفیق وه‌هبی و موسته‌فا پاشای یاموڵکی و ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌مین زه‌کی به‌گ و حوسێن نازم به‌گ و جه‌مال عیرفان له سلێمانی و چه‌ندانی تر هه‌موویان سه‌ر به ده‌سته‌بژێری نادینین. ئه‌و پیاوه دینییانه‌ش که به‌شداری گرنگ ده‌که‌ن له پرۆژه‌ی هۆشیاری و بنیادنانی نه‌ته‌وه‌دا پرۆژه‌که‌یان له بنه‌ڕه‌تدا نادینییه، ناسیونالییه و له قوڵاییدا له‌ژێر کاریگه‌ری ئیلیتی نادینیدایه. توێژی دیندار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌سته‌ی ڕۆشنبیراندا قبوڵ بکرێت ده‌بێت پرۆژه‌که‌ی ناسیونالی، نادینی و ڕۆشنگه‌رانه بێت. عه‌لائه‌دین سه‌جادی که پیاوێکی ئاینییه، پرۆژه‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به ئاینه‌وه نییه، به‌ڵکو به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌کی نادینی. نووسینی 'مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی' و کۆکردنه‌وه‌ی قسه‌ی نه‌سته‌ق و گاڵته و نوکته‌ی کوردی 'ڕشته‌ی مرواری' کارێکی ئه‌تنۆگرافی ناسیونالییه و ده‌چێته‌وه ناو خزمه‌ت به په‌ره‌پێدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. کاره‌کانی مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی که ناساندنی مێژووی کورده به عه‌ره‌بیزمانه‌کان په‌یوه‌ندییان به ئاینه‌وه نییه، قانع مه‌لایه‌تییه‌که‌ی به ڕاده‌یه‌ک کاڵ ده‌کاته‌وه که هه‌موو قورسایی خۆی ده‌خاته سه‌ر هێرش بۆ سه‌ر جه‌هل و خورافات و میتافۆڕ و ڕه‌وانبێژییه‌که‌ی ده‌گاته شوێنێک که کوردستان به به‌هه‌شت ناگۆڕێته‌وه. شێخ موحه‌مه‌دی خاڵ به‌شێکی زۆری ژیانی بۆ نووسینی فه‌رهه‌نگێکی کوردی-کوردی ته‌رخان ده‌کات، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس خۆی سه‌رقاڵ ده‌کات به کۆکردنه‌وه و لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌ی شاعیرانی کلاسیکی ئێمه که هه‌موو ئه‌و کارانه ده‌ڕژێنه ناو پرۆژه‌ی ناسیونالی و بنیادنانی نه‌ته‌وه که له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌یه‌کی سیکیولاره و هه‌ر هه‌موویشی له‌ژێر کاریگه‌ری ئیلیتی تازه و مونه‌وه‌ری نادینی ئێمه‌دایه.
ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ش که مه‌لای گه‌وره و مه‌لا عه‌بدولکه‌ریم و شێخی خاڵ قورئان به کوردی ڕاڤه ده‌که‌ن و هه‌ژاری موکریانی قورئان وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی کوردی ئامانجه‌که‌یان هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تی زمانی کوردیه. مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه ناوی ته‌فسیره‌که‌ی ناوه 'ته‌فسیری کوردی له که‌لامی خوداوه‌ندی' که هه‌ر ئه‌و ناولێنانه ماناکه‌ی دیاره چییه. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و کاته‌ی مه‌لای گه‌وره کچه‌که‌ی ده‌نێرێته قوتابخانه و بێگومان کارێکی گرنگ و ماناداره و هه‌تاکو ئێستاش له کۆیه و ناوچه‌کانی تردا کاریگه‌رییه‌که‌ی دیاره، به‌ڵام ده‌بێت ئاماژه به‌وه بکرێت که ئه‌وکاته‌ی مه‌لای گه‌وره نه‌جیبه‌خانی کچی ده‌نێرێته مه‌کته‌ب، پێشتر مونه‌وه‌ره کورده‌کان ڕێچکه‌یان شکاندبوو، له‌یلا عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و سه‌ماکانی پاریس سه‌مای ده‌کرد، گوزیده خانم کچی عه‌بدولعه‌زیز یاموڵکی خوێندنی ته‌واو کردبوو و دوواتر ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچان، فاتمه محێدین که دوواتر ده‌بێته هاوسه‌ری حه‌مدی شاعیر له قوتابخانه‌ی 'ئیتیحاد و ته‌ره‌قی' به‌غداد خوێندبووی و پاشتر ئه‌ویش ساڵانێک به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچان ده‌بێت له سلێمانی.
که‌واته پیاوی دینی و که‌سێکی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری دینی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو ڕۆشنبیر قبوڵ بکرایه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو مه‌حفه‌لی ڕۆشنبیران و پێشه‌نگێکی ناو بیری نه‌ته‌وه‌یی و خوێنده‌وار هه‌ژمار بکرایه، ده‌بووایه لۆژیک و زمان و ڕیتۆریک و پرۆژه‌ی ئه‌نتلجنسیای نادینی قبوڵ بکردایه و ئامانجی پرۆژه‌که‌ی نه‌ته‌وه و بونیادنانی پایه‌کانی بووایه، ئه‌گه‌ر نا ده‌یتووانی وه‌کو مه‌لایه‌ک له‌ناو ده‌سته‌بژێری دینیدا بمێنێته‌وه و له‌ناو ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌وه ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی هه‌بووه بیکات، که زۆربه‌ی جار قسه‌کانیشیان هێرش بووه بۆ سه‌ر ده‌رکه‌وته مۆدێرنه‌کانی کۆمه‌ڵگا و هێرش بۆ سه‌ر ده‌سته‌بژێری نادینی و بۆ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی که له‌گه‌ڵ ته‌وژمی باوی ئاینیدا نه‌ده‌هاتنه‌وه. مونه‌وه‌ران ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌یانبووه به ڕه‌نج و به‌ربه‌ره‌کانی به ده‌ستییان هێناوه. ئه‌و کاته‌ی پیره‌مێرد گه‌نجانی کۆ ده‌کرده‌وه و وه‌کو سیمبولێکی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاگری نه‌ورۆزی ده‌کرده‌وه مه‌لاکان هێرشیان ده‌کرده سه‌ری و پێیان ده‌گوت نه‌ریتی مه‌جوسییه‌کان زیندوو ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌عروف جیاوکی ڕۆشنبیر و موته‌سه‌ڕیفی ئه‌وکاته‌ی سلێمانی هیمه‌تی نه‌کردایه و مه‌لا موسته‌فای سه‌فوه‌تی له جێگای خۆی نه‌وه‌ستاندایه، مه‌لا موسته‌فای سه‌فوه‌ت ده‌ستی کردبوو به ته‌کفیرکردنی حه‌قه‌کان و به‌نیازبوو خه‌ڵکیان لێهان بدات و ده‌کرا ئاکامه‌که‌ی زۆر تراژیدی بووایه. ئه‌مه ڕێسایه‌کی نه‌نوسراو بوو و هه‌مووان په‌ژراندبوویان. ئه‌م دۆخه، واته زاڵبوونی ئه‌نتلجنسیای نادینی به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیست به‌رده‌وام بوو.
.....
له کۆتایی سه‌ده‌ی بیستدا ئیسلامیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ کوردستان، هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بی و مه‌به‌ستی گوواستنه‌وه‌که‌ی بۆ کوردستان ئامانجی ئه‌م نووسینه نییه، هه‌رچه‌نده بوارێکی گرنگی توێژینه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه و په‌یوه‌ندیداریشه به‌م باسه‌وه چونکه پرۆژه‌ی ئیسلامیزم له کوردستان پرۆژه‌یه‌کی دژی ناسنامه‌ی ناسیونالییه.
بڵاوبونه‌وه‌ی ئیسلامیزم له کوردستان وه‌کو بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌کی تر ده‌ستکاری کۆمه‌ڵێک شت ده‌کات. ئیسلامیزم هه‌ندێک شتی گۆڕی له کوردستاندا و یه‌کێک له‌و شتانه‌ش ده‌ستکاریکردنی پێناسه‌ی ڕۆشنبیر و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێسایانه بوو که په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نتلجنسیای نادینی و ده‌سته‌بژێری دینی ڕێکخستبوو. له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی ته‌وژمی ئیسلامیزم ئیتر هێرشی پێچه‌وانه‌ی گروپی دینی ده‌ستی پێ‌کرد و هاوکێشه‌که‌ی به قازانجی ده‌سته‌بژێری دینی گۆڕی. دۆخه‌که ئێستا ئه‌وه نییه که ئیلیتی نادینی گوتاره‌کان دابڕێژێت و ده‌سته‌بژێری دینی ناچار بێت قبوڵی بکات، به‌ڵکو ئێستا ئه‌نتلجنسیای نادینی، گوتاره‌کانی خۆی، زمان و ڕیتۆریکی خۆی به‌شێوه‌یه‌ک ده‌دوورێت که به‌به‌ری ناوه‌ندی دینی گونجاو بێت، ناکۆک نه‌بێت له گه‌ڵی، به‌پێی لۆژیکی ئه‌و بێت.
ئه‌و به‌به‌ردوورینه، ئه‌و زمان و ڕیتۆریکه مه‌رج نییه هه‌مووجارێک مه‌به‌ستدار و ئه‌نقه‌ست بێت، به‌ڵکو ئیسلامیزم ئه‌تمۆسفێرێکی دروست کردووه که خۆبه‌خۆ گروپ و ده‌سته‌بژێره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی گروپ و ده‌سته‌ی دینیش هه‌مان ئه‌و ئامراز و که‌ره‌ستانه‌ی بیرکردنه‌وه به‌کارده‌هێنن که گروپی دینی دیاریان ده‌کات، ئه‌گه‌ر له زۆر ئه‌و ڕوداوانه‌ی له کوردستان ڕوو ده‌ده‌ن و زۆر که‌س قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌که‌ن وردببینه‌وه و گوێ له‌و که‌سانه بگرین که شیکاری بۆ ده‌که‌ن به ئاشکرا هه‌ست به‌وه ده‌کرێت که ئیسلامیزم تووانیویه‌تی زمان و شێوازی شیکارییه‌که‌یان به لۆژیکی خۆی بارگاوی بکات، بۆ نمونه ده‌کرێت ڕۆشنبیری عیلمانی ببینیت بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به جه‌ژنی نه‌ورۆز و بۆ پاڵپستی بۆچوونه‌که‌ی ئایه‌ت و حه‌دیس بهێنێته‌وه! ئه‌وه بۆ وایلێهات؟ بۆچی ده‌بێت مه‌رجه‌عی فیکری و ئه‌خلاقی که‌سی نادینی ئایه‌ت و حه‌دیس بێت؟ ئه‌ی فیکری سیاسی و ئه‌خلاقی مۆدێرن؟ ئه‌ی ڕۆسۆ و لۆک؟ ئه‌ی جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافه‌کانی مرۆڤ؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕێککه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی واژۆکراون؟ ئه‌ی زانست؟ ئه‌ی عه‌قڵ؟. له‌کاتی په‌ره‌سه‌ندن و هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی کوردستان، هێنده‌ی ڕۆشنبیری عیلمانی بارگاویبوو به ئیسلامیزم، خۆی سه‌رقاڵ کردبوو به‌وه‌ی که داعش په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه، نیو هێنده ئیسلامییه‌کان خۆیان پییه‌وه سه‌رقاڵ نه‌کردبوو، کاتێک ده‌مانپرسی چۆن داعش په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه؟ ئه‌و ده‌یگوت ئه‌وه نییه سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا و سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی پێوه نییه! سه‌یری ئه‌و هه‌ڵه لۆجیکییه بکه‌ن. جارێ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کێیه تاکو قسه‌ی له بووارێکی ئاڵۆزی ده‌ره‌وه‌ی توانا و شاره‌زایی خۆی لێ وه‌ربگرین، پاشان سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا کاراکته‌رێکی سیاسییه و له‌ناو ململانێ و حیساب و کیتابی په‌یوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و ڕکابه‌ری و چه‌ندان ڕایه‌ڵه‌ی تردایه. ئه‌وه‌ی بڵێیت داعش هیچ په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه وه‌کو ئه‌وه وایه بڵێیت دادگاکانی پشکنینی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپادا هیچ په‌یوه‌ندی به مه‌سیحییه‌ته‌وه نییه. هه‌ڵبه‌ته داعش هه‌موو ئیسلام نییه و هه‌موو موسوڵمانێک نابێته داعش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داعش هیچ په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه قسه‌یه‌کی بێ‌مانا و پووچه. سه‌ره‌ڕای بێمانایی و پووچییه‌که‌ی، قسه‌یه‌ک بوو ڕۆشنبیری هه‌ڵگه‌ڕاوه له باوانه مونه‌وه‌ره‌کانی خۆی ده‌یه‌ویست وه‌کو قسه‌یه‌کی ورد و قوڵ و هاوسه‌نگ لێی وه‌ربگرین.
.....
نمونه‌ی دۆخی جێگۆڕکێ و شوێنگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیلیتی دینی و نادینی زۆرن، من ته‌نیا دوو نمونه وه‌رده‌گرم که هه‌ردوو ڕۆشنبیر کاک فاروق ڕه‌فیق و کاک مه‌ریوان وریا قانیعن.
له ئێستادا کاک فاروق ڕه‌فیق هه‌رچۆنێک بیربکاته‌وه، دیدگا و تێڕوانینی هه‌رچۆنێک بێت به‌رامبه‌ر ئیسلامیزم، به‌ڵام هێشتا شانازی ئه‌وه‌ی پێ ده‌بڕێت که وه‌کو باوکی ڕۆحی ئه‌و ته‌سلیمبوونه‌ی ڕۆشنبیران بژمێردرێت. ئه‌و؛ کاک فاروق، ترسی ده‌سته‌بژێری دینی له ڕۆشنبیران شکاند، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و گروپه دینییه‌کانی له ڕۆشنبیران به‌ردا، پێی گوتن بۆ ده‌می ڕۆشنبیران داناخه‌ن؟ ئه‌و به یه‌کگرتووی ئیسلامی گوت ئێوه چرایه‌کن له ماڵێکی تاریک‌دا، به یه‌کگرتووی گوت بۆچی له‌و بونه‌وه‌ره زۆڵه که ڕۆشنبیرانن ده‌ترسیت، به ڕۆشنبیرانی گوت مۆنسته‌ر، عه‌به شه‌که‌نه، نوسه‌ری ده‌ره‌جه نۆ، شه‌که‌رۆکه. سه‌یری وشه‌ی 'زۆڵ' بکه‌ن که فاروق به ئه‌نقه‌ست به‌کاری هێنا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی وه‌لائی خۆی بۆ هه‌موو کۆده دڕنده‌کانی ئه‌م وشه‌یه ڕابگه‌یه‌نێت و باکگراوند و مانا سیمبولیی و کلتورییه‌کانی تۆخ بکاته‌وه. ئه‌و گوتی مزگه‌وت باشتره له زانکۆ، ئه‌و گوتی مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ ته‌جاوز به دایکی خۆی ده‌کات، ئه‌و گوتی دیموکراسی تۆڵه‌ی کۆیله‌کانه له فه‌لسه‌فه، ئه‌و گوتی خۆرئاوا تاریکستانه و خۆرهه‌ڵات چراخانه بۆیه حه‌یفه له خۆرهه‌ڵات نه‌مرین. ئه‌و گوتی ڕۆشنگه‌ری تاریکترین ساته‌وه‌ختی به‌شه‌رییه، که ئه‌م قسه‌یه پێشتر سه‌ید حوسێن نه‌سر کردبووی، سه‌ید حوسێن نه‌سری له ڕووی ئاینییه‌وه شیعه‌گه‌ری بیرته‌سک، له ڕووی سیاسییه‌وه شاپه‌رست و سه‌ڵته‌نه‌تخواز و له ڕووی که‌سییشه‌وه به دانپیانانی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی؛ که‌سێکی به‌رژه‌وه‌ندخواز و هه‌لپه‌رست. کاک فاروق هێنده مه‌دحی سه‌ید نه‌سری کرد که دوواتر قوتابییه‌کانی کاک فاروق کتێبێکی بێکه‌ڵکی سه‌ید حوسێنیان وه‌رگێڕا بۆ سه‌ر زمانی کوردی و پێیان ده‌گوت 'جه‌نابی نه‌سر'. هه‌موو ئه‌و قسانه که قسه‌ی سه‌رپێی و حیساببۆنه‌کراو و ڕوکه‌ش بوون، گوزارشت بوون له دۆخێکی سایکۆلۆجی عوسابی و ناجێگیر، زه‌مینه‌یان بۆ فه‌راهه‌مکردنی هه‌لومه‌رجێک خولقاند که ئێستا هه‌ر کاک فاروق خۆی یه‌کێکه له نێچیره‌کانی و قوربانییه‌کانی.
کاک فاروق ئاڵای سپی بۆ ده‌سته‌بژێری دینی هه‌ڵکرد، جورئه‌تی پێدان، چاوقایمی پێدان، فه‌رمووی لێکردن ده‌م به ئیلیتی نادینی دابخه‌ن، له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان به ڕۆشنبیران و به مه‌یله عیلمانییه‌کانیان خه‌نی، زه‌مینه‌ی خۆش کرد نوسه‌ران و ڕۆشنبیران شه‌رم نه‌که‌ن له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را 'ته‌کبیر' بکه‌ن. ڕۆشنبیر و ته‌کبیر؟ ئه‌گه‌ر تۆفیق وه‌هبی و جه‌لاده‌ت به‌درخان له قوژبنێکه‌وه ئه‌و دیمه‌نه‌یان ببینیایه ده‌بووایه خاکی چی مه‌مله‌که‌تێکیان به‌سه‌ر خۆیاندا بکردایه؟ ئه‌وه‌ی کاک فاروق ئێستا ده‌یدورێته‌وه، ده‌زانێت خۆی له 'پاکس ئه‌مه‌ریکانا' و 'ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار'دا چاندوویه‌تی. ئه‌و هێرش و قسانه‌ی کاک فاروق ئێستا به موناسه‌به و ڕه‌وا، هه‌ندێکجاریش به‌بێ موناسه‌به و هه‌ر ڕه‌وا، ده‌یکاته سه‌ر ئیسلامیزم، تیشکدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستی گوناه و خۆبه‌تاوانبارزانینه‌یه بۆ ئه‌و ئاوه‌ی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کان ڕشتی و دوواتر زۆر که‌س پێیان تێخست.
.....
کاک مه‌ریوان وریا قانیع له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا بۆچوونی وابوو که موجامه‌له‌ی ئیسلامیزم موجامه‌له‌یه‌کی ترسناکه؛ ورده‌ورده و له پرۆسه‌یه‌کی هێواش و خه‌مناک و ئازاراویدا ده‌ستی کرد به تیۆریزه‌کردنی هاوپه‌یمانیی هێزه‌کانی تر له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان، ماوه‌یه‌کیشه دوو چه‌مک به‌کارده‌هێنێت، 'ئیسلامی که‌لتووری' و 'ئاینی دایک' که هه‌ردوو تێرمه‌که له‌ناو که‌ش و هه‌وا و له‌ژێر گوشاری سایکۆلۆجی ئیسلامیزمدا خه‌مڵاون. ئه‌و دوو چه‌مکه ڕه‌گییان له‌ناو هیچ دیسپلینێکی زانسته مرۆییه‌کاندا نییه، له‌گه‌ڵ ڕاستییه سۆسیۆلۆژییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ناگونجێن، دوو چه‌مکن داهێنراوی هه‌لومه‌رجێکن که تیایدا ئیسلامیزم تووانیویه‌تی ده‌ستکاری لۆژیک و ڕه‌وانبێژی مونه‌وه‌ران بکات.
کاک مه‌ریوان وایده‌بینێت هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ناو فه‌زای موسوڵماناندا له‌دایک ده‌بن و گه‌وره ده‌بن به‌شێک له موسوڵمانبوونیان تێدایه. گرفتی ئه‌و ڕووانینه ئه‌وه‌یه که جیا له جه‌وهه‌رگه‌راییه‌که‌ی، ناسنامه‌ی موسوڵمان‌بوون یه‌کسان ده‌کات به ڕه‌نگی پێست به‌شێوه‌یه‌ک که مرۆڤ نا‌تووانێت لێی هه‌ڵبێت، ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت، نا‌تووانێت له‌خۆی دایماڵێت. جارێ با واز له‌وه بهێنین که ئه‌و پێناسه‌یه له قوڵاییدا سوکایه‌تییه به ناسنامه‌ی ئینسانی مولحید و ناخوداباوه‌ڕ و بێ‌دین، چونکه دایان ده‌ماڵێت له‌و به‌هایانه‌ی که ناسنامه‌ی خۆیان له‌سه‌ر چێکردووه، جگه له‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی حه‌تمیش چاره‌نووسی فیکری و جیهانبینی که‌سانی ناخوداباوه‌ڕ به ئیسلامه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له سه‌رووی هه‌موویه‌وه له ڕووی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییه‌وه سه‌رنج له بابه‌ته‌که بده‌ین ده‌بینین ئه‌و رووانینه زۆر کورت ده‌هنێێت. چه‌ندان گوند هه‌ن ئێزیدین، کاکه‌یین، مه‌سیحین و هه‌زاران ساڵه له ته‌نیشت گوندی موسوڵمانه‌کانه‌وه‌ن و به‌رگرییان له ناسنامه‌ی خۆیان کردووه و هیچ خۆیان به به‌شێک له‌و ئیسلامه که‌لتوورییه نازانن که کاک مه‌ریوان ئاماژه‌ی پێده‌کات. ئه‌و خه‌سڵه‌تگه‌له‌ی مرۆڤه‌کانی ناو جوگرافیای کوردستان پێکه‌وه ده‌به‌ستێت و هاوبه‌شن و کاک مه‌ریوان وه‌ک خه‌سڵه‌تی موسوڵمانی که‌لتووری پێناسه‌یان ده‌کات له ڕاستیدا پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامیش هه‌بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندان گروپی دیکه هه‌ن بۆ نمونه زه‌رده‌شتییه‌کان که ده‌یانه‌وێت به ناسمانه‌ی کوردی خۆیانه‌وه به‌شداری له دروستکردنی مێژووی ئێمه‌دا بکه‌ن و خۆیان به موسوڵمان نازانن و پێناسه‌کردنیان وه‌کو موسوڵمانی که‌لتوری، داننه‌نانه به ناسنامه‌یان و به که‌مگرتنییانه. تێرمه‌که‌ی تریش که 'ئاینی دایکمه' و کاک مه‌ریوان وه‌کو ئاینێکی مرۆڤدۆست و پاک و بێ توندوتیژی وێنای ده‌کات دیسان پڕ کێشه و گرفته. خودی وێناکردنی ئاینی دایک که هه‌ر مه‌به‌ستی ئاینی ترادیسیۆنالی نائایدیۆلۆژییه، وه‌کو ئاینێکی پاک و مرۆڤدۆست و بێخه‌وش له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی نایه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش به‌خشینی پارێزبه‌ندییه‌که به ئاینی ترادیسیۆنال به‌وه‌ی که‌س تخونی ڕه‌خنه‌گرتن نه‌که‌وێته‌وه لێی، پێدانی کرێدیتی مرۆڤدۆستی و پاکی و بێگه‌ردی و نه‌رمونیانییه به ئاینێک که شایسته‌ی نییه و که‌سمان نه‌مانبینیوه، دروستکردنی پێشمه‌رج و که‌شوهه‌وایه‌که که مرۆڤی کورد قه‌یناکات با ڕه‌خنه له ئیسلامیزم بگرێت به‌ڵام ئاینی دایک که هه‌ر ئاینی ته‌قلیدی کۆمه‌ڵگای خۆمانه پارێزراو بێت، ئه‌وه له کاتێکدا هیچ پرۆژه‌یه‌کی ئاینده‌خواز و بنیادنه‌ر به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتن له ئاین، به خودی ئاینه‌که‌ی دایکیشه‌وه دروست نابێت. هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک گوتاری زاڵی ئاینی ڕه‌خنه نه‌کات نا‌تووانێت هیچ بنیاد بنێت.
له جێگایه‌کدا که ئاین، ئاینی دایک، منداڵدانی نایه‌کسانی، هه‌ڵاواردن و پاتریارکی و توندوتیژییه، بێشکه‌ی سته‌مکاری سیاسی و که‌لتوورییه، دروستکردنی پارێزبه‌ندی بۆی و دروستکردنی وێنه‌یه‌کی بێگه‌رد بۆی، له به‌رئه‌نجامی کۆتاییدا ده‌چێته‌وه ناو هه‌مان سوڕی قازانج به ئیسلامیزم و له هه‌زار ئه‌گه‌ردا به یه‌ک ئه‌گه‌ریش خزمه‌ت به دیموکراسی و فره‌یی ناکات.
سەرچاوە : سپی میدیا