هەڵكۆڵراوەیەکی چيای قەرەداغ

دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی قەرەداغى سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، كە نەخشی كەسێكی شەڕكەرى تێدا دۆزراوەتەوەو بە هەڵكۆڵراوی (دەربەندی گاور) ناسراوە.
گوایە ئەو پەیكەرە سەربارى ئەوەى كارێكی دژە ئایینیى بووە، لە باوەڕ و تێڕوانینی خەڵكى موسڵمانی ناوچەكەدا، بەرهەمی دەستى گاوران بووە، كە پەیڕەوانی ئایینى مەسیحی بوون.
لەكاتێكدا ئەو هەڵكۆڵراوە، زۆر لە مێژووى ئایینى مەسیحی و دەركەوتنى پەیڕەوانیشی كۆنتر بووە.
بەهۆی ئەوەی، بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا ئایینى مەسیحى بۆ سەرەتای سەدەی یەكەمی زایینى دەگەڕێتەوە.

لەم بارەوە شوێنەوارناسان و مێژووناسان ئەو هەڵكۆڵراوە بۆ پەیكەری پادشای ئەكەدی (نرامسین/2260 –2223پ.ز) دەگێڕنەوە، كە لە ئەنجامی سەركەوتنی بەسەر كۆمەڵانى چیای زاگرۆس و ملكەچكردنیان، ئەو هەڵكۆڵراوەی دروست كردووە، تا گەورەیی و سەركەوتنی خۆى بۆ سەردەمەكە و داهاتووى بە زیندوویی بهێڵێتەوە.

بڕواش وایە، خودی ئەم پەیكەرە بۆ پادشای لۆلۆبی (ئانوبابینی) بگەڕێتەوە، كە دواى سەركەوتنی بەسەر شاڵاوى ئەكەدییەكان بۆ سەر خاكەكەی و دەركردنیان لە ناوچەكەی، دروستی كردووە.

هەرچۆنێک بێت هەردوو بۆچوونەكە مێژووى ڕووداوێكی مێژوویی دەگێڕنەوە، كە شەڕ و ململانێیە لەنێوان (دوو) هێزی جیاوازدا. هێزێكی داگیركار بۆ سەر خاكی كوردستان، كە ئەكەدييەكان بوون، لەگەڵ هێزێكی بەرگريكار لە خاكەكەی، كە لۆلۆبییەكان بوون.
كێشەش ئەوە نەبووە كامیان سەركەوتوو یان شكستخواردوو بوون، چونكە لە هەردوو بارەكەدا خاكی كوردستان گۆڕەپانی شەڕەكە بووە و هەڵكۆڵراوەكەش لە لاپاڵى چیایەكی ناوچەیەكی كوردستان دروست كراوە.

دیارە زانیارییەكان بەوە جوانتر و زانستیتر دەبوون، وردەكاریی ئەو شەڕ و ڕووداوەو لایەنی سەركەوتوو و شكستخواردووەكەش بزانرایە، تا كۆى مێژووەكە بە ڕاستی و دروستى بگاتە ئێمڕۆمان، بەڵام كە ئەوەش نەبووە، خودی هەڵكەنراوەكە وێنە و بەڵگەیەكی زیندووی دەساوەرد و مێژووی ژیان بووە لە ناوچەیەكی كوردستانى كۆندا.

کاروان عوسمان