سۆما خالید
هەڵبژاردن پرۆسەیەکە کە تێیدا تاکەکانی کۆمەڵگە مافی هەڵبژاردنی نوێنەریان هەیە و لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا بەڕێوەدەچێت. ئامانج لە هەڵبژاردن دروستکردنی نوێنەرایەتییە لە جیاتی خەڵک و ئامرازی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی ئیرادەی خەڵک و دروستکردنی گۆڕانکاری ئەرینی لەکۆمەڵگادا.
هەڵبژاردن چەند ڕۆڵی گرنگی لە کۆمەڵگەدا هەیە، کە ڕێگە بە خەڵک دەدات نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و لە بڕیارە سیاسییەکاندا دەنگی خۆیان بگەیەنن. بەشداری هاوڵاتیان لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات و هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دەتوانێت ببێتە هۆی سیاسەتی کاریگەر لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. سەرەنجام بەشداریکردن لەهەڵبژاردندا بەماف و بەرپرسیارێتییەکی کۆمەلایەتی دادەنرێت.
بەشداری نەکردنی دەنگدەر لە هەڵبژاردن دەتوانێت چەند دەرەنجامێکی لێبکەوێتەوە. ئەگەر ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، لەوانەیە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان نەتوانن بە باشی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی تەواوی کۆمەڵگا بکەن. ڕێژەی بەشداری کردنی دەنگدەر کەمتر بێت، ئەوا شەرعییەتی حکومەت و بڕیارەکانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی سیاسەتمەدارانێک کە گرنگی بە پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگا و پرسە نەتەوەییەکان نادەن. هەروەها سوود بە هەندێک لە حزبە سیاسیەکان دەگەیەنێت کە تێوەگلاون بە گەندەڵی و هەراجکردنی خاکەکەی و بەردەوامبوونی کێشە و ناکارایی لە سیستەمە سیاسیی و ئابوورییەکاندا.
بەشداری نەکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دەبێت.
بەشداریکردن لە هەڵبژاردن وەک دەنگدەر تەنها مافی هەموو هاوڵاتییەک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتیشە. هەموو دەنگێک دەتوانێت کاریگەری هەبێت و هەڵبژاردنەکانمان یارمەتیدەر دەبن بۆ داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست، بۆیە گرنگە وەک هاووڵاتییەکی چالاک بەشداری بڕیاردانی سیاسی بکەین و مافی دەنگدانی خۆمان بپارێزین.
سەرچاوە : سپی میدیا