هەڵبژاردن برۆسەیەك بۆ سركردنی عەقڵی كورد

 

موعتەسەم نەجم



 بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ فەرمانرەوایی كوردی لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی بەردەوام پرۆسەی هەڵبژاردن لەم هەرێمە ئەنجام دراوە. ئەم پرۆسەیە لە گەڵ ئەوەی تا چەند ساڵێك جۆرێك لە حورمەتی بە فەرمانرەوای كوردی دابوو، هاوكات بەرگی فەرمانرەواییەكی دیموكراسی لە بەركرابوو، تا ئەو ئاستەی هەندێك لە خەڵكی خۆمان و خەڵكی بیانیش بەم درۆیە تەفرەیان خواردبوو، فۆرمی فەرمانرەوایی كوردیان بە مۆدێلێكی نمونەی و فەرمانرەواییەكی رەشید و دەسەڵاتێكی دیموكرسی باس دەكرد، جار جاریش كۆیلەكانی دەسەڵات بە فیزەوە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، كە پێویستە بەغداد چاو لە كورد بكات و سود لە ئەزمونی فەرمانرەوای كوردی وەرگرێت. ئەوەی جیگای رامانە لە ئەمرۆدا هەموو ئەو درۆ و نمایشانە ئاشكر بوونە و ئەو راستیە دەركەوتووە، كە دەسەڵاتی كوردی نە لە شاخ و نەلە شار، نە ئاشنای دیموكراسی بووە و نەباوەریشی پێی بووە، لە دوای راپەرینی ئازار ی 1991 و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمیشەوە هیچ كات بە ئاراستەی بونیادنانی دەسەڵات و فەرمانروایەكی رەشید هەنگاوی نەناوەو كاری نەكردوە. 

 

 بە نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمرۆدا، كە نزیكبوینەتەوە لە كۆتای چارەكەی یەكەمی سەدەی بیست و یەك، حزب و جوڵانەوە سیاسیەكانی گۆروپانی سیاسی كوردستان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، هەریەكە چەك و هێزی خۆی دەردەهێنێت و دەیخاتە كار، هەرچی حزبەكانی دەسەڵاتە پارە و خەڵات و هەرەشەیان هەیە، حزب و جوڵانەوە ئۆپۆزسیۆنەكانیش كار لە سەر شەڕی دروشم و قسە دەكەن. هێرش و پەلامارەكانیان بۆ سەر دەسەڵات زۆر توند دەكەنەوە، هەندێك جار ئەم شەڕ و پێكدانانە رێكەوتنی پشت پەردەی بۆ دەكرێت و تا كۆتای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. بە شێوەیەكی گشتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردیدا بێ بەرنامەیی و نەبوونی هزر و دنیابینی و ستراتیج زۆر بە روونی دەردەكەوێت.

 

حزبەكانی دەسەڵات بەهۆی لە دەستدانی شەرعیەت و هێزی هزری و سیاسیانەوە، پەنا بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی و راگەیاندنی چەواشەكاری دەبەن. ئۆپۆزسیۆنیش كار لە سەر ختوكەدانی سۆزی جەماوەری و تەفرەدانی خەڵك دەكات.
 

 لە ئەمرۆدا، كە قەیران تەواوی جەستەی كۆمەڵگای كوردی گرتوەتەوەو دەسەڵاتی كوردیش گەیشتوەتە ئەو پەری بێ مۆراڵی و درندایەتی، گەندەڵی و تاڵانكاری و نادادی گەیشتوەتە ئەوپەری سنوری بێرێزی و زوڵم، پرسیارێكی جدی لە هەناوی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پێویستی بوونی پەرلەمانی كوردستان دەخوڵقێت. ئایە بە درێژایی ماوەی فەرمانرەوای حكومەتی هەرێم، دەرئەنجامی هەڵبژاردن یان دامەزراوەی پەرلەمان، چ گۆڕانكاریەكی لە پرۆسەی سیاسی كوردی بەرجەستە كردوە، چی پێشخستن و نوێبونەوەیەكی لە سیستمی فەرمانرەوای یان هەڵسوكەوتی دەسەڵات كردوە، چەندێك ژیانی خەڵكی سادەی بەرەو باشبوون  گۆڕیوە؟. 
 

  لێرەدا كارەساتە گەورەكە لەوێدایە، دەرئەنجامی سیاسەت و فەرمانرەوای نارەشید و خراپی حزبە كوردیەكان، ئینتمای خەڵك بۆ نیشتمان و نەتەوەكەی و سۆزی بۆ پرسی رزگاری نیشتمان تا ئاستی پوچبوونەوە دابەزیوە. پرسی رزگاری نشتمانی چەندین هەنگاو پاشەكشێی كردوە.  
 

لە گۆرپانی سیاسی كوردیدا، مەلەكردن لە نێوان دوو فۆرمی سیاسیدا، كە ركەبەرایەتی یەكتر دەكەن، دەسەڵاتێكی گەندەڵ و شكستخواردوو و ئۆپۆزسیۆنێكی پۆپۆلیستی فاشیدا جۆرێك لە نا ئومێدی خوڵقاندوە هەموو پیرۆزیەكان لای تاكی كوردی بێ حورمەت بێ كاریگەر دەكاتەوە. 

  لە بانگەشەی هەڵبژاردندا میللەتی كورد لە نێوان دووهەڵبژاردەدا گۆشەگیر كراوە. دەنگ بە دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن دەدەیت. لە دەرەوەی ئەم دوو هەڵبژاردەیە تەنیا هەڵبژاردەی بایكۆتكردن هەیە. لە راستیدا حزبەكانی دەسەڵات هانی خەڵك دەدەن بۆ بەشداریكردن تا شەرعیەت بە پرۆسەكە بدەن، هەرچی ئۆبۆزسیۆنە،  كار لە سەر ختوكەدانی سۆزی جەماوەر لە دژی دەسەڵات دەكات، بانگەشەی ئەوە دەكات، كە بایكۆتی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی حزبەكانی دەسەڵاتدایە. ئەمە لە كاتێكدا ئۆپۆزسیۆنی كوردی بە جوڵانەوەو گروپەوە، نەك هەر هیچ پرژە و بەرنامە ودنیابینیەكیان بۆ چارەسەری كێشەكان و شێوازی فەرمانرەوای داهاتوو نیە، بگرە درۆیەكی نوێ و فێڵێكی تازەیشیان پێنیە، هەر قەوانە سواوەكانی پێشوی خۆیان و گروپە پۆپۆلیستیەكانی پێش خۆیان دووبارە دەكەەوە. پۆپۆلیزمی كوردی، لە ئەمرۆدا بە شێوەیەكی سەرەكی لە جوڵانەوەو گروپەكانی بە ناو ئۆپۆزسیۆندا وێنا دەبن، پۆپۆلیزمێكی ئابووری، كۆمەڵایەتی، كەلتوری نیە، بەڵكو پۆپۆلیزمێكی دژە دامەزراوەیە، بەواتە تەنیا كار لە سەر شكاندن و بێ حورمەتكردنی حزبەكانی دەسەڵات دەكات، لە واقعدا بۆخۆی هیچ بەرنامە و دنیابینی و هزرێكی روونی بۆ چارەسەری قەیران و كێشەكانی خەڵك پێ نیە.

 

لە گەڵ هەموو ئەم راستیانەدا پۆپۆلیزمی كوردی تا ئەمرۆ بە بەردەوامی لە گەشەكردن و سەركەوتن و گەورەبووندایە، بە شێوەیەك زۆر بە ئاسانی هەموو گوتارێكی عەقڵانی و راستگۆی توێژ و كەسایەتیە سیاسی و روناكبیرە راستگۆكان ژێر پێ دەخات. ئەوەی وایكردوە پۆپۆلیزمی كوردی لەم سیاسەتەیدا سەركەوتوو بێت، ئەوە سیاسەت و هەوڵەكانی پێشوتریەتی، كە بە بەرنامە كاری لە سەر شكاندن و پەراوێزخستنی توێژی روناكبیران و چینی ناوەندی كۆمەڵگا كردوە. یەكێك لە سیاسەتە باوەكانی پۆپۆلیزم ئەوەیە، لە سەرەتای دروستبوونیەوە خۆی وانمایش دەكات، كە ئەم نوێنەری تەنیا و راستەقینەی جەماوەرە و توێژی روناكبیران و چینی ناوەند تەنیا توێژێكی هەلپەرست و درۆزنن.
 

 بەدرێژایی تەمەنی، پەرلەمانی كوردستان ئەو دامەزروەیەی بەبەردەوامی شەڕی لە سەر دەكرێت و داهاتێكی زۆری ئەم میللەتی بۆ خەرج دەكرێت نەك هەر هیچ گۆڕرانكاریەك و خزمەتێكی بە كۆمەڵگای كوردی نەكردوە، بگرە بوەتە بارێكی گران بەسەر شانی خەڵك، بوەتە سەرچاوەیەكی گەندەڵی بە فیرۆدانی موڵك و ماڵی گشتی. 
 

بایكۆتی هەڵبژاردنەكان لە گەڵ ئەوەی هیچ گۆڕانكاریەك لە ژیانی خەڵكدا دروست ناكات، بەڵام بە واقعی خەڵكی بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن رووی هەقیقی فەرمانرەوای و سیستمی سیاسی كوردی بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەخەنەروو. تاك بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن بەشدار نابێت لە شەرعیەتدان بە پرۆسەی فەرمانرەوای. لە هێڵی بەروپێشچونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستاندا ساڵ و بە ساڵ و هەڵبژاردن بە هەڵبژاردن رێژەی بەشداریكردنی خەڵك بەرەو دابەزین و كەمبونەوە چووە، تا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی رێژەی بەشداربوون نەتوانێت ئاستی 30% رەتكات و وایش پێشبینی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەی ئەم جارەدا ئەم رێژەیە زیاتر دابەزێت.

سەرچاوە : سپیمیدیا