هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز بە بەشداریی 12 گرووپی شانۆیی نێوخۆیی و دەرەکی دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

 

سینا سۆما


 

هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز بە بەشداریی 12 گرووپی شانۆیی نێوخۆیی و دەرەکی دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

عەلی ئەسغەر دەریایی، بەڕێوەبەری گشتیی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای سنە، رۆژی دووشەممە، 19-02-2024، رایگەیاند، "هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، بە پێشاندانی شانۆی "سێ ئافرەت" لە کرماشانەوە بە دەرهێنەریی سەعید پاکزاد لە هۆڵی شانۆی فەرمانگەی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی شاری سەقز دەستیپێکرد و رۆژی 21ی شوباتی 2024 کۆتایی دێت."

عەلی ئەسغەر دەریایی گوتی: "لە فێستیڤالەکەدا هەشت گرووپی شانۆیی لە ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و چوار گرووپی شانۆی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن."

لە شاری ورمێوە دوو شانۆ بە ناوەکانی "سووپی عەلەشیش" لە دەرهێنانی سیامەک دەنیر  و "مەم و زین" لە دەرهێنانی رەسوول بانگین بەشدارن.

هەروەها سێ شانۆی "تاسە" لە دەرهێنانی حەسەن تەرەقی، "بووکێکمان هەیە و زەوماوەندی" لە دەرهێنانی ئەفشین خدری و "ئەی باڵندە" لە دەرهێنانی  توفیق مەلیکی لە شاری سنەوە، شانۆی "یاسای پەلە سوورەکان" لە دەرهێنانی مووسا هیدایەت لە شاری قوروەوە، شانۆی "سێ ئافرەت" لە دەرهێنانی سەعید پاکزاد لە کرماشانەوە و شانۆی "ئودیپ شاریار" لە دەرهێنانی پەروێز ئەحمەدی لە شاری سەقزەوە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.

سەبارەت بەو شانۆیانەی لە دەرەوە بەشدارن لە فێستیڤاڵەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی سنە رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان شانۆی "هۆشیاری تارماییەک"، "دەروێش یان گۆدۆ" و "کلاو و پیک" لە دهۆک دوو شانۆی "مرۆڤم بینی بە بێ جل" و "پیشەگەر" لە کەرکووک لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن.

فەرەیدوون حامدی، بەڕێوەبەری هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز رایگەیاند، ئەو فێستیڤاڵە گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆی کوردییە لە سەرانسەری جیهان، هەموو هونەرمەندانی شانۆ لە دەرەوەی وڵات پێیان خۆشە بەشداری تێدا بکەن.

بە گوتەی فەرەیدوون حامدی، فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز بووەتە براندێکی گەورە بۆ شانۆی کوردی و شاری سەقز و جەختی لەو کردەوە کە "دەبێت هونەرمەندان و بەرپرسان گرنگییەکی تایبەت بە فێستیڤاڵەکە بدەن بۆ ئەوەی شاری سەقز وەکو شاری کوولتوور و پایتەختی فێستیڤاڵەکانی شانۆی کوردی لەلایەن یونسکۆوە بناسێندرێت."

بەپێی پرۆگرامی فێستیڤاڵەکە، شانۆوە بەشداربووەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ نمایش دەکرێن و لە رۆژی چوارەمیشدا کە دەکاتە 21ی شوباتی 2024، شانۆوە سەرکەوتووەکان لە بەشە جیاوازەکان دەستنیشان دەکرێن و خەڵاتەکان دابەش دەکرێن.

هەموو شانۆیە بەشدارەکان لەو فێستیڤاڵەدا بە زمانی کوردین و هەر دەرهێنەرێک تەنیا بە یەک شانۆ بەشدارە.

فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز دوای فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە ساڵانە بەڕێوەدەچێت.

بودجەی ئەم فێستیڤاڵە لەسەر ئاستی پارێزگای سنە و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی شاری سەقز دابین دەکرێت. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی ئەم فێستیڤاڵە لە ئاستی سەرتاسەریی ئێراندا، هێشتا وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئێران تۆماری نەکردووە، بۆیە بودجەشی بۆ تەرخان ناکات.

سەرچاوە : ڕووداو