گوڵی شادکام نوسەر و لێکۆڵەری کورد، لە دایکبووی قووچان سەر بە خوراسانی ڕەزەوی، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە تایبەت سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەڕەشەی لێکراوە و لە مەترسیدایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" لەم دواییانەدا گوڵی شادکام، کارناسی لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دانیشتووی وڵاتی کەنەدا بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕووبەڕوو بووەتەوە. ناوبراو پێشتر لە جێگەی ڕاوێژکاری نووسینگەی تۆمارکردنی میراتی مانایی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا چالاکی هەبووە".
گوڵی شادکام لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە" ئەو هەڕەشانە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران و مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت بە ناوەڕۆکی حیجابی زۆرەملێ، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و ستەمی ڕێکخراوانە دژ بە ژنان و کوردەکان، لە ئینستاگرام و گرووپە تەلەگرامییەکانی کوردەکانی خوراسان زۆرتری کردووە، بەشێوەیەک کە دڵنیام گەڕانەوەم بۆ ئێران لە هەر دۆخێکدا بێت لێکەوتەی جددی بە دواوە دەبێت".
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، گوڵی شادکام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییە کولتووری و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە.
ئەو لێکۆڵەر و نووسەرە کوردە خاوەنی چەند کتێبی وەکوو (سێ خشتییە کوردییە کورمانجییەکانی خوراسان، لەگەڵ پرۆفیسۆر جەلیل لە زانکۆی ڤیەن (بڵاوکراوەی ساڵی ٢٠١٢)، کۆمەڵناسی هۆز و عەشیرەتەکانی ئێران، پەندی کوردی خوراسان، کتێبی دووزمانەی کوردی-فارسی منداڵان بە ناوی پاچە سوور و دەو دەو، کتێبی سترانی منداڵانە و چەندین کتێبی دیکە بە ناوەکانی کولتووری کورمانجی - فارسیی خوراسان، مەتەڵی کوردیی کورمانجیی خوراسان، جلوبەرگی کوردانی خوراسان، کتێبی چیرۆکی منداڵانەی شەینالی) لە قۆناغی بەرهەمهێنان و ئامادەی بڵاوکردنەوەدایە.
ناوبراو هەروەها لە بواری لێکۆڵینەوەدا زیاتر لە ٢٥٠٠٠ وشە، دەستەواژە و تەشەری کوردی کورمانجی خوراسان، ٢٥٠٠ سترانی فۆلکلۆری کوردی خوراسان وەکو سێ خشتی لە گوند و گەڕەکە عەشیرەتە کوردنشینەکانی خوراسان، ٢٠٠ سترانی فۆلکلۆر وەکو "چارۆک"، ٢٠٠ مەتەڵی کوردی کورمانجی خوراسان، ٢٠٠ چیرۆکی خەیاڵی کوردی خوراسانی، ٢٠٠٠ پەندی کوردی خوراسانی و ٥٠ گۆرانی منداڵانی فۆلکلۆری کوردی خوراسانی کۆ کردووەتەوە.
سەرچاوە : سپیمیدیا