هەنگاوێکی دیکە بۆ بەستنەوەی مێشك بە کۆمپیوتەر؛ ئیلۆن مەسک هەواڵی دڵخۆشکەری پێیە

 

 

 

رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای نیورالینک رایگەیاند، یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی چیپی وەرگرتنی ئاماژە یاخود سیگناڵی مێشک، سەرکەوتوو بووە. 

ئەم پرۆژەیە، کە ملیاردێرەکە کۆمپانیای نیورالینکی لەپێناودا دروستکردووە، ئامانجی گەورەی هەیە ئەگەر سەر بگرێت.

یەکێک لە ئامانجەکانی بریتییە لە گەڕاندنەوەی جووڵە بۆ ئەوانەی کە دڕکەپەتکیان پچڕاوە و ئیفلیج بوون، ئەوەش بە دووبارە بەستنەوەی مێشکیان بە دڕکەپەتکە پچڕاوەکەوە لەڕێگەی چیپەکانەوە، کە دەتوانن ئاماژە لە مێشکەوە وەربگرن و بیدەنە ئەندامەکانی دیکەی لەش.

ئامانجێکی دیکە ئەوەیە مێشکی مرۆڤەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، بۆئەوەی بە کەمتر لە چرکەیەک ئەو شتەی لە مێشکتدایە، بە کەسێکی دیکە بڵێی، جا زانیارییەک، گۆڕانێک، هەستێک، خەیاڵێک یان وێنەیەک بێت. هەروەها لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەدا، مرۆڤ دەتوانێت تەنیا بە بیرکردنەوە و بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەک بکات، مۆبایل و کۆمپیوتەر و هەر ئامێرێکی دەوروبەری کۆنترۆڵ بکات؛ تەنانەت بەبێ جووڵاندنی یەک پەنجەش.

مەسک رۆژی دووشەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، ئەنجامی سەرەتایی نەشتەرگەرییەکە "هیوابەخشە،" چونکە چیپەکە توانیویەتی هەست بە تەوژمی دەمارەخانەکان بکات.

دەمارەخانەکان ئەو خانانەی لەشن کە ئاماژەی ئەلیکترۆنی و کیمیایی بەکاردێنن بۆ ئەوەی زانیاری لە مێشکەوە بگوازنەوە بۆ تەواوی لەش. 

تەوژمەکانیش بریتین لە چالاکیی دەمارەخانەکان، واتە دروستکردن، ناردن، گواستنەوە یان وەرگرتنی ئاماژەکان.

ساڵی رابردوو، فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا مۆڵەتی بە کۆمپانیاکە دا بۆ ئەوەی بۆ یەکەمین جار لەسەر مێشکی مرۆڤ تاقیبکاتەوە. ئەوەش بۆ کۆمپانییەکە تێپەڕاندنی قۆناخێکی گرنگ بوو لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. 

ئەیلوولی ساڵی رابردوو، کۆمپانیاکە رایگەیاند مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەست بە ناونووسینی خۆبەخشەکان بکات بۆ ئەوەی لەسەریان تاقیبکرێتەوە. 

نیورالینک پێشتر رایگەیاندبوو، لە رێگەی رۆبۆتێکەوە، چیپەکە بەو بەشەی مێشکەوە دەبەسترێتەوە کە بەرپرسە لە جووڵەی لەش. 

کۆمپانیاکە هەروەها باسی لەوە کردبوو، یەکەمین ئامانج کە دەیەوێت پێی بگات، بریتییە لەوەی مرۆڤ بتوانێت تەنیا بە بیرکردنەوە و بێ ئەوەی پێویست بە هیچ جووڵەیەک بکات، هێمای ماوسی کۆمپیوتەر بجوڵێنێت یان بێ دەستدان لە کیبۆرد شت بنووسێت. 

چیپکە لە رێگەی ژمارەیەک دەزووەوە ئاماژەکانی مێشك وەردەگرێت، ئەمە وەک نیورالینک باسی دەکات. 

مەسک لە پۆستێکی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەمین بەرهەمی کۆمپانیاکە، ناوی "تەلەپاسی" دەبێت. 

لێکۆڵینەوەی ئێستای کۆمپانیاکە لەسەر رادەی سەرکەوتنی چیپی بێتەل یاخود وایەرلێسی مێشک و ئەو رۆبۆتەشە، کە چیپەکە لەسەر مێشک دەچێنێت.

سەرچاوە : ڕووداو