هەنگاوێک بۆ دواوە

 

مەحمود خۆشناو

 

زیاتر لەشەست ساڵە گەلی عێراق بەهۆی میزاجی سیاسی نادروست گیرۆدەی قەیرانی سیاسی وئابوری جیاوازە ، جوگرافیاو سامانی سروشتى ودەستێوەردانی دەرەکی  هۆکارن ، بەڵام هۆکاری سەرەکی عەقڵیەتی حوکمڕانی ئەو وڵاتەیە ، قۆناغ بەقۆناغ لەبڕی کەمکردنەوەی گرفت ونەهێشتنی جیاوازی هەوڵی قوڵکردنەوەی کێشە وفراوانکردنی جیاوازیەکان دەدەن.

ئەو عەقڵیەتە لەناو کوردیش بوونی هەیە وەک بەشێکی دەستوری لەدەوڵەتی عێراق ، چ کاردانەوە بێت  یان پەیڕەو کراو ، سەدان ملیار دۆلار داهاتی وڵاتێکی (30 - 41) ملیۆن کەسی لەماوەی بیست ساڵی کۆتایی توانای چاکردنی کارەبای نەبووە ....!
سیستەمی تەندروستی و پەروەردەو خوێندن ...هتد ، پاشەکشەی کردووە نەک بەرەو پێشچوون ، ئەو سێکتەرانە لە کەرتی گشتی لاوازکراون ولە کەرتی تایبەت بەبێ رەچاوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کاری خۆیان دەکەن ،هەست دەکرێت بەبەرنامە تواناکان لاواز دەکرێن ، بێ ئومێدی پاڵی بەسەر وڵات کێشاوە، متمانەی لاواز کردووە ، مەترسی لەسەر یەکگرتوویی گەلان وسیستەمی کۆمەڵایەتی دروستکردووە ، تاوانبار وبێ تاوان وون وتێکەڵ بووە.

ئەوەی زیاتر نێگەرانمان دەکات هەنگاوە نادروستەکانی هێزو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە چ لەناوخۆی هەرێم ،چ لەدەرەوەی هەرێم ، لەپەرتەوازەیی وغروری سیاسی تا ململانێ وهەوڵی سڕێنەوەی یەکتەر .
نەک لەبەر ئەوەی من یەکێتیم بەڵام یەکێتیی کەمترین پشکی بەر دەکەوێ وهەمیشە بەدوای کاری هاوبەش ونەهێشتنی جیاوازی وتەبایی کرداری بووە ، ئێستاش ئەو مەترسیە تەنها رووبەڕوی یەک لایەنی سیاسی نابێتەوە ، مەترسی لەسەر تاک بەتاکی کورد هەیە ، مەترسی لەسەر هەرێم وعێراقیش هەیە.

ئەوانەی پێیانوایە نەبوونی سەقامگیری لەبەغداد، هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات ، یان پێچەوانەکەی ،هەڵەیەکی ستراتیجی دەکات ،لەوەیە بۆ ماوەیەکی کورت ئامانج بپێکیت بەڵام دواجار تەرازوی هێز لەگۆڕانکاری بەردەوامە ، بۆیە هەمیشە دەستەکەوتە کاتیەکان پێچەوانە دەبنەوە وزیانبەخش دەبن و،لەکۆتایی چارەسەرەی گرفتەکان زەحمەت دەبن ولەوەیە ئەستەمیش بێت.

هەرێمی کوردستان هەموو کات پێویستی بەسەقامگیری سیاسی وئابوری هەیە ، پێویستی بەئارامی کۆمەڵایەتی هەیە ، ئەگەر بۆ عێراق ووڵاتانی هەرێمایەتی یەک جار گرنگ بێت ، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان هەزار جار بایەخ و گرنگی خۆی هەیە ، بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان سنوردارن ، بەدانایی نەبێت ناتوانرێت رووبەڕووی ئالەنگاریەکان ببێتەوە ، وئەگەر باجی هەڵەکانیش بدات ، باج دانەکەشی قوڕستر دەبێت لەعێراق ووڵاتانی  هەرێمایەتی ، بۆیە هیچ کاتێک درەنگ نیە بۆ کاری هاوبەش وتێگەیشتن وتەبایی ، نەک بۆ فەرزکردنی بۆچوون بەسەر بەغداد ،بەڵکو بۆ گەیشتن بەچارەسەرو بەردەوامبوونی کاری هاوبەش ، ودورخستنەوەی مەترسی وهەر ئەجندایەکی ترسناک دژی هەرێمی کوردستان ، ئەوە بەلێدوانی توند ، ودروستکردنی دوبەرەکی نایەتە دی ، بەڵکو بەحیکمەت ومناوەرەو وڕواندنەوەی مەترسیەکانی بەرامبەر دەگات بەئەنجام.

ئێستاش پێویستە بە هەنگاوێکی کرداری بگەڕێنەوە بۆ دواوە ، خۆمان رێکبخەین ، ئەوجا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەهەرێم وعێراق ،ولەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ، هاوپەیمان وئەوانی دیکە بەرەو قۆناغێکی ئارام هەنگاو بنێن .
ونابێت  رێزبوون وفشارە دەرەکیەکان ببنە هۆکاری ساردبوونەوە ودابەشبوونی سیاسی هەرێم ، بەپێچەوانەوە دەبێت ببێتە هۆکارێک بۆ رێکخستنەوە ویەکرێزی .

لەکۆتاییدا دەڵێم (تێدەگەم ئاسان نیە بەڵام لەوەش دەگەم بژاردەی دیکەمان نیە )

سەرچاوە : خەندان