هەموو کارێک لەپێناو کورسی !..

ئەحمەد دیجلە ڕۆژنامەنوسی دیاری تورکیا، داواكاریه‌كى ئه‌ردۆغان له‌عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ئاشكراده‌كات...

ده‌شڵێت، "ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى باڵاى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان چونه‌ته‌ زیندان‌و چاویان به‌ئۆجه‌لان كه‌وتوه‌".

ئاوێنه‌: لەماوەی ڕابردودا چەند بەرپرسێکی پارتی دادو گەشەپێدان لەناو گرتوخانەی ئیمراڵی چاویان بەعەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان کەوتوە.

ئەو ڕۆژنامەنوسە لەمیانی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردوە، دیدارەکەی نێوان ئۆجەلان‌و بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدان لەناو گرتوخانەی ئیمراڵی هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتۆتەوە، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیاریانداوە گۆشەگیریی سەر ناوبراو توندتر بکەن.

دوای لێدوانەکەی دیجلە لەسەر دیداری نێوان ئۆجەلان‌و بەرپرسانی ئاکەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ماوەی حەوت ساڵە لەزیندانی ئەدرنەدایە، لەتویتێکدا دیدارەکەی پشتڕاستکردەوە.

لەتویتەکەیدا دەمیرتاش پرسیاری ئەوەیکردوە، بۆچی ئەردۆغان شاندێکی ناردۆتە لای ئۆجەلان، تێیدا دەڵێت، "خەڵکینە ئێوە خۆتان ئەو دوڕوییە هەڵسەنگێنن".

لەو چوارچێوەیەدا پێگەی "بۆڵد مێدیا" ئاماژەی بەوەداوه‌، پلانی ئەردۆغان لەناردنی شاندەکە بۆلای ئۆجەلان پاڵنانی ڕێبەری پەکەکە بوو بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی سەبارەت بەپشتیوانیکردنی لەهاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، هەروەک هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لەسەر سنورەکانی تورکیا بەهاوکاری لەگەڵ کڵیچدارئۆغڵو، بەڵام باس لەوەدەکات، ئۆجەلان وەڵامی ئەو داواکارییەی ئەردۆغانی نەداوەتەوە، هەربۆیە گۆشەگیریی سەر ئۆجەلانیان توندترکردوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانجی ئەردۆغان لەو پلانە ئەوەبوە دەنگدەرانی ڕەگەزپەرستی تورک لەدەنگدان بەکەمال کڵیچدار ئۆغڵوی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دوربخەنەوەو جارێکی تر دەنگ بەو بدەنەوە، بەوئامانجەی سەر لەدەنگدەرانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بشێوێنن بەوەی دەنگدان بەئۆپۆزیسیۆن واتە دەنگدان بەپارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌).

 

سەرچاوە : ئاوێنە