د. سەعید عەلی محمد
لە زانستی دەروونناسیدا ( گۆشەگیریی ) واتە : ( ناعەقڵانی ) بەڵام وا دەردەكەوێ سروشتی ژیانی ئێستای ئێمە بۆچوونی دەروونناسەكانی پێچەوانە كردبێتەوە و (گۆشەگیریی و دووركەوتنەوە)ی كردبێتە سەرەتای (عەقڵانییەت)، یەكەم بەرهەم و دەستكەوتی ئەو گۆشەگیرییەش ( ئارامی مێشك و دەروون)ـە ، كە ئەمەش دەستكەوتێكی ئێجگار بەنرخ و ناوازەی ڕزگاربوون و ئازادبوونە لە كۆت و بەندی جەنجاڵیی و تێكەڵاویی و سەرقاڵ بوون و نغرۆ بوون لە قسە و باس و حیكایەت و ڕاوبۆچوون و وات و وت و ئێش و ئازارەكانی دەورووبەر!
جیهانی ئەمڕۆ جیهانێكی مرۆیی نیە بە ئەندازەی ئەوەی جیهانێكی ئەداتیی و بەئامڕازبوونە ، مرۆڤ لەم جیهانەدا تەنها ئەدات و ئامڕازێكە بەكاردەبرێ ، یان بەكاردەهێنرێ و تەوزیف دەكرێ ، بەڕادەیەك چیتر ناتوانێ دەست بەخوودی خۆیەوە بگرێ ، قسە لەگەڵ خۆیدا بكات ، گوێ لەخۆی بگرێ ، چپە و ڕازو نیاز لەگەڵ خۆیدا بكات!
هەمووان كۆكین لەسەر ئەوەی فەوزاو شڵەژانێكی دەروونیی گەورە ڕووی لە تاك بە تاكی ئێمە كردووە ، كە چارەسەری ئەو شڵەژانەش وەك هەندێك لە زاناو بیرمەندەكان دەڵێن : (داخرانێكی ڕێژەیی یان گۆشەگیرییەكی ڕێژەیی)یە ! ئەوان بڕوایان وایە مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە جەنجاڵیی و دەردەسەریی و پڕوپووچییەكان و بێزارییەكانی ژیان بپارێزێ ، بۆ ئەوەی بتوانێ جارێكی تر خۆی بدۆزێتەوە و خۆی ڕێكبخاتەوە پێویستی بە دووركەوتنەوە و تەنیاییەكی كاتی هەیە!
لە گۆشەگیریی و تەنیاییدا چی ڕوودەدات : تەزووێك بۆ نێوقوڵایی و ئەوپەڕی دەروون! ئەو تەزووە بەدوای حیكمەت و ماناو نهێنییەكانی بووندا وێڵە و دەگەڕێ ، بەڵام كاتێك تۆ لەنێو جەنجاڵی ژیان و بازاڕو خەڵكیدا سەرقاڵیت هەستی پێ ناكەیت و سوود و كەڵكی لێ وەرناگری!
تۆ لە (عوزلە )دا لەگەڵ خۆتیت ، مرۆڤێك و كەسێكی تریت ، مرۆڤێك كە زۆر جیاوازترە لەو مرۆڤەی كاتێك تێكەڵە و لەنێو جەنجاڵی كەسانی تردا ساتەكانی بەڕێ دەكات!
دەزانی دووركەوتنەوە و تەنیایی بوون (ئەگەر بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش) بێت چ هەست و حاڵەتێك بە تۆ دەبەخشێ؟!
پاكی و بەرائەت و سادەیی بوونەوە ، لەگەڵ خۆت ، لەگەڵ بوونەوەرو دەوروبەرت! زۆرجار غرورو لووتبەرزی و لەخۆبایی بوون و خۆبەگەورە زانین ئەنجام و بەرهەم و سیفات و خەسڵەتی ئەو زاتەن كە لەگەڵ ئەوانی تردا زۆر تێكەڵ و سەرقاڵ بووە ، كە گومانتان نەبێ ئەم جۆرە زاتە زاتە ڕاستەقینەكە نیە ، قۆناغی زاتە ڕاستەقینەكە هەمیشە پێش قۆناغی ئەو سیفەت و خەسڵەتانەیە!
بێگومان ڕۆشنایی ڕۆحەكانمان لەژێر چەپۆكی ئەرك و مەینەتیەكان و بەركەوتنە زۆرەكاندا كەمە كەمە بەرەو كز بوون دەڕوات ، ئەمە پاڵمان پێوەدەنێ بۆ ئەوەی پشوویەك بدەین و هەناسەیەكی تازە هەڵمژین ، كەمێك گۆشەگیر ببین و لەگەڵ خۆماندا تاك ببینەوە ، بۆ ئەوەی جارێكی تر ڕووناكی و تروسكایی بۆ ڕۆحەكانمان بگێڕینەوە و دڵەكانیشمان زیندوو بكەینەوە ، لەڕێی بەخۆداچوونەوە و خۆسەرزەنشت كردن و بەهێزكردن و پتەوكردنی پەیوەندییە ڕۆحییەكان ، كە دیارە هەر ئەمەش كارو ئاكارو ڕەوشت و مەسلەكی پیاوە ساڵح و زاهیدو زاناو داناو كەسە نمونەیی و داهێنەرەكانیش بووە ، چ لە ڕابردوودا چ لە ئێستاشدا !
بەلاتانەوە شتێكی نامۆ و سەیر نەبێ ئەگەر بڵێم : بەڕاستی بەشێكی لە حیكمەت و دانایی و عەقڵ لە گۆشەگیریی و دووركەوتنەوەدایە!! باوەڕناكەم داناو زاناو حەكیمێكیش هەبێ ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بووبێ تەنیایی و گۆشەگیریی نەكردبێ! دەبێ لە بیریشمان نەچێ ئەوانەی لەمێژووی ئیسلامیدا خاوەن (ئاڕاستەی عەقڵی) بوون و پێیان دەوترا پەیڕەوانی عەقڵ كۆمەڵەی (موعتەزیلە) بوون ، واتە : ئەوانەی گۆشەگیرییان كردبوو.
جگە لەوەش پێشەوا (خەتتابی) نزیكەی (10) سەدە لەمەوبەر كتێبێکی نووسیوە بەناونیشانی (العزلة – گۆشەگیریی)، واتە لە زەمەن و سەردەمێكدا ئەو كتێبەی نووسیوە كە هەرەج و مەرەج و سۆشیال میدیا و قیژو قاڵی ئەم جیهانە نەگەیشتبووە ناوەڕاست و سووچی ماڵەكەی!
زاناكان و بیرمەندەكان و عەبقەرییەكان دەڵێن : گۆشەگیریی و تەنیایی و دووركەوتنەوە لە واقیع فاكتەری سەرەكی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی ئەوان بووە لە نووسینی دەیان و سەدان كتێب و بەرهەمی زانستیی هەمەجۆر، خۆ ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان یان شەوێك لە شەوەكان ئەوان لە حاڵەتی تەنیایی و بیركردنەوەدا بوو بن و، كەسێكیش سەردانی کردبن لە ماڵەكانیاندا ، ئەوا ڕاستەوخۆ وتویانە : ئێمە لە بیركردنەوەداین ! واتە : ئێمە ئامادەنین و لە ماڵەوە نین!
ساڵی 2019 توێژینەوەیەك بەناونیشانی : ( The Benefits of Solitude A Review of the Literature» ) لە گۆڤاری ( زانستی دەروونناسیی كەسیی و كۆمەڵایەتی) بڵاوكرایەوە ، ناوەڕۆكی توێژینەوەكە ئاماژە بە چەندین سوود و دەستكەوتی گەورەی گۆشەگیر بوون دەكات ، لەوانەش : بەهێزبوونی توانای داهێنان ، باشتربوونی تەندروستی دەروونیی ، بەرەو پێشەوەچوونی هۆشیاریی و بیركردنەوە و گەشەكردنی عەقڵ ، توێژینەوەکە دەڵێ : مرۆڤەكان لە ماوەی گۆشەگیریی و تەنیایی بوون و دووركەوتنەوەیان لە دەورووبەر دەتوانن برەوی زیاتر بەتواناوو بەهرەكانیان بدەن ئەدایەكی باشتریش ئەنجام بدەن.
كەواتە ماوەتەوە بڵێم : گۆشەگیریی و دووركەوتنەوە لەم زەمەنەدا نەك ئافەت و دەردو نەخۆشی نیە ، وەك دەروونناسەكان دەڵێن ، بەڵكو بەپێچەوانەوە لەدنیای ئێستادا گۆشەگیریی و تەنیایی دوورکەوتنەوە چارەسەرو شیفاو دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشی و دەردە كوشندەیەی كە پێی دەوترێ : ( ئەو ژیانە ساختەیەی كە مرۆڤی ئێستا تێیدا دەژی ).
سەرچاوە ؛ سپی میدیا