هەرێمێك لەسەر دەریای ترس

هەولێرستان

هەرێمێك لەسەر دەریای ترس

 
 

دڵزار حەسەن

 

كاتێك ترس و دڵەڕاوكێ دەبێت بە بەشێك لە وردەكاریی ژیانی هەر گەل و نەتەوەیەك، ئیدی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری، ئاسایشیی كۆمەڵایەتی لە ناو ئەو ژینگەیەدا هیچ بەهایەكی نامێنێت. زۆرن ئەو هەرێم و وڵاتانەی ترس و دڵەڕاوكێی سیاسیی، ئابووری، سەربازی، بۆتە هۆی داڕمانی كۆمەڵگەكەیان و دواجار بەتەواوی لە ناوچوون. بێگومان ترس لای كۆمەڵناس و سایكلۆجیستەكان، بە یەكێك لە پاڵنەرە بەهێزەكانی داڕمانی كەسایەتی تاك پێناسەكراوە.
ناشێت كۆمەڵگەیەك لەلایەك بە بەردەوامی ترس بەرهەم بهێنێت و لەلایەكی دیكەوە خەونی گەورەشی هەبێت. ئەو جۆرە خەڵكە ترس تۆقاندوونی، بۆیە ئەوەندەی لە بیری تێپەڕاندنی قەیران و رەوینەوەی ترسەكاندان، هێندە لە خەمی ژیان و ئاییندەدا نین. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆ: هەندێكیان پەیوەندیی بە خودی كۆمەڵگەوە هەیە، كە كۆمەڵگەیەكی بیرنەكەرەوەن و هەوڵ بۆ ئاییندە نادەن، هەمیشە لەسەر ئەمجاد و كەلتوری دواكەوتوویان دەژین، هیچ حسابێك بۆ شارستانیەت، كرانەوە، ژیاری تازە ناكەن، خەمی قوڵیان تیكەیەك نانە لە پێناو مانەوەدا؟!.
 پێموایە ئەو جۆرە کۆمەڵگانە، مەترسییەكی گەورەن بۆ سەر گەشەی مرۆڤایەتی، نموونەی ئەو كەلتور و ژینگە و وڵاتانەی، كە ترس، تۆقاندن، توندووتیژی، تیرۆر بەرهەمدەهێنن مەترسییەكەی تەنها بۆ خودی كۆمەڵگەكەیان نییە، بەڵكوو دواجار دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر خەڵك و كەسانی دیكە. كۆمەڵگە نەریتییەكان ئەوانەن، كە هەمیشە ناكۆك دەكەونەوە لەگەڵ كۆمەڵگە كراوەكان، ئەو كۆمەڵگەیەی كەلتوری زیندوو، ئەقڵی بیركەرەوە، ژیاندۆستی و پێكەوەژیانیان، بۆتە بەشێك لە ناسنامەی گەل و وڵاتیان. خۆشگوزەرانی، دڵنیایی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێیاندا لە ئاستێكی بەرزدایە.
 لێرەدا كۆمەڵگەی كوردەواری وەك بەشێك لەو مەنزومە فراوانەی كەلتوری ئەمجادپەرستەكان، زیانی گەورەی بەركەوتووە، یان راستر بڵێین، بە هۆی فشار، تۆقاندن، چاندنی ترس لە هەناوی كەلتورییەوە. رەهەندە كۆمەڵایەتییەكەی ئەو فاكتانە، تەنها نەبۆتە نەریت، بەڵكو رەنگی داوەتەوە لە پەروەردە، رەفتار، جیهانبینی و روانگەمان. روانگەی تاك لە كۆمەڵگەیەكی نەریتی، ئاماژەیە بە گەڕانەوە بۆ پرسی خێل، بنەماڵە، نەریت هەموو ئەمانە لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا هەستی پێدەكرێت، بەڵام دەتوانین بڵێین جگە لەوانە كۆمەڵگەی كوردی ترس لە ژیان، لە ئاییندە كوشتوویەتی، بەلای منەوە ئەمە بۆ ئەو ژینگەیە دەگەڕێتەوە، كە سیاسییەكانمان لە غیابی هەست نەكردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی بۆ ئێمەیان بەرهەمهێناوە. 
لە حاڵی حازردا دەتوانین بڵێن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە درێژایی مێژووی سیاسی خۆیان، هەمیشە لەبەردەم سەخترین قەیران و وەیشوومەی ترسدابوون، ترس لە جەنگ و هەژاری، ترس لە شەڕی ناوخۆ، دەستێوەردان و خیانەت، گرانی، نا ئارامی هتد....

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ