رووداو دیجیتاڵ
لە دوو مانگى یەکەمى ئەم ساڵدا لە هەر کاژیرێکدا 17 هاوژین لە عێراق جیابوونەتەوە، بەغدا یەکەم و بەسرە دووەمە لە رووی زۆریی ژمارەى جیابوونەوەکان.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەى ناوەندێکى عێراقى ئەو ئامارە وای لێکردووە ببێتە هەشتەم وڵاتى عەرەبی لە رووى جیابوونەوە و 22.7٪ى ئەوانەى هاوسەرگیرى دەکەن جیادەبنەوە.
بەگوێرەى ئامارى فەرمیی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق مانگى کانوونى دووەمى 2024 لە 15 پارێزگاى عێراق، 7453 هاوژین جیابوونەوە بووە، 1843یان بە بڕیارى دادوەر بووە.
زۆرترین جیابوونەوە لەو مانگەدا لە بەغدا بووە بە 2826 جیابوونەوە، لە دوای ئەویش بەسرە هاتووە بە 1017جیابوونەوە.
لە مانگى شوباتدا پێنج هەزار و 324 جیابوونەوەی هاوژینان تۆمارکراون، کە 1764 یان بە بڕیارى دادگە بووە.
بۆ ئەو مانگەش بەغدا لە ریزبەندیی یەکەمدا بووە لە جیابوونەوە، کە 2161 جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەسرە لەریزبەندى دووەمدایە بە 660 جیابوونەوە.
فازڵ غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى بەدواداچوونى رێکخراوەکەیان، لە رووى جیابوونەوەوە عێراق لە ریزبەندى هەشتەمی وڵاتانى عەرەبییە.
بەگوێرەى ئامارى دوو مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ بێت، رۆژانە 425 و هەر کاژێرێک 17 هاوژین جیابوونەتەوە.
فازڵ غەڕاوى گوتی: "کێشەى ئابووری، زوو بەشوودان، ئامێرەکانى تەکنەلۆژیا، هۆکارى سەرەکى جیابوونەوەکانن، بەڵام یەکێک لە کێشەکانى دیکە ماوەى کەمی دەستگیرانیى هاوژینەکانە کە رێگە نادات باشتر لەک تێبگەن ئەوە جگە لە شێوازى کلاسیکى هاوسەرگیریکردن بەبێ ناسینى تەواو یەکدیی هاوژینەکان."
لە دوو مانگى سەرەتاى ئەم ساڵ 60 هەزار و 14 گرێبەستى هاوسەرگیرى لە عێراق کراوە، کە شەش هەزار و 926 گرێبەستیان لە دەرەوەى دادگە بوون.
بە گوتەی سەرۆکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق، 22.7٪ى ئەوانەى لە عێراق هاوسەرگیرى دەکەن، جیا دەبنەوە.