ئەردەڵام عەبدوڵا
کتێب و نووسین یەکێکن لە داهێنانە جوان و گرنگەکانی مرۆڤ، دەتوانم بڵێم ئەم دووانە دایکی هەموو داهێنانێکن، چونکە ئەگەر نووسین و کتێب نەبوایە، ئەوا هیچ زانست و فیکر و فەلسەفەیەکیش دروست نەدەبوو، لەبەرئەوەی ئێمە لە رێگەی کتێبەوە دەتوانین ئاگاداری زانست و فیکر و فەلەسەفە و ئەدەب و هونەری جیهان بین، بۆیە دەمێکە وتراوە کە کتێب باشترین سەرەوتی هەڵگیراوی گەلانە، سامانێک کە بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.
قسەی زۆر لەبارەی گرنگیی کتێبەوە کراوە، بەڵام یەکێک لە وتە جوانەکان کە لە بارەی کتێبەوە کراوە، وتەی نووسەری ناسراوی ئەڵمانی هێرمان هێسەیە. ئەو دەڵێت: هەر ماڵێک کتێبی تێدا نەبێت هەژارە، تەنانەت ئەگەر ناوماڵەکەشی بە فەرشی جوان و تابلۆی گران بەها رازاندبێتەوە.
لە 23 نیسانی 1995 دا، رێکخراوی یۆنیسکۆ بڕیاریدا کە 23 نیسان بکاتە رۆژی جیهانی کتێب، هەڵبژاردنی ئەم رۆژەش زیاتر پەیوەندیی بەوەوەیە کە کۆمەڵێک نووسەری ناسراوی جیهان لەم رۆژەدا مردوون لەوانە: شانۆنووسی ناسراوی ئینگلیزی ولیەم شکسپیر، نووسەری ناسراوی ئیسپانی میگێل دی سێرڤانتس خاوەنی رۆمانی " دۆن کیشۆت".
لەلایەکی ترەوە دانانی رۆژێکی تایبەت بۆ کتێب لەلایەن یۆنیسکۆوە، زیاتر بۆ ئەوەیە کە سەرنجی مرۆڤایەتی بۆ کتێب و کتێب خوێندنەوە رابکێشن، هەرەوەها گرنگی کتێب لە پێشكەوتن و گەشەسەندنی مرۆڤایەتی دەربخەن. هەرچەندە مرۆڤ دەبێت هەموو رۆژێک کتێب بخوێنێتەوە، هەر مرۆڤێکیش کتێب نەخوێنێتەوە، ئاگاداری پێشکەوتن و گەشەسەندنی فیکریی و زانستی و ئەدەبی و هونەری جیهان نابێت.
بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی تەکنۆلۆژیای مۆدێرنەوە لە پێش هەموویانەوە ئینتەرنێت و تەلەفۆنی زیرەک و دروستبوونی چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی، وایکردووە کە مرۆڤ زیاتر روو لە مانە بکات و پشتیش لە کتێب خوێندنەوە بکات، کە ئەمەش یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان کە رووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، چونکە ئەمە وایکردووە کە ئاستی زیرکیی و هۆشیاریی مرۆڤەکان کەم ببێتەوە، وەکو لە وتارێکی پێشوودا ئاماژەم پێکردبوو، کە ئێستا مرۆڤایەتی رووبەڕووی نەخوێندەوارییەکی نوێ بۆتەوە، کە تەواو جیاوازە لە نەخوێندەواریی سەردەمەکانی پێشوو، چونکە ئێستا رێژەیەکی زۆری خەڵک توانای نووسین و خویندنەوەیان هەیە، بەڵام تاقەت و حەزی خوێندنەوەیان نەماوە.
هەمیشە کتێب دونیابینی مرۆڤ فراوانتر دەکات، لە هەمانکاتیشدا بوونی کتێبی باش بەتایبەتی کتێبی ئەدەبی جا رۆمان یان شیعر یان چیرۆک بێت، زۆرجار هاوکاریی مرۆڤ دەکات تا لە حاڵەتی خەمۆکیی و بێتاقەتی و بێزاری رزگاری ببێت.
لە رووی زانستیشەوە، ئەگەر کتێب نەبێت، مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە ئەزموون و داهێنانە نوێکان شارەزابێت؟ پزیشکێک ئەگەر رۆژانە کتێبی نوێ لە بارەی زانستی پزیشکییەوە نەخوێنێتەوە، چۆن دەتوانێت نوێترین شێوازی چارەسەری نەخۆشییەکان بدۆزێتەوە؟ ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ و قوتابخانە، تەکنیکار و تەنانەت پسپۆڕی بواری ئای تی و کۆمپیوتەریش، تەنها لە رێگەی کتێبەوە دەتوانن شارەزایی و زانیاریی نوێیان لەبارەی زانستی نوێی تەکنۆلۆژیا دەستبکەوێت.
ئێمە لە رێگەی کتێبەوە زانیارییمان لە بارەی هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەستدەکەوێت، ئاشنای شارستانییەتەکان دەبین. هەر لە رێگەی کتێبەوە ئاگاداری مێژووی خۆمان دەبین، هەربۆیە ئەو گەلانەی کە مێژووی خۆیان نەنووسیوەتەوە، ناتوانن بە باشی داهاتووی خۆیان دیاریی بکەن و بڕیاری دروست بدەن.
کتێب تەنها پەیوەندیی بەدەستەبژێری نووسەر و رۆشنبیرەوە نییە، بەڵکو کتێب پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگەوە هەیە، هەربۆیە زۆر گرنگە کە هانی خەڵکی بدەین، کە دۆست و هاوڕێی کتێب بن، چونکە ئەمە سوودیان پێ دەگەیەنێت، نەک ئەو زانیارییە کاڵ و کرچەی کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدەستیان دەگات، لەبەرئەوەی تۆ خۆت دەچێت سەرچاوە دەخوێنیتەوە، نەک یەکێکی تر زانیارییەکەت بۆ دابنێت و تۆش تەنها وەکو وەرگرێک گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەو بکەیت.
کتێب دونیابینی مرۆڤ فراوانتر دەکات
سەچاوە؛ کوردستانی نوێ