شەماڵ بارەوانی
ڕۆمانێکی فەلسەفی 246 لاپەڕەیی "جان پۆل سارتەر 1905 -1980" گەورە نووسەرو فەیلەسوفی وجودی فەڕەنسیە و یەکەم چاپی لەساڵی 1938لێ بڵاوبووەوە.
هێڵنج/ یەکەم ئەزمونی سارتەره لەبواری ڕوومان نووسیندا.
سەکۆی سەرەکی ڕووداوەکانی هێڵنج شاری"بۆفێلە" و پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە.
بۆفێل، شارێکی خەیاڵییە.
چیڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە کەسێکی سەیردەکات !ئەوکەسە، هەستێکی زۆر نامۆی لای درووست بووە و هەموو بوونی داگرتووە !
کەسێک، هەمووشتێک لە تێڕوانیندا پڕو پووچ و بێ مانایە.
کارەکتەرێکی خاڵی لە ئومێدی ژیان. لە هەمان کاتدا پڕی لە تێڕامان و بیرکردنەوەی قوڵ و نیگەرانی و قەڵەق و هێڵنج.
(ئەنتوان ڕۆکینتان)
پاڵەوانی هێڵنج. کەسایەتییەکی نامۆ !
ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە خێزانەکەیەوە نەماوە و هیچ هاوڕێیەکیشی نییە.
کەسێکی دابڕاو لە کۆمەڵ. تەنیا و گۆشەگیر و داخراو بەسەر جیهانی خۆیدا.
لە جیهانە تایبەتەکەیدا، لەگەڵ تەنیاییدا ڕۆژە تاقەت پڕوکێنەکانی ژیان بەڕێدەکات.
هێڵنجێک ڕۆکیتانی خستووەتە حاڵەتێکی زۆر نامۆ !
حاڵەتێک، تێیدا هەست بەوەدەکات کە ئەو ئیدی پەیوەندی بە خودی خۆی و ئەوەیتر و دەورو بەر و شوێن و زەمان و ڕۆژگارەوە پچڕاوە و چووەتە دەرەوەی کات و زەمەن و ژیانەوە و جگە لە تەنیایی و ئەو هێڵنجە نەگریسەی یەقەی گرتووە و گیرۆدەی بووە، هەست بە هیچ شتێکیتر نەکات.
تەنیاییەکی سەیر !
" من بەتەنها دەژیم، تەنیایەکی تەواو. لەگەڵ کەس نادوێم هەرگیز، چاوم بە دیداری هیچ شتێک ناکەوێت و هیچ شتێک نابەخشم".
ئەو، لەژێر پاڵەپەستۆی ئازاری ئەو هەستکردن بە تەنیاییەدا
فشارێکی دەروونی سەخت ناوەوەی دەگوشێت و هەست بە ئازارێکی زۆری سایکۆلۆجی دەکات و عەبەسیەتی لێدەچۆڕێت.
"پەیڤی عەبەسییەت ئێستا لەژێر قەڵەمەکەم لە دایک دەبێت...هێڵنج لە هەموو لایەکەوە بوونی دەوردام، کەوتمە سەر جێگا. وام لێ بەسەرهات شوێنی بوونی خۆم پێ نەزانم، ڕەنگەکانم بینی لە دەور و بەرم بە هێمنی دەخوڵانەوە، ویستم بڕشێمەوە".
ئەو هێڵنج و ڕشانەوەی ئەنتوان ڕۆکینتان، ئەو هێڵنج و ڕشانەوە فیزیکیە ئاساییە نییە کە دوای هێڵنجێکی توند، فشار بۆ جەستە و لایەنی فیزیکی مرۆڤ دێنێت و نەخۆشەکە، ئەوەی خواردوویەتی و خواردوویەتیەوە، هەمووی دێنێتەوە و هیچ شتێک لە گەدەی خۆی ناگرێت و ئەوەی دەخوات و دەیخواتەوە فڕێیدەداتە دەرەوەی جەستەی.
ئەو ڕشانەوەی ڕەنگێکی بێزەوەر و بۆنێکی ناخۆش و دیمەنێکی بۆگەن و بێزارکەری هەیه، نا، بەڵکو هێڵنج و ڕشانەوەکەی ڕۆکینتان سایکۆلۆجی و حاڵەتێکی دەروونی و ڤایرۆسێکی تایبەت و جیاوازە و لە قوڵایی ڕۆحیدا لە دایکبووە و هەڵقوڵاوە و لەوێشەوە بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوەی هەڵکشاوە و دواتر بۆ هەموو جەستەیەی تەشەنەی سەندووە.
هێڵنج و ڕشانەوەکەی ئەو مەعنەوین و فشار لەسەر دەروونی درووست دەکەن و ناتوانێت عەبەسیەت و بێ ماناییەکانی ئەو ژیانە پووچەی کە تێیدا دەژیت، هەرس بکات و هەرکە بە ڕێگای هزرو تێڕامان و بیرکردنەوە، خوراکێکی مەعریفی و فەلسەفی و زانیاری و ڕۆشنبرییەک دەخواردی میمۆری مێشکی دەدات، یەکسەر هێڵنجی بێ مانایی دایدەگرێت و دەڕشێتەوە بەسەر هەموو بووندا و ژیان غەرقی ڕشانەوەیەکی مەعنەوی دەکات.
ئەو ژیانەی لە هەموو ڕوێکەوە لێی بێزارە و بە پووچ و بێ مانای دەبینێت. ژیانێک، بۆ ئەو لە قەڵەقێکی وجودی و کابووسێکی تۆقێنەر و ترسناک زێدەترنییە !
بەوچەشنە، ئەو هێڵنجە کوشێنەر و نەگریسە عەبەسییە، تێکەڵ بە جەستەی ڕۆکینتان بووە و تەشەنەی سەندووە بۆ ناوخوێن و دەمار و ڕووح و هەموو بوونی و بەهۆیەوە توشی حاڵەتێک بووە کە هەست بە تەنیایی و دڵ گوشین و غەریبی و نامۆیی بکات و هەموو شتێک لای پووچ و هیچ بێت و بێزارییەکی کوشێنەر بەهۆیەوە تەواوی بوونی داپۆشێت !
هێڵنجێک، ئەو حەزەی لادرووست کردووە کە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنێت و ئیدی هەموو شتێک لای ئەو بە فعلی کۆتاییان هاتووە و جگە لە پووچی و بێ مانایی، شتێکیتر لە دەرەوەی تەنیایی و هێڵنجەکەی ئەو بوونیان نییە !
"ئەو هێڵنجە هەستێکە، خواستی کۆتایی هێنان بە هەموو شتێکت لادرووست دەکات، یاخود ئەو بێزارییە گەورەیەی کە هەموو شتێک لای بە کردارەکی کۆتاییان دێت، لەو کاتەی هەست بە سوکی، یاخود قورساییەکەی دەکەیت. هێڵنجەکە لەناوخۆم نا بە تەنها، من هەستی پێدەکەم لەوێ. لەسەر دیوار، لەسەر بەرزاییەکان. لەدەور و بەرم. لەهەموو شوێنێک. کافێکە جگە لە شتێک بە تەنیا زێدەترنییە. ئەو شتەیش منم کە تێیدامە".
بەو شێوەیە، ئەنتوان ڕۆکینتانی عەدەمی بەدەست گرێی هێڵنجەوە دەتلێتەوە و هێڵنجی لەهەموو شتێک دەبێتەوە و
کەوتووەتە ناو تونێڵی هێڵنجێکی کۆشێنەر و دەروون پڕۆکێنەر و ئاسۆیەک نابینێتەوە، تا لەو هێڵنجە دەروونییە بە ئازارە قورتاری بکات.
سەرەڕای ئەو هێڵنجەقورس و دژوارەیش
ئەو حەزی لێیه گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرێت و پشکنین بۆ کردەوەکانیان بکات. بۆیێ بڕیاردەدات وەک پڕۆژەیەک دوای ئەوەی داوای لێدەکرێت پەڕتۆکێک لەسەر ژیانی "مەرکیز دور ڕۆلبۆن" بنوووسێت و لەپاڵ ئەوەیش یاداشتی ڕۆژانەی ژیانی لە تێنووسێکدا دا تۆماربکات.
ئەو، ئیدی لە شارە خەیاڵیەکەی بۆفێل دەست بە نووسینی یاداشتەکەی دەکات و وەک خوێنەر و لێکۆلەرێک و نووسەرێک، لە پارک و کافێ و پەڕتووک خانە و مۆزەخانەی شاردا دسوڕێتەوە و لە دیمەنی شەقام و مرۆڤ و ژیان دەکەوێتە تێڕامان و دەنووسێت و پێداچوونەوە بە نووسینەکەی دەکات و دێڕێک زیاد دەکات و دوو وشە دەسڕێتەوە و ڕستەیەک پاڵفتەدەکات و جێ گۆڕکێ بەو چەمک و، ئەو واتا دەکات و دەکەوێتە بیرکردنەوە بۆ دواتر، کە دەبێ چی بکات و چی نەکات؟
بەو چەشنە ڕۆکینتان ئەوماوەی لە بۆفێل دەمێنێتەوە، لە ورد و درشتی ئەو شارە و ژیان و مرۆڤ وردەبێتەوە و سەیری هاتووچۆکەران دەکات لەسەر شەقامەکانی شار و
سەرنجی دیواری فرۆشگا و دیمەنی باخ و کافێکان دەدات و بە قوڵی له هەموو جوڵەیەک قاڵ دەبێتەوە.
تابتوانێت خوێندنەوەیەکی تایبەت و قووڵ بۆ دەور و بەر و شتەکان بکات و قسە لەسەر تێڕوانین و لایەنی دەروونی و مێشک و سرووشت و میزاج و حەزی مرۆڤەکان بکات و
بە وردی و بابەتیانە و زانستیانە، لەبارەیانەوە بنووسێت و هەموو شتێک بە لۆجیکی خۆی شلۆڤەبکات و بیانخاتە ژێرنەشتەری ئەو لۆژیکە هێڵنجاوییەی خۆیی و لەسەر بنەمای لۆژیکی بێزاری قسەیان لەسەربکات.
ئیدی بە قووڵی ڕۆدەچێتە بیرکردنەوە، تابیسەلمێنێت ئەو هێشتا لەو ژیانە پووچەدایە و نەمردووە !
"من بوونەوەرێکم، بیر دەکەمەوە، کەواتا من هەم ....".
ئەنتوان ئەوکارە و نووسین دەکات، نەک لەپێناو ئەوەی مەبەست لێی نووسین بێت، بەڵکوو تا لەو هەستە تاڵ و تەنیاییە دەروونیەی تێی کەوتووە ڕزگاری بێت، یاخود هەر هیچ نەبێت ئەو خۆخەریکردنەی بە نووسین، کەمێک لە باری ئازارە ڕووحی و فشارە دەروونییەکەی کەم کاتەوە و لەو ڕێگایەوە ڕوو بە ڕووی سەختی و عەبەسییەتی ژیان ببێتەوە و ئەو ئلتیهابە فیکرییەی چارەسەربێت و ئەو دڵ گوشینە یەخەی بەردات.
چونکوو بۆ ئەو نووسین هیچ بەها و پیرۆزی و گرنگییەکی نییە. ئەو هەموو شتێک لەتێڕوانینیدا پووچە.
بۆیە ئەو، وەک ئەرک و پرۆژە نووسین ناکات. بەڵکوو
دەیەوێت لە ڕێگای نووسین و خۆخەریککرنی بەو کتێبەوە، ئەو قەڵەقی و هەستە کابووساویە لە خۆی دوور بخاتەوە و خۆی لەو هێڵنجە دەروونییەی ناوەوەی خاڵی کاتەوە و ئارامی ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێتەوە.
ئەو هەرکاتێک هەست بەوە بکات لە هەستە هێڵنجاوییەکەی چاک بووەتەوە، دەست بەرداری نووسین دەبێت و دەچێتە خەوێکی ئارام و قوڵەوە و دەڵێت"دەخەوم من چاک بوومەوە".
وەڵێ ئەفسووس ئەو سەرەڕای گەڕان و تێکەڵ بوون بە خەڵک، ئەو کابووسی هەستکردن بە تەنیاییە، وازی لێ ناهێنێت !
"دۆخەکە خەراپە زۆر. من هەست بە خەراپی دەکەم. ئەو بێزەوەرییە، ئەو هێڵنجە، ئەو جارە شێوازێکی نوێیە. لە کافێکە بووم، تووشم بوویەوە !".
ئەو هەستە ناخۆشە وای لێدەکات دووای نووسینی چەند لاپەڕەیەک، دەست لە نووسین هەڵبگرێت !
ئیتر نە یاداشتی ڕۆژانەی ژیانی خۆیی و نە ئەو کتێبەیش کە ئەدیب و ڕۆشنبیرێک داوای لێدەکات لە بارەی ژیانی"مارکیز دۆر ڕۆلبۆن"ی ئەرستۆکراتی فەڕەنسی سەدەی١٨ بنووسێت.
هیچیان تەواو ناکات و بە نیوە ناچڵی دەستیان لێ هەڵدەگرێت.
ئەو نووسینەی وەک یاداشتێکی ڕۆژانەی نووسیویەتی. لە پڕۆژەی کتێبکدا خۆی دەبینێتەوە و ناوی پەڕتۆکەکەیش دەنێت"هێڵنج"و لەوبارەوە دەڵێت :"کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ڕۆمانەی دەیخوێننەوە و دەڵێن ئەنتوان ڕۆکینتان ئەوەی نووسیوە..".
ئیدی ئەو یاداشتەی گەشتی ژیانی ئەنتوان ڕۆکینتان"سارتەر"، خۆی دەبێتە ئەو ڕۆمانەی قسەمان لەسەرکرد.
دووای "هێڵنجیش"حاڵەتە هێڵنجاوییەکەی ئەنتوان ڕۆکینتان، هەر بەردەوامی دەبێت و ئەو هێڵنج لە شەقامەکان، لە شار، لە پەڕتووکخانە، لە مرۆڤ، لە نووسین و هەمووشتێک دەکات.
ئەو هەستە ناخۆشە یەخەی بەرنادات و جێی ناهێڵێت.
سەرەڕای قورسایی دۆخەکە ئیدی ڕۆکیتان ناچار دەبێت بچێتە ژێر ئەمری واقیع و لەگەڵ ئەو هێڵنجه خۆی ڕابێنێت. سەرەنجام دەگات بەو بڕوایەی کە ئەو هێڵنجە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی و کەینوونە و ژیان و بوونی ئەو و تازە وا زوو لێی جیانابێتەوە.
"هێڵنج جێم ناهێڵێت، هەست ناکەم بەو خێراییە و وازوو جێشم بێڵێت. بەڵام چیتر بەرگەی ڕوبەڕو بوونەوەی ئازارەکانی ناگرم. چیتر ئەو نەخۆشی نییە، بەڵکو ئەو منم".
بۆ دەرچوون لەو تونێلە تاریکەدا، شاری بۆفێڵ بەرەو پاریس جێ دێڵێت و لەوێ دەچێتە هۆڵی هونەری و گوێ لە مۆسیقادەگرێت. وەک دەربازبوون لەو دۆخە دۆزەخییەی تێیکەوتووە و هەستدەکات هونەر تاقە ڕێگەیە بتوانێت یارمەتی بدات و لەو هەست و هێڵنجاوییە فریای بکەوێت و ئارامیْ ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێنێتەوە.
ئەو ئیتر دەیەوێت لە جیاتی نووسین و بیرکردنەوە، بە مۆسیقای جاز چارەسەری هێڵنجەکەی و حاڵەتە دەروونییەکەی بکات.
ڕۆکیتانی پاڵەوان وەنەبێت کەسێکی ڕەش بین، یاخود دژە ژیان بێت. به پێچەوانەوە ئەو ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستەگەڕ تا لە هۆکاری ئەو دۆخە دەروونی و هێڵنجە سایکۆلۆجییەی کە گیرۆدەی ببوو چارەسێک بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت.
بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک ڕێگای تاقی کردەوە، وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە و نووسین و گەشت و گەڕان و دووایینیان مۆسیک.
تا دووباره لەو هێڵنجەی لێی ببوو بەگرێ کوێرە و بۆی نەدەبوویەوە و لێی حاڵی نەدەبوو تێبگات !
تاچارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە و تێکەڵ بە ئاوەدانی و خەڵک و ژیان ببێتەوە و ئەو نامۆبوون و تەنیایی و هێڵنجە یەخەی بەربدات.
وەڵێ ئەفسووس، مرۆڤ هەرچەند هەوڵی نەجات بدات سودی نییە، وەک خۆی دەیڵێت
هیچ سودی نییە، مرۆڤ هێڵنج دەوری دەدات، وا دەبیندرێت ئەوە چارەنووسی مرۆڤ دەبێت لە ژیان".
ئەو پیاوێکی عاشق بوو، خۆشەویستی هەبوو(ئانی). ڕۆکینتان بەرەوام لەگەڵ یادگارییەکانی دەژیا و بیری لەو چرکە ساتە خۆشانە دەکردەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکەوە بەسەریان دەبرد.
ئەو، ئاواتەخوازبوو دووبارە بە دیداری بگاتەوە و ژوانی لەگەڵ ببەستێت و هەرەها باسی لەوکاتانە دەکرد کە خۆی لە وڵاتی جیبۆتی و ئانی لە عەدەن بوو.
ئەو، لەسەرەتا و تا کۆتایی چیڕۆکەکە، باس لە خۆشەویستەکەی ئانی و، یادگارییەکانی و وردو درشتی ژیانی دەکات و لەو جیابوونەوە تاڵ و بەئازارەی نێوانیان دەدوێت.
جیاوبوونەوەک کە زام و برینێکی ساڕێژنەکراوی هەمیشەیی لە دەروونیدا جێهێشت و ڕۆحی خستەئازارێکی بە سوێی نەبڕاوە و هەموو خەونەکانی تێک و پێک شکاند و ئاواتەکانی لە گۆڕنا و ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و گشت بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی و چێژێکی ژیان لەگەڵ جیابوونەوە لە ئانی لێی جیابوویەوە و هیچ لە کەسایەتی و بوونی نەمایەوە، جگە له پیاوێکی تەنیا و سەرگەردان و نامۆ و هێڵنجاوی و دابڕاو گۆشەگیرنەبێت.
ماوەتەوە بڵێم:
هێڵنج، بەرجەستەکەری دیدەنیگا و جیهان بینی و تێڕوانینە عەبەسیەکەی سارتەرە لەمەڕ بوون و گەردوون و ژیان و مرۆڤ و سارتەر لەڕێگای کارەکتەری(ڕۆکینتان ئەنتوان)، فەلسەفە عەبەسییەکەی خۆی لە هێڵنج دا دەخاتەڕوو. "من کلیلی کەینونە و بوونی خۆم دۆزییەوە، کلیلی هێڵنجەکەم، کلیلی خودی ژیانم. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دواییدا بە دەستم هێنا وەک ڕزگاربوونێک لەو عەبەسییەتە سەرەکیەدایه".
هێڵنج وەک گەشتێکی سەختی ڕوکینتان ئەنتوانە. گەشتێک گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و لۆژیکی بوونی گەردوون و ڕووداو شتەکان و دووپاتکردنەوەیه لە فەوزایی بوونی وجوود و بێ مانایی ژیان.
سارتەر له هێڵنجدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە هیچ و بێ مانایی و عەدەمەوە هاتووین بۆ ژیانێکی بێ ماناو بە پووچگەرێتی دەوردرا و بەرە و عەدەمێکی بێ ماناو پووچیش دەڕۆینەوە و دەبینەوە بەهیچ و عەدەم.
هێڵنج پێمان دەڵێت خۆتان فریو مەدەن بەوەی ئەو ژیانە شوێنی ژیان و خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە.
هەرگیز، لەو ژیانە، مرۆڤ بە ئارامی و بێ هێڵنج و دوور له دڵەڕاوکێ و بێزاری ناژیت و ژیان بە عەبەسیەت و ئازار و نەهامەتی و تراجیدیا دەورورداوە و مرۆڤ کائینێکی خەفەتناک و گۆشەگیر و دابڕاوە و تەنیایی بوون سیمایەتی و هیچ ئایین و ئایینزا و ئایدۆلۆژیا و فیکر و ئایدیا و فەلسەفە و زانستێک و هیچ شتێک لە توانای دا نییە ئەو عەبەسیەت و ئازار و نەهامەتییەی ژیان لابەرێت و واتا بۆ ئەو ژیانە پووچ و بێ مانایە بدۆزێتەوە.
ئەی چارەسەر چییە وەک حەلێکی بوونگەرایی و وجوودی بۆ ئەو وجودەی سارتەر لای پووچ و عەبەساوی و بێ مانایە!؟
سارتەر لە ڕێگای پاڵەوانە نهلیستەکەیەوە، پێمان دەڵێت هەروەندەمان لەدەست دێت لەو ژیانە بێ ماناو پووچەیه، لە ڕێگای ئەدەب و هونەر و مۆسیکەوە، تۆزێک ئارامی بۆ دەروون بگەڕێنینەوە و گەر تاقە دەروازەیەکی خەلاس و ڕێگایەکی ڕزگاربوونیش هەبێت، ئەوە جگە لە ئەدەب و هونەر و مۆسیک، چیتر نییە بتوانێت ببێت بەو هێزەی بەسەر نیگەرانی و قەڵەقە وجودییەکاندا زاڵ بێت.
سەرچاوە: galawej