هۆکارەکانی مردنی زمان چین؟


موسلیم عەبدوڵڵا

زمان وەک بەرچاوترین و دیارترین لێکجیاکەرەوەی نێوان مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری سەر هەسارەکەمان خزمەتێکی گەورەی کردووە بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، باشترین ئامرازی پەیوەندیکردنە، ئەگەر سەرنجی مێژووی مرۆڤ و شارستانییەتەکان بدەین دەبینن کۆمەڵێک زمان هەبوون و ئێستا لە ناوچوون، یان ئێستا کۆمەڵێک زمان لەسەر لێواری لەناو چوونن، لەم  بابەتەدا تیشک دەخەمە سەر مردنی زمانەکان و هۆکارەکانی مردنیان نەک چییەتی و سەرهەڵدانیان. 
 نەوام چۆمسکی دەڵێ: زمان بەتەنیا  وشە نییە، کەلتور، نەریت و رێکخەری کۆمەڵگاشە. کەواتە زمان پەیوەستە بە کەلتور و ناسنامە و پەروەردەوە، جا چی روودەدات کاتێک زمان دەمرێت. بەدڵنیاوە لێکۆڵینەوە لە دەرکەوتن و مردن و زیندووکردنەوەی زمانەکان تەنها کاری زمانناسەکان نییە، بەڵکو کاری مرۆڤناس و کۆمەڵناس و بیرمەند و ئەدیب و راگەیاندن و بڵاوکراوەکانیشە. 
مردنی زمان چییە؟
مردنی زمان بریتییە لە کەمبوونەوە و نەمانی قسەکەری رۆژانەی زمان، لێرەدا زمان قسەکەری رەسەنی نامێنێت، هەرچەندە زمانەکە خۆی دەمێنێت، ئەم جۆرە زمانانە زیاتر لەناو پەرستگا و زانکۆکەکان دەمێننەوە لە نموونەی ئەم جۆرە زمانانە وەک لاتینی، سریانی، پەهلەوی، لە هەمان کاتدا جۆرێکی ترمان هەیە پێی دەگوترێت زمانی لەناوچوو، ئەمەشیان جیایە لە زمانی  مردوو، ئەم جۆرەیان نەک تەنیا قسەکەری نەماوە، بەڵکو تەنیا لەسەر تابلۆ و کتێبەکان نووسینیان ماوە، ئەو کەسەی لەو زمانە تێدەگات دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، لە نموونەی ئەم جۆرە زمانەش وەک سانسکریتی، قیبتی و...هتد، بۆ ئەوەی کەسێک لەم زمانانە تێبگات دەبێت فیلۆلۆگست یان زمانەوان بێت لە زمانە دێرینەکان، ئەم جۆرەیان بە پێچەوانەی جۆری یەکەم ئەگەری زیندوو کردنەوە و بوژاندنەوەی زۆر دەگمەنە.
هۆکارەکانی مردنی زمان
زمان  بە مانای وشە وەک هەر هەبووویەکی گەردوونییانە بوونێکی سنووردار و رێژەییە بەهەمان شێوەی کەلتور، دیاردە، داب و نەریتەکان، بەڵام لەهەمان کاتدا دەکرێت کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەر هەبن وا بکەن زمانێک بەرەو نەمان و مردن بچێت، لێرەدا دەمەوێت گرنگترینیان باس بکەم. دیارترین ئەو هۆکارانەی وا دەکەن زمانێک بمرێت بریتین لە:
گەشەسەندن (evolution)
زمان هەمیشە لە گەشەسەندایە، ئەو ئینگلیزیەی 1500 ساڵ پێش ئێستا قسەی پێکراوە زۆر لەو ئینگلیزییەی ئێستا جیاوازە. ئەمەش شتێکی سروشتییە، بە تێپەڕێنی کات و بە تێکەڵاوبوون لەگەڵ کەلتورەکانی تر و سەرهەڵدانی بیر و فەلسەفە و زانستی دیکە و...هتد، زمانیش گۆڕانکاریی بەسەردا دێ و گەشە دەکات.
گۆڕین (Transformation)
گۆڕین هۆکارێکی دیکەی مردنی زمانە، دەکرێ ئەم هۆکارەی مردنی زمان ناوی لێبنرێت گۆڕانی ئەدگار و سیمای رەسەنی زمانەکە، زۆر زمان هەن بە تێپەڕینی کات دەگۆڕدرێن، زمان و فۆرمی نوێیان لێ دروست دەبێت، ئەمەش شتێکی سروشتییە، بەڵام ئەوەی پێویستە، بکرێت لە لایەکەوە رێگری بکرێت لە گۆڕانکاری زمانەکە بۆ هەموو لایەک، واتە نەهێڵدرێت زمان پەل بهاوێت بۆ هەموو لایەک، دەکرێت لە رێگای ئەجێنداو و پلاندانانەوە ئاڕاستەی زمان دیاری بکرێت، دەنا دەرئەنجامەکەی دروستبوونی زمانی نوێ و شێوەزار و ناوچەزاری دیکە دەبێت، دواتریش ئەم شێوەزار و ناوچەزارانە دەبنە هەڕەشە و زمانی نوێیان لێ لەدایک دەبێت.
زمانی  ئەغریقی بەناو زنجیرەیەک گۆڕانگاریدا رۆیشت تاکو زمانی یۆنانی نوێی لێ پێکهات، گەر ئێستا بەراوردی بکەیت بە شێوازە دێرینەکە تەواو جیاواز دەردەکەوێت. هەندێک زمان وەک لاتینی نەمردووە، هەرچەندە تەواوی قسەپێکەرەکانی مردوون.  ئێستا زمانی لاتینی گەشەی سەندووە، زمان و ناوچەزار و شێوەزاری نوێی لێ دروستبووە کە ئێستا بە زمانەکانی رۆمانی ناویان دەبەین، ئەمانیش لاتینی و ئیسپانی و فەرەنسین و...هتد.
قەڵاچۆکردن (Genocide)
هەندێک زمان دەمرن لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی گروپێکی دیاریکراو، ئەمە  وا دەکات زمانی گروپەکەش بمرێت. جێگای داخە ئەمە زۆر جار روویداوە ئێمە زۆریش بیرمان لێ نەکردۆتەوە.
  ناچارکردن (coercion)
مەبەست لەم هۆکارە ئەوەیە زمانگەلێک هەبوون لە دەرئەنجامی داگیرکەران کەوا زمانی خۆیان فەرزکردوە بەسەر ناوچەی داگیرکراودا مردوون. زەبر و زەنگ و هێزیان بەکارهێناوە تا داگیرکراوەکان لە زمانی رەسەنی خۆیان دوربکەونەوە و زمانی داگیرکەر بەکار بێنن، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک نمونەمان هەیە، لەوانە داگیرکردنی کوردستان و ئێران و روخاندنی دەوڵەتی ساسانی بەدەستی عەرەبەکان لەسەردەمی داگیرکاریی ئیسلامیدا کە وای کرد زمانی عەرەبی لە جیاتی زمانی پەهلەوی و پارسی و...هتد بەکار بهێنرێ، ئەو کات دەبوایە هەموو کەسێک بە زمانی عەرەبی قسە بکات و ئەم رووداوە تا ئێستاش کاریگەریی بەسەر زمانی فارسیدا دیارە، لێکۆڵەران دەڵێن زیاتر لە نیوەی زمانی فارسی، عەرەبییە. 
توانەوە (Absorption)
مەبەست لە توانەوەی زمان ئەوەیە ئەو خەڵکانەی قسە بەو زمانە دەکەن لە زمانێکی تر نزیکدەبنەوە کە جوگرافیاکەیان لێک نزیکە. هەر بۆیە ئەو زمانە هەیمەنەی خۆی بەسەر زمانی ئەو خەڵکەدا دەسەپێنێت و بەرە بەرە وادەکات زمانەکەی تر لەخۆیدا بتوێنێتەوە.
کارەساتی سروشتی
( natural cause)
کارەساتی سروشتی یەکێکە لە هۆکارە گەورەکانی مردنی زمان، ئەمەش لە دوو ئاڕاستەوە کاری خۆی دەکات، کاتێک کۆمەڵگایەکی دابڕاو و یان رووبەرێکی بچووک بەر بوومەلەرزە، تسۆنامی، زریان یاخود تەقینەوەی بورکانێکی گەورە دەکەوێت، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگاکە لەناودەبات دواتر کاریگەری دەروونی و کەلتوری و شارستانیشی لێدەکەوێتەوە.
گونجاندن (adaptation)
زۆرجار زمانەکان ناتوانن لەگەڵ سەردەم و بارودۆخی مۆدێرن خۆیان بگونجێنن، گەر سەیری بکەین لەسەردەمی هاوچەرخی ئێستادا زانست و تەکنەلۆژیا و فەلسەفە پێویستی بە زمانی بە هێز و خۆگونجێنەرهەیە، دەبینن زۆر زاراوە وەک خۆیان بەکاردەهێنرێنەوە، ئەمەش زۆر جار لەبەر ئەوەی وشەی هاومانای لەبەرامبەردا نییە.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ