هونەرمەند و نووسەری ناوداری کورد هۆمەر دزەیی لە مەراسیمێکدا کتێبی “لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا”ی بڵاوکردەوە، کە پێکهاتووە لە یادەوەرییەکانی.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژماریەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و نووسەران و سیاسەتمەداران، هونەرمەند هۆمەر دزەیی لە مەراسیمێکدا چاپی دووەمی کتێبی یادەوەرییەکانی بەناوی “لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا”ی بە واژۆی خۆی بڵاوکردەوە.
عادل محەمەد، پسپۆڕی بواری میوزیک لە بارەی کارە هونەرییەکانی هۆمەر دزەییەوە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:”هۆمەر توانیویەتی بە نووسینەکانی هەژاریی کتێبخانەی کوردی لە بارەی موزیکەوە پڕبکاتەوە، شانازییەکی نەتەوەکەمانە کە خاوەن هونەرمەندێکی وەها ڕۆشنفکرین”.
عومەری شێخ موس، سیاسەتمەداری کورد و هاوڕێی هۆمەر دزەیی لە درێژەی مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و چەند یادەوەریەکی لەگەڵ هۆمەر دزەیی گێڕایەوە بۆ ئامادەبووان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، هونەرمەند هۆمەر دزەیی وتەیەکی پێشکەش کرد وتی:”چەندین ساڵ لە پەناهەندەیی بژیت، نابێتە وڵاتی خۆت، هەموو دونیا گەڕام هێشتا بە ئاواتەکانم نەگەیشتووم و خۆم بە دڵشکاو دەزانم”. دواتریش واژۆی لەسەر کتێبەکەی کرد و پێشکەشی ئامادەبووانی کرد.
سەرچاوە: rojnews