هاکانیزم و دەرهاویشتەکانی...

 

هاکانیزم قوتابخانەیەکی دیپلۆماسی تورکی بۆ سیاسەتمەدارانی کورد لە هەرێم و خستنە ژێر هەژموونیانەوە

 

 

 

ئا/  جوتیار ئاسۆس ، ناوەندی هەواڵ

بەرلەوەی پێناسەیەکی گونجاو بۆ هاکانیزم بکەین، دەمەوێ ئاماژە بە بۆچوونێکی بەڕێز زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە بکەم، کە پێشتر لە وتارێکی نوێیدا لە ماڵپەڕی ڕۆژنیوز تێزەی "فرمێسکی هاکان"ی لەبری تێزەی فرمێسکی تیمساحی بەکارهێنا، وێڕای هاوڕایی تەواوم لەگەڵ وتارەکە بەڕێزیان، هەر ئەوەش وایکرد بەپێویستی بزانم چەند دێڕێک لەسەر مەترسی هاکانیزم بنوسم.

کەم نین ژمارەی ئەو سیاسەتمەدار و سەرکردانەی بە چەپ و راست و عیلمانی ئیسلامیەوە کە بە نهێنی یان بە ئاشکرا سەرسامی خۆیان بۆ کەسایەتی هاکان فیدان دەردەبڕن. تیایاندایە کە سەرباری ئەوەی بە نەیار و دوژمنی خۆشی دەزانێت ، بەڵام هێشتا باس لە بەهێزی کەسایەتی ناوبراو دەکات. هەتا کار گەیشتۆتە هەندێکیان هەمان گوتار دووبارە دەکەنەوە و تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو لاسایی پۆشینی جۆری جلوبەرگ و شێوەی وەستان و تێڕوانین و ئاخاوتنیشی دەکەنەوە. ئەوەی کە هاکان فیدانی کردووە بە کەسایەتیەکی بنگەیی لەناو پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکەپە، تەنیا شێوە و ڕوخسار و تواناکانی هاکان فیدان نیە، بەڵکو زیاتر لەهەمووی ڕەچەڵەکە کوردیەکەیەتی. تائێستا خودی خۆی لانی کەم بەفەرمی دانی پێدا نەناوە کە کوردە و من لەوباوەڕەم ئەو دانپیانانەی هەڵگرتووە بۆ داهاتوو، هەرکات دەوڵەتی قوڵی تورکیا لە گۆڕەپانی ناودەوڵەتی تەواو هەراسانبکرێ و بە سیستمێکی فاشیستی دژە کورد ناوزەدبکرێت، ئەودەم ڕەنگە پێویستبێ کە هاکانیش چەند دێڕێک بە زمانی زکماکی خۆی وتار بدا و پڕوپاگەندەی ئەوە بکات کە وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ڕەچەڵەک کوردە.

کەسایەتی هاکان فیدان بۆ مەرامەکانی میساقی میللی

دەوڵەتی قوڵی تورکیا ماستەرپلانێکی هەمەلایەنەی ئامادەکردووە بۆ گرێدانەوەی ئەوەی کە بە ناوچە دابڕاوەکانی میساقی میلی خۆی دەزانێ، کە لە ئێراقدا تەواوی ویلایەتی موسڵ لە شاری موسڵەوە هەتا خانەقین (واتە تەواوی هەرێمی کوردستان و ناوچە داببراوەکانی ماددەی ۱٤۰) بە موڵکی خۆی دەزانێت. بۆ ئەمەش هەندێ کاری زیاتری پێویستە و تەنیا بنکەی سەربازی و هەواڵگری و هەژموونی میدیایی و فەرهەنگی کافی نیە، بەڵکو ئەوان توانیویانە سود لە کەسایەتی مرۆڤێکی وەک هاکان فیدان وەربگرن لەپێناوی پەروەردەکردنی چینێکی نوێ لە سیاسەتمەدارانی کورد لە چەشنی ناوبراو. خەسلەتەکانیشی بریتیە لە پەیڕوەکردنی کوت و متی ڕیاڵپۆڵەتیک و ئەنجامدانی هەموو جۆرە تاوانێکیش بە بەهانەی واقیعیبوون و قازانجی گشتی. دوور نیە کە ناوبراو لە دیدارە تایبەتیەکانیدا لەگەڵ سیاسەتمەدارانی باشوری کوردستان هەر بە زمانی کوردیش گفتوگۆیان لەگەڵدا نەکات و لەپێناوی ئەفراندنی متمانە و هاوڕێیەتی ناوبراو بەنافەرمی شانازیکردنی خۆشی بە ناسنامەی کوردبوونی بۆ ئەو کەسایەتیانە بەیاننەکردبێت. کاریگەریەکانی ئەوەش بەخۆویستی بێت یان بە خۆنەویستانە، لە تێڕامانێکی سایکۆلۆژیانە و زمانی جەستەی زۆر لە سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرایی دیارە.

دەوڵەتی تورک جگە لە ئەفراندنی قروجی و جاش و دامەزراندنی پارتی وەک هودا-پار و پەروەردەکردنی چەندین نەوەی تورکیزمان لە باشوری کوردستان لەڕێی قوتابخانە و زانکۆ تایبەتیەکانەوە، سلکی دپلۆماسی و سیاسیشی فەرامۆش نەکردووە و داهۆڵێکی بە ڕەچەڵەک کوردی وەک هاکان فیدانیشی ئەفراندووە، کە جگە لەوەی حەوت بەردی بە پشتی حەسەن خەیریدا داوە و هەردەپەنجەکەی بە تیرۆر و کوشتن سورە، سەرلەبەری دۆکترینەکەشی لە چەند ڕستەیەکدا پێناسە دەکرێت؛ ئەوەش بە سڵنەکردنەوە لە هەموو کردەیەکی نائەخلاقی لە پیلانگێڕی و لێدانی چالاکوانە مەدەنیەکان و داخستنی ناوەندە ڕۆشنبیری و فکریەکانەوە هەتا دەگات بە خیانەت و کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنی نەیاران لە پێناوی بەجێگەیاندنی تەواوی ئامانجەکان بەڵام بە خۆنمایشکردن لە فۆرمێکی شیک و وتاردانێکی شایستە، بێگومان هەر ئەوەش فێری هاوڕێکانی خۆی دەکات. ئەوەی شایەد زۆرینەمان لێی بێئاگا بین ئەوەیە کە خودی هاکان فیدان تەنیا بریتیە لە فیگەرێکی ڕاگوزەر و کارەکتەرێکی هەڵمی، کە لەپاش بەئەنجامگەیاندنی ئەجنداکانی دەوڵەتی تورک ئەویش بەدڵنیایی ئاوا دەبێ و هیچ شوێنەوارێکی لە گۆڕەپانی سیاسیشدا نامێنێ. ئەو دەمەی سیاسەتمەدارانی هەرێمیش کە زۆرینەی ڕەهای شەقامی کوردیان لەخۆیان کرد بە دوژمن، ئیدی هاکان فیدانێک بوونی نامێنێت هەتا ئامۆژگاریان بکات.

سەرچاوە : ANF NEWS