هاوارێک بۆ کورد

هاوبیر  

وەکوو چۆن دڵخۆشیبوون و یاری و هەڵبەزودابەزی منداڵان لە خۆشیبینی و هەستکردن بە زیندووێتییانەوەیە و خودی کردارەکە مەبەستە، بۆیە نەزانییەکی گەورەیە کە لەوەدا بە دوای ئامانجێکی دەسکەوتخوازانەدا بگەڕێین، ئاوها کوردایەتیش لای من، کە ڕامان و تێڕامانێکە لە خۆ و لە شوێنگەی بوونم لەنێو ئاپۆرای مرۆڤاندا، هەستێکی دەستکەوتنەخوازی خۆشیبەخشە، بۆیە کەس پێی وا نەبێت هیچ هزر و ئایدیایەک هەنجەت و هێزی ڕاماڵینیانی هەبێت.

لە ڕاستیدا کوردایەتی کە هەستی خۆڕسک و بڕوای خۆبەخۆی مرۆڤی کوردە، بارە ئاساییەکەیە و لەمەدا ڕێگایەکی دیاریکراوی پێشوه‌خته‌ ئامادەکراو، یاخود دین و مامۆستایه‌ک نییە ببێ بە شۆفێری. ئەوە نەبوونی ئەو هەستەیە نیشانەی نائاساییبوون و نەبەکامی و بگرە ناچیزەبوونیشێتی. ئەو چەواشەکارانەی لەمەڕ خۆشمان کە بە تێزە ئاڵۆزەکانیان زمانبازی لەمەدا دەکەن، تەنیا مەبەستیان شێواندنی ئاگایی تاکی کورد و ئاراستەکردنی ئاوەزیەتی بەرەو دنیای دەسکەوتخوازی، کە بوار بۆ ژیانێکی بە شکۆ ناهێڵێت.

خوێنەری بەڕێز...
لە کاتێکدا هەرچی هەیە و نییە، سەر و بنی گوتە و کرداری بۆ نەتەوەی خۆیەتی و لە کڵاوڕۆژنەی وڵاتی خۆیەوە دەڕوانێتە دنیا و لەوەشدا چ باکی بە بگرەوبەردەی کەس نییە. ئیدی بۆ ئێمەیش لەوەدا وەکوو خەڵکی نەبین و شەرم لە شتێک بکەین کە شکۆمان شۆختر دەکات؟
لەوانەیە بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە، باسکردنێکی کورتی کرێکارێکی کارەباچیی حەوزی کەشتیسازی (لێنین) لە بەندەری (دانتزیک)ـی پۆڵۆنیا، کە لە لەدایکبوونیەوە لەنێو سیستەمی کۆمۆنیستیی (نانەتەوەی)ـیدا گۆش کراوە، بۆ تاکی کوردی داگیرکراو و هیلاککراو به‌ ئایدیاگەلی سوواو، بێ سوود نەبێت.

لێخ ڤالێسای لەدایکبووی ساڵی 1943ز، بە خەباتێکی تاقەتپڕووکێنی چەند ساڵە توانی لە سێپتێمبەری 1980دا لەنێو دنیای دەیان ساڵەی (سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی)ـی پۆڵۆنیا، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاری دابمەزرێنێت بە نێوی (هاوکاری - سۆلیداری) و بەهۆیەوە گۆڕانی گەورە بۆ وڵات و کۆمەڵگای پۆڵۆنیا بێنێتە ئارا. دیارە هەر ئەمەیش وای کرد خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 1983ی پێ ڕه‌وا ببینرێت و ڕێکخراوە جیهانییه‌کانی دی دەیان مێداڵ و خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تیی به‌نرخی پێشکەش بکەن و 32 زانکۆی ئه‌ورووپی و ئه‌مه‌ریکاییش پله‌ی دوکتۆرای شانازی (فه‌خری)ـی پێ ببه‌خشن.

ڤالێسا کە خۆی لەلایەن ڕژێمی کۆمۆنیستیی پۆڵۆنیاییەوە ڕێگه‌ی پێنەدرا بچێت بۆ نه‌روێژ و به‌شداریی خۆشیی ئاهه‌نگی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵەکەی‌ بکات، خاتوو دانوتا ڤالێسای خێزانی و کوڕه‌که‌ی نارد و نامەکەیشی (سیڤینسکی)ـی هاوڕێی لەبری ئەو خوێندیەوە.

لە ڕاستیدا، لە نامە سوپاسگوزارییه‌‌که‌یدا، کە دەربڕینی دەروونین و لە دنیابینییەکی درەوشاوەوە دێن، ئەوە دیارە کە پەرێشانیی بۆ پۆڵۆنیا و پۆڵۆنییەکان گەوهەری گرنگییەتی (کە ئەمە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری بوونی بیری نەتەوەییە لای) و خودی مرۆڤیشی بە تاکە ئەفرێنەر و چەق داناوە (ئەم نامەیە گوتارێکی هێنده ‌کاریگه‌ره‌، که‌ ده‌زگای چاپه‌مه‌نیی موندوسی ئه‌ڵمانی، له‌ته‌ک کۆمه‌ڵێ گوتاری گرنگی تردا کۆی کردووەته‌وه‌ و له‌ کتێبێکی 650 لاپه‌ڕه‌ییدا که‌ ناوی ناوه‌ - گوتارگه‌لێک که‌ جیهانیان بزواند‌ - له‌ ساڵی 1986دا بۆ جاری پێنجەم لە شتوتگارت چاپی کردووەتەوە‌. منیش ده‌قه‌که‌یم له‌و‌ە‌وه‌ وه‌رگێڕاوە و لە کتێبەکەمدا دامناوە.)

سەرەڕای ئەوەی کاک ڤالێسا لە نامەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە دەشێ بێده‌نگی بتوانێت ڕەوانبێژی و زمانپاراوی بێت، بۆیە خۆی لە بابەتگەلێک وەدوور خستووە کە شیمانەی شێواندنی بارودۆخەکەی لێ بکەوێتەوە. بەڵام دانی بەوەدا ناوە ئەم خەڵاتە ئەزموونێکی دراماتیکیی سه‌ختی وای لە پۆڵۆنیا ئاشکرا کردووە که‌ لە داهاتوو ده‌ڕوانێت‌ و چووەتە هۆشی خەڵکییەوە، دیارە شتێکیش کە لە هۆشدا جێگیر بوو، هەرمانە و ناتوانرێت له‌ناو ببرێت. ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە لای ئەوان خەڵاتەکە مەبەستێکی مانادارتر و مەزنتری لە پێداویستییە ماددیەکانی ژیان هەیە و شەرەفی پێی بەخشیوە و بە هۆیەوە دەتوانن هه‌ردوو به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی ژیان، ئاشتی و دادپه‌روه‌ری، کە خوێ و نانی مرۆڤایەتیین، له‌ پۆڵۆنیا بەرز ڕابگرن.

من لێرەدا تیشک دەخەمە سەر دوو تەوەری گرنگی نامەکەی:
یەکەمیان - نیشاندانی گرنگیی تێگەیشتنی ڕێگاچارەی کێشەکان کە بەلایەوە ئاوایە؛
خەبات ئەگەر دژی گشتگیر (تۆتالیتار)ترین سیسته‌می کۆمۆنیستیش بێت، هەر دەبێت بە هێمنی بێت و نابێ باسکردنی توندوتیژی، ڕک و درۆکان بەرەو بیرکردنەوە لە پانوپلیشکردنی ئه‌وانی دی بڕوات، چون مرۆڤ تەنیا کاتێک ده‌توانێت‌ کاریگه‌رانه‌ دژی توندوتیژی بوه‌ستێته‌وه‌ که‌ خۆی ئه‌و ڕێگەیە بەکار نەهێنێت.

دووهەمیان - بە گەوهەریدانانی گرنگیدان بە نەتەوە و وڵاتەکەی کە ئەمەیان بۆ کەسێکی کە هەموو ژیانی لەنێو سیستەم و فەرمانڕەوایی کۆمۆنیستیدا بووبێت، سەرنجڕاکێشە و هی ئەوەیە وانەی لێ وەربگیرێت. بۆچوونی ئەو لەو بارەوە بە کورتی ئاوایە؛‌
پۆڵۆنییەکان هەرگیز و له‌ نەهامەتییەکانیشیاندا بێهومێد نه‌بوون، سه‌ریان پێ دانه‌نه‌وێندراوە‌ ... ئەوان له‌م سه‌دانه‌ی ڕابوردوودا سه‌ختی و تێکشکانی زۆری ئەزموون کردووە ... لە کاتی داگیرکارییەکانی وڵاتدا جیهان به‌ بێده‌نگی یاخود ته‌نیا به‌ هاوسۆزییەک کاردانه‌وه‌ی هه‌بوو ... مێژووی نه‌ته‌وه‌ تەنراوە بە تاڵی، هەر ئەمەشە خەڵکی پڕ کردووە له‌ هه‌ستی نه‌بوونی یارمه‌تی ... ئێمه‌ به‌رۆگر (میراتگر)ـی ڕوانینێکی‌ نەتەوەیی واین، که‌ به‌ سایەیەوە گەلەکەمان هه‌رگیز نەبووەتە کۆمەڵێکی‌ بێ خواست (بێ ئیراده‌) و ته‌مه‌ڵ و سست ... ئەم خەڵاتە هومێدێک دەگەشێنێتەوە کە به‌ درێژایی هه‌موو سه‌ده‌ی نۆزده‌ نه‌ته‌وە بۆ چاوترووکانێکیش گومی نه‌کردبوو، تەنانەت لەو کاتانەش کە سه‌ربه‌خۆییه‌کەیشی لەکیس چووبوو ...‌ لاوێتیی من که‌وته‌ نێو سەردەمی دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات له‌ که‌لاوه‌ و تۆزی ئه‌و جه‌نگه‌ی، که تیایدا نه‌ته‌وه‌که‌م خۆی بۆ دوژمن نه‌چه‌مانده‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ له‌ خه‌باته‌که‌یدا به‌رزترین نرخی دا.

له‌ ڕاستیدا کرێکارانی ناڕازیی پۆڵۆنیا نه‌ته‌وه‌ بەرجەستە دەکەن و سه‌ندیکاکه‌مان (هاوکاری) به‌ره‌و‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌هێزی ئازادیی کۆمەڵایەتی و ئاکار گه‌شه‌ی کردووه‌، ئاوا بوو و هه‌رواش وه‌کوو هه‌لێکی گه‌وره‌ بۆ تێکڕای وڵاته‌که‌مان‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ... ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت کە کاره پڕ دەردەسەرییەکانمان هه‌روا به‌ خۆڕایی نەبێت و پڕمانا بێت، کە کو‌لتووره‌که‌مان گه‌شه‌ بکات و له‌ ئازادیدا خۆی بکاته‌وە ... بناغه‌ و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی هێزی ئێمە، پشتگیریی نه‌ته‌وه‌یه‌، پشتگیریی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ شکۆداری، ڕاستگۆیی و گونجان له‌گه‌ڵ ویژدانیاندا بژین ... نه‌ته‌وه‌ی پۆڵۆنیا ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌، که‌ بڕیاری خۆی بدات، پاشه‌ڕۆژی خۆی دابڕێژێت. ئه‌م مافە ‌مه‌ترسییه‌ک نییه بۆ هیچ که‌س ... بڕواشم وایە که‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دنیا مافی‌ ژیانی شکۆمەندانەیان هەیە ... به‌ په‌رۆشترین ئاواتم ئه‌وه‌یه که‌ وڵاته‌که‌م له‌ هه‌له‌ مێژووییه‌که‌یدا‌ گه‌شه‌یه‌کی هێمنانه‌ی ده‌ست بکه‌وێته‌وه‌ و پۆڵۆنییه‌کان نیشانی دنیای بده‌ن، که‌ ته‌نانه‌ت بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌کانیش به‌ ڕێگای دایه‌لۆگ، نه‌ک توندوتیژی، دێنه‌‌ چاره‌سه‌رکردن ... پۆڵۆنیایه‌کی ئارام، جێگای سه‌رنجی ئه‌ورووپاییەکانە‌ و ئاشتیی نێوخۆیی‌ به‌شێکی وازلێنه‌هێنراوه‌ له‌ ئاشتیی ئه‌ورووپا... بۆیه‌ ده‌بێ یارمه‌تیی پۆڵۆنیا بدرێت و له‌به‌ر‌ئه‌وه‌شه‌ یارمه‌تیدانه‌که‌ ‌سوودی ده‌بێت ... ڕێگام پێبده‌ن له‌م شوێنه‌دا سوپاسی قووڵی خۆم ده‌رببڕم بۆ هه‌موو ئەوانەی کە یارمه‌تیی پۆڵۆنییه‌کان و پۆڵۆنیا ده‌ده‌ن ... تاد.

خوێنەری بەڕێز...
وا دەزانم تۆیش وەکوو من بە ئاشکرا دەبینیت کە کاک ڤالیسای کوڕی نێو کۆمەڵگای کۆمۆنیستی دەیان ساڵەی پۆڵۆنیا، بەوپەڕی شانازییەوە هزری نەتەوەیی خۆی دەباتە کەشکەلانی فەلەک، چون بەلایەوە ئەوە بارە سروشتییەکەیە کە پێناسەی نیشتیمانی و ئەو کۆمەڵە خەڵکەی پێبکات کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا دەژین. ئا لەمەشەوە دیارە کە ئەو گۆڕانه‌ی داوای ده‌کات، چ دنیایه‌کی پڕ ئه‌رێنی و ڕووناک دەڕه‌خسێنێت. ئەمەش نهێنیی ئەو سەرکەوتنەیەتی کە توانی له‌ وڵاتێکدا که‌شێکی مرۆڤانه‌تر و تاکوو ڕاده‌یه‌ک له‌بار بۆ گۆڕان بخوڵقێنێت، که‌ هەموو ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کانی به‌ ڕووی گۆڕانێکی ئاشتییانەی ئه‌رێنییدا ئەڵقەڕێز درابوون و داخرابوون.

ئەو بە ساڵانێکی خەبات پۆڵۆنیای خستە سەر شاڕێی ژیان و بۆ خۆیشی بۆنی ئەو گوڵی ئازادییەی کرد کە خۆی گوڵڕوێن و باخەوانێکی گوڵزارەکەی بوو و لەنێوان ساڵانی 1990 تا 1995 لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بوو بە سەرۆکی ئەو وڵاتە.

کە بینیومانە و بەداخەوە تا ئێستایش دەبینین:
کەسانێک نایانەوێت کاڵای دەوڵەت بە باڵای کورددا دابدوورێت و بە دەستەواژەی ئاڵۆز و سواو و خاڵی لە ڕەوانی نەتەوە، خەڵکی هێڕ دەکەن، دەبێت لە کوێی باڵای پڕشکۆی ڤالێسادا بن و شایانی چ ناو و نازناوێک بن؟

 

سەرچاوە: باسنیوز