لە سەدەی ڕابردوودا چەندین گروپی هونەریی لە باشووری کوردستان هەبوون، کە ڕۆڵێکی باڵایان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی هونەر و مۆسیقای کوردییدا، بەڵام ئێستا گروپە هونەرییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردووە، ئەوەش بەڕای پسپۆڕانی بواری مۆسیقا، هونەری گۆرانیی کوردیی بەرەو پاشەکشەی بەرچاو بردووە.
هەمیشە گەلی کورد خاوەنی کەلتوور و هونەری تایبەت بە خۆی بووە، لە ناویشیاندا هونەری موزیک و گۆرانی و چەندین ئامێری ژەنین، کە مۆرکی ڕەسەنایەتیی کوردیان پێوەیە، تەنانەت پێش هاتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی تۆمارکردنیش، هونەری هەرەوەزی بەشێکی گەورەی ژیانی هونەریی کورد بووە.
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تاوەکو سەرەتای 2000کانیش، چەندین تیپ و گروپی هونەریی لە باشووری کوردستان هەبوون، لەوانەش؛ تیپی مۆسیقای سلێمانی، گروپی کیژان، ئۆرکێسترای سلێمانی، تیپی هونەری هەولێر، تیپی هونەری ڕەواندز و چەندینی دیکە، کە تا ئەمڕۆش بەرهەمەکانیان لەناو خەڵکدا زیندووە.
بەڵام ئەمڕۆ سەرباری ئەوەی کە ژمارەیەک گروپی هونەریی بوونیان هەیە، کەچی نەیتوانیوە وەک ڕابردوو جێ پەنجەیان بە هونەر و مۆسیقای کوردییەوە ڕەنگ بداتەوە، بەڵکو ئێستا زیاتر هونەرمەندان بەشێوەی تاک یاخود دوێت گۆرانیی و بەرهەمی هونەریی تۆمار دەکەن و کەلتووری گروپ و هونەری هەرەوەزیی پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
موزیسییان و هونەرمەندی کورد، ئەنوەر قەرداغی لە بارەی پاشەکشێی کاری موزیک بە گروپ، بۆ ڕۆژنیوز وتی: سەردەمانێک بوو هونەری زۆر باش و تۆکمە هەبوون، گروپی مۆسیقیی جوان هەبوون، بە جۆرێک کاری هونەرییان کردووە خۆیان بە بەشێک لە میللەت زانیوە، بەشێک بوونە لە داکۆکیکردن لە سامانی نەتەوایەتیی.
دەشڵێت:”یەکێک لە بنەماکانی گەلی کورد، ئەو کەلتوورە جوانەیە کە هەیەتی، کە هونەرێکی بەرخۆدێر و بەرهەڵستکار بووە بەرامبەر داگیرکەران، هەتا ئێستاش لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەو جۆرە کار دەکرێت، بۆیە زۆرجار ڕێگریی لە هونەمەندان و گروپەکان دەکرێت، ڕێگریی لە بۆچوونەکانیان دەکرێت، سەرەڕای ئەوانەش لە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی زوو گروپەکان کاری باشیان کردووە، کە هەتا ئێستاش لە گوێی خەڵکدا ماوەتەوە، بەڵام ئێستا هەموو ئامانجەکان لە پارە پەیداکردن کۆکراوەتەوە، لە کاری گروپیشدا پارە پەیداکردن ئاسان نییە، چونکە پێویستی بە پارەی زۆر هەیە”.
قەرەداغیی کە لە ساڵانی حەفتاکانەوە لەناو دنیای هونەری کوردییدایە و یەکێکە لە میوزیسیانە بەناوبانگەکانی باشووری کوردستانیش، بە نیگەرانییەوە باس لە گرفتەکانی بەردەم هونەری هەروەزریی دەکات و دەڵێت:”بە هۆی پشتگوێخستنی گروپەکانەوە مۆسیقای کوردیی بەرەو هەڵدێر دەڕوات، ئەگەر گەلێک نەتوانێت لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ڕەگی هونەریی خۆی دابکوتێت لە خاکەکەی خۆیدا، دەبێت بە گیرفانی نەتەوەکانی دیکە، لە ئێستادا مۆسیقای تورکی و عەرەبی و فارسیی زاڵبووە بەسەر هونەری کوردیدا، ئەمە زۆر مەترسیدارە، نابێت لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە بەمە بدات”.
ئێستاش لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک گروپی هونەریی هەن، کە دیارترینیان بریتین لە؛
کەرکوک و گەرمیان: گروپی سۆزی گەرمیان، گروپی شەهید کاروان گابار، گروپی ئەڵوەند، گروپی مۆسیقای شێروانە، گروپی شەڵتاغ، گروپی مۆسیقای گەرمیان، گروپی مۆسیقای قەڵا، گروپی دەفی دەربەندیخان، گروپی کچانی خانەقین، تیپی مۆسیقای کەرکوک، گروپی مەقاماتی عەلی مەردان، گروپی شەهید ئازاد هەورامی، گروپی هونەری میزۆپۆتامیا.
سلێمانی: گروپی مۆسیقای لوڕ، گروپی مۆسیقای مەحوی، گروپی مۆسیقای پایز، گروپی موسیقای سەهەند.
سۆران و باڵەکایەتیی: گروپی مۆسیقای ڕەواندز، گروپی مۆسیقای کەڵهوڕ.
هەولێر: تیپی مۆسیقای ئۆرکێسترای هەولێر.
هەڵەبجە: تیپی مۆسیقای نەوا
ڕاستی کوردی، یەكێکە لە ئەندامانی گروپی موزیکی سەهەند لە سلێمانی، کە یەكێکە لە گروپە ناودارەکانی باشووری کوردستان و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەریین، لە بارەی کێشە و گرفتەکانی بەردەم کارکردنی تیپ و گروپەکان بە ڕۆژنیوزی وت: هەتا ئێساتش بەشێک لە گروپە میوزیکییەکان ماونەتەوە، بەشێکیان ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە، هەمیشە بیر لەوە دەکەینەوە کە گروپێک دروستەکەین کەم و پوختبێت، لەبەر چەند هۆکارێك، یەکێک لەوانە قورسیی باری گوزەران، ئەندامەکانی گروپ ناتوانن وەک پێویست بابەندبن بە کاتەوە بۆ ڕاهێنان و پرۆڤە، ئەمە وا دەکات گروپەکان نەتوانن بەردەوامبن لە چالاکییەکانیاندا.
ئەو ئەندامەی گروپی میوزیکی سەهەند مەترسییەکەی دیکەی سەر نەمان و خاوبووبوونەوەی گروپەکانی باسکرد کە موزیکی ئەلیکترۆنییە و وتی: یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان پێشکەوتنی ئامێرەکانە، یەک کیبۆرد دەتوانێت ڕۆڵی هەموو ئامێرەکان ببینێت، ئەگەر چی چێژی ئامێرە زیندووەکانی نییە، هۆکارێکی دیکە ستۆدیۆکانی تۆمارکردنی دەنگ و گۆرانییەکانە، دەکرێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکەوە تەواوی ئامێرەکان بژەنێت، بێ ئەوەی ژەنیاری ئامێرەکان هەبن.
بۆ بەدواداچون لەسەر ئەو پرسە و هۆکاری پاشەکشێی کاری گروپی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژنیوز چەندین جار هەوڵیدا وتەی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەربگرێت، بەڵام بە بیانووی جیاواز ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.
س.س
سەرچاوە: rojnews