نیڵسۆن ماندێلا، سەرۆکی سەدەیەک بەریتانییەکان ماندێلایان وەک کاریگەرترین سەرکردەی جیهان هەڵبژارد

 

 

 

 



ماندێلا وێڕای ئەوەی بەجەستە ڕوبەڕوی گەورەترین ئەشکەنجە و سوکایەتی بوەوە، بەڵام بیرکردنەوەی هەر بەئازادی مایەوە، ئه‌و ئه‌مساڵ له‌ راپرسیه‌كى بریتانییه‌كاندا به‌كاریگه‌رترین سه‌ركرده‌ى جیهان له‌سه‌ده‌ى بیستدا هه‌ڵبژێردرا.

ماندێلا بە سەرکردایەتیکردنی جەنگ لە دژی ڕایسیسزم و ئاپارتاید توانی قورسترین بڕیاڕ بدات، کاتێک لەساڵی 1952 بە جێگری سەرۆکی پارتی کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقا هەڵبژێردرا و ئەودەمەی لەدوای خەباتی سڤیل ناچاربو لە بەرامبەر زۆرداری و جیاکارییە خوێناوییەکانی حکومەتی باشوری ئەفریقا کەتیایدا 69 چالاکوانی ڕەشپێست بەناڕەوا لەیەک ڕۆژدا کوژران بەشێوازی ڕوبەڕوبونەوە سەربازی بگۆڕێت، بەمەش پەلاماری بۆسەر ڕێگاکانی شەمەندەفەر و بینا حکومیەکان دەستپێکرد، هەرچەندە هوشداریدا بەلایەنگرانی هەتا خۆیان لە کوشتن و خوێنڕشتن بپارێزن.

ساڵی 1962 ماندێلا فەرمانی زیندانیکردنی بە درێژایی ژیانی بۆ دەرچو، لەناو زیندانی دورگەی رۆبن خرایە ژوری بچوکتر لە شوێنی تاکەکەسی بەجۆرێک لەزۆر کاتدا بواری نوستن و چونە تەوالێتی نەبوو کە ئامانج لەو فەزا سەختە روخاندن و بێ ئیرادەکردن و لێستاندنی هیوا و هێزی مانەوە و بەردەوامبون بوو، بەڵام پێچەوانەکەی ڕویدا، چونکە نەک ماندێلا چۆکی دانەدا بەڵکو بوو بەهۆکاری ئەوەی خەباتی دژی جیاکاری و ئاپارتایت بچێتە چوارچێوەی کامپەینێکی جیهانی.

سەرئەنجام دوای 38 ساڵ زیندانیکردن ڕژێمی ئەفریقای باشور ناچاربو لەژێر گوشارێکی گەورەی ناوخۆیی و جیهاندا لەساڵی 1990 ماندێلا ئازاد بکات.

ساڵانە هەموو 18ی تەمموزێک لە جیهاندا یادی نیڵسۆن ماندێلای سنبولی ئەفەریقییەکان دەکرێتەوە، بەهۆی ئەوه‌ى ئه‌و پیاوە دژی رەگەزپەرستی وەستایەوە، له‌و ڕۆژه‌دا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

ماندێلا 67 ساڵی تەمەنی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخانكرد وەك پارێزەری مافی مرۆڤ و دروستكراوی ئاشتی جیهانی و یەكەم سەرۆك بووە كە بەشێوەی دیموكراتی هەڵبژێردرا بۆ باشووری ئەفەریقیا.

ماندیلا لە 18ی تەمموزی 1918 لە گوندی مفیتزوی سەر بە كانتۆنی ئوماتاتای سەر بە هەرێمی ترانسكایای باشووری ئەفەریقیا لە دایكبووە، لە ساڵی 2013 کۆچی دواییکردووە.

لە یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی دوای ئازادکردنی لەساڵی 1994 ماندێلا مێژوی گۆڕی کاتێک وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری ڕەشپێست لە مێژوی وڵاتەکەیدا هەڵبژێردرا. 

ئەو کاتێک هەڵبژێردرا هەموو ئازار و ئەشکەنجەدانە جۆربەجۆرەکانی نزیک بەچوار دەیەیی گیان و جەستەی خۆی فەرامۆشکرد و ئەوپەڕی گیانی لێبوردەیی زاڵکرد و بەکردەوە وڵاتەکەی کرد به‌نیشتیمانی یەکسانی و خۆشی بەکردەوە وەک سەرۆکی بێ جیاوازی هەموان ڕەفتاری کرد، بەمەش رێگای گرت لە گیانی تۆڵەسەندنەوە و بەرپابونی جەنگ و جیاوازی ئەهلی و نمونەیەکی جوانی لە فەرمانڕەوای لەسەر بنەمای لێبوردەیی و یەکسانی و دادپەروەری پیشکەش بە جیهان کرد.

ئەمساڵ کەناڵی بی بی سی راپرسیەکی لەناو بریتانیای زۆرایەتی سپیپێست ئەنجامدا بۆ هەڵبژاردنی کاریگەرترین سەرکردەی جیهان لەسەدەی بیستەم، دوا کێبڕکیش لە نێوان وینستن چێرچڵ و ماندێلادا بوو.

وێڕای ئەوەی بریتانیەکان زۆرینە سپی پێستن و چێرچڵ بە باوکی دەوڵەتی مودێرنی بریتانیای مەزن دەناسن و دەشزانن سەرکردایەتی جیهانی کردوە هیتلەر و فاشیەتی بەزاندوە، بەڵام وێڕاش دەستیان خستە سەر ویژدان و دور لەهەر چەشنە سۆزێک ماندێلایان وەک کاریگەرترین سەرکردەی ئایکۆنیکی جیهان بۆ سەدەی بیستەم هەڵبژارد.

سەرچاوە : خەندان