نیگای ژن بۆ ژیان دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران

كتێبی "نیگای ژن بۆ ژیان"، لە نووسینی رێزان حەسەن و پێداچوونەوەی جیهان محەمەد ئیبراهیم و ئاواز فاتح جاف، لە دووتوێی 230 لاپەڕە لە چاپخانەی كارۆ چاپ كرا و بەم زووانە دەكەوێتە بەر دیدەی خوێنەران.
لەبارەی كتێبەكەوە رێزان حەسەن بە "وشە"ی گوت، كتێبەكە پەروەردەییە و كاتپێدانێكە بە تۆ، كە هاوڕەگەزی خۆمی یان رەگەزی بەرانبەر، بۆ بینینی جوانییەكانت و جیاوازییەكانت بزانم و قبووڵیان بكەم، ئەوەیش لەپێناو دروستكردنی پێوەندییەكی راستەقینەی سۆزدارانە یان مرۆییانە، سەرنجدانێكە بۆ ژیانی ناهەمواریی ژن لە كۆمەڵگە، هەنگاوێكە بۆ دروستكردنی پێوەندییەكی بەهێز لەسەر بنەمای متمانە و دڵسۆزی لە نێوان ژناندا.

زیاتر گوتی، كتێبەكەم نامەیەكی دڵسۆزانەیە بۆ هەر ژنێك لە هەر كوێیەكی ئەم دنیایە بێت، بە مەبەستی بەئاگاهێنانیان لە ئاست پێگە و ماف و بەها مرۆڤانەییەكانیان، وەك لە پێشەكی كتێبەكەدا ئاماژەم پێ داوە، وەك ژنێك باوەڕم وایە هەر ژنێك كە دەنووسێت، پێویستە بۆ جارێكیش بێت وەك ئەركی ژنبوونی و لەپای پەراوێزخستنی لەمێژینەی ژنان، لەبارەی ژنەوە بنووسێت.

نووسەر روونی كردەوە، ماوەی چوار ساڵە دەستم داوەتە نووسین، سەرەتا بە نووسینی چەندان وتار لە بواری ژنانەوە بۆ رۆژنامەی "نەوژین"، دواتر چەندان نووسینی ئەدەبی و لە بواری ژنانەوە بۆ سایت و گۆڤار و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستم پێ كردوە. هاوكات هەنگاویشم بۆ نووسینی ئەم پەرتووكە ناوە، كە دەبێتە یەكەم بەرهەمی چاپكراوم.

"لە تەواوی ئەم كتێبە و لە هەموو ئەو وتار و بابەتانەیشی كە نووسیومە، هەمیشە دووپاتم لەوە كردووەتەوە كە هۆشیاربوونی ژنان، خاڵی وەرچەرخانی كۆمەڵگەیە و كاركردن بۆ خۆپێگەیاندنیان ئەركێكی بنەڕەتی ژنانە، خوێندنەوە و نووسینیش شاڕێگەی ئەو هۆشیاربوونەوە و خۆپێگەیاندنەیە"، رێزان حەسەن وای گوت.

شایەنی باسە رێزان حەسەن دانیشتووی گەرمیانە و ئەم كتێبە یەكەم بەرهەمی چاپكراویەتی، كە جیهان محەمەد ئیبراهیم  و ئاواز فاتح جاف پێداچوونەوەیان بۆ كردووە و لە دووتوێی 230 لاپەڕە لە چاپخانەی كارۆ چاپ كراوە و بەم زووانە دەكەوێتە بەر دیدەی خوێنەران.

 

سەرچاوە: wishe