نیهاد محەمەدی کاسێت فرۆش نزیکەی 48 ساڵی تەمەنی تەرخانکردووە بۆ کۆکردنەوەی ئەرشیفی گۆرانی و ئاوازی کوردیی و بیانی، لەناو تۆمارگەکەیدا زیاد لە 40 هەزار کاسێت و سی دی هەیە.
نیهاد محەمەد ناسراو بە نیهاد حەمەسنجار، لە ساڵی 1974ەوە دەستیکردووە بەکۆکردنەوەی کاسێتی ئاوازەکان، سەرەتاش لە شارۆچکەی خانەقین دەستی کردووە بە فرۆشتنی کاسێتی گۆرانی و موزیک، لە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکان بەهۆی سیستەمی ڕاگواستنی ڕژێمی بەعسەوە ڕوو دەکاتە شارۆچکەی کەلار و دوکانێکی تایبەتی تۆمارگە و فرۆشتنی کاسێتی گۆرانی دادەنێت.
بەوتەی خۆی، ئێستا لەناو دوکانەکەیدا نزیکەی 40 هەزار کاسێت و سی دی بوونیان هەیە، هەمووشی پێکدێت لە گۆرانی ڕەسەنی کوردی بەهەموو دیالێکتەکان لەوانە (لوڕی، کەلهوری، هەورامی، سۆرانی، کرمانجی)، گۆرانی و میلۆدی ڕۆژئاوایی وەکو (ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، ئەمریکی) بەشێکی ئەرشیفەکەین.
لەناو دوکانەکەیدا چەند کاسێتێک بەدی دەکرێت کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی 70کان، وەک خۆشی باسی لێوەدەکات، لە هەموو عێراقدا بوونیان نییە، هەمووشیانی لە لوبنان، خورم ئاباد، کرماشان، ڕادیۆی کۆنی ئێران و ئەوروپا هێناوە.
نیهاد محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێتەوە ئێستا خەڵکی کەمتر ڕوو لە کاسێت و سیدی دەکەن و وتی: هەندێک گۆرانی هەیە بەهیچ جۆرێک لە ئینتەرنێتدا دەست ناکەوێت، لەبەر ئەوەی زۆر کۆنە، گەر هەشبێت کوالێتییەکی خراپی هەیە و لەنیوەدا دەبڕێت.
سەرچاوە: ڕۆژنیوز- ژیار جومعە