نووسەرەكان ناخوێننەوە

جەبار سابیر

ئەوە سێ ساڵە دەچمە پێشانگای كتێب و چاودێری دۆخەكە دەكەم، دەمەوێ بزانم نووسەرانی ئێمە تا چەند دەخوێننەوە و چی دەخوێننەوە! بەڵام لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا، تاك و تەرایەك، كە هەمیشە هەر ئەوانەن و زیاد ناكەن، دێنە ئەوێ و بۆ كتێبی باش دەگەڕێن، بەتایبەت بە زمانەكانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی. هەندێك دێن وێنە دەگرن و دواتر دەڕۆنەوە. ئەوەیتری تەنها خوێنەری ئاسایین كە كتێب دەكڕن. بەشێكی زۆریان خوێندكاری قوتابخانە ئینگلیزییەكانن و مرۆڤ كە دەیانبینێ دڵی خۆشدەبێ، منداڵی تێدایە تەمەنی دوازدە بۆ پازدە ساڵه و ڕۆمانەكانی "چارلز دیكنز" و چیرۆكەكانی كانتربێری "چاوسەر" و بەرزاییەكانی بەربای "ئەمیلی برۆنته"‌ دەخوێنێتەوە و ئەمەیش زۆر جێگەی خۆشحاڵییە.
لە كوردستانی ئێمەدا بە حوكمی گۆڤار و ڕۆژنامەی زۆر لە ساڵانی ڕابردوودا، بە سەدان نووسەر و ڕۆژنامەنووسمان بۆ دروستبووە و بەم پێیەیش بێت دەبێ فرۆشی كتێب زۆر زۆر لەوە زیاتر بێت كە ئێستا هەیە و دەبوو هەرگیز گوێمان له ها‌وار و سكاڵای كتێبفرۆشەكان نەبوایە لە دەست بێبازاڕی، بەڵام دۆخەكە شتێكی پێچەوانەتر دەڵێ. گەر بەرپرسێك، یان دامەزراوەیەكی فەرمی ئێوارە خوان یان فێستیڤاڵێك ساز بكات، چەند كەس داوەت بكرێ، سەد ئەوەندە گلەیی دەكات كە بۆ داوەت نەكراوە، هەموویشی بۆ خواردن و خواردنەوە و خۆ دەرخستنەكەیە و هیچی وەك ئەركێكی ڕۆشنبیری و وەك كارەكەی خۆی كە دنیای نووسینە، بۆ ئەو شوێنە ناچێت. كە یەكێتی نووسەران یان وەزارەتی ڕۆشنبیری باسی بەخشینەوەی بڕە پارە دەكات، خەڵك هەیە چوار كتێبی پێیە و دەیەوێ ئەو پارەیە وەربگرێ. بەڵام قەت نەیپرسیوە: ئەرێ بە ڕاست چوار كەس كتێبەكانی من دەخوێنێتەوە؟! كۆمەڵێكی زۆر كە لەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە ڕۆژانە یەك دنیا پۆست دەكەن بە وێنەی خۆیانەوه و هەمیشەیش وێنەكەیان لە پۆستەكە گەورەترە، لەوێ نابینرێن و گەر بشبینرێن، كتێب ناكڕن و تەنها سەیری بەرگەكانی دەكەن و زۆرجار دەڵێن وای كە گرانە. لەم نێوەیشدا كۆمەڵێك مرۆڤی ئاسایی و جوان هەن، ئاسایی بەو مانایەی نووسەر نین و تەنها دەخوێننەوە و زۆریش باش دەخوێننەوە. من ئەم چەند ساڵە كۆمەڵێكی زۆر لەم مرۆڤە جوانانەم بینی و لە ڕێگەی ئەم پەیجەوە ناسیومن و هەندێكیانم هێشتا نەبینیوە، بەڵام ئەوانەی بینیومن مرۆڤی زۆر جوان و ڕۆح زیندوویان تێدایە كە دەكرێ شانازییان پێوەبكرێ. یەكێك لەوانە هات و وتی تەنها بۆ بینینی هەندێكی وەك تۆ هاتووم، وتم چەند كتێبێكی خۆم لایە هەرچیت حەز لێیە بیبە، چونكە هەر لەم شوێنانە یەك دەبینین، وتی دەیبەم بەڵام بێ پارە نامەوێ. هەرچی كردم و كۆشام قبوڵی نەكرد و پارەكەی دانا. بەڵام بەشێكی زۆری نووسەرانی ئێمە دەیانەوێ كتێبەكەیان پێشكەش بكەیت و دواتریش ئامادە نین بیخوێننەوە.
جارێك نووسەرێكی هاوڕێم لێرەوە نامەی بۆ ناردم وتی دوو كورتە ڕۆمانت وەرگێڕاوە زۆر باسی دەكەن، لە كوێ هەیە دەمەوێ بیكڕم. وەڵامم دایەوە؛ كتێبەكانی من لە غەزەلنووس هەن و دەتوانی لەوێ بیانكڕی. لە شوێنێك بینیم و دیسان باسی كردەوە و وتم لەوێ هەیە. وتی باشە دەچم. بەڵام تا ئێستایش نەچووە و چەند جارێك هەواڵیم پرسیوە، وتیان دەیانەوێ بە خۆڕایی دەستیان بكەوێ.
ئێستا كتێب وایلێهاتووە تیراژی بۆ سەد دانە دابەزیوە، وەك ئەوەی لە شاخ بكرێ و تەنها لە فەوتان ڕزگاریان بێ. گەر بە ژمارەی نووسەرانی ئێمە بوایە دەبوو تیراژ لە دە هەزار كەمتر نەبوایە. بەڵام وابڕوا وەك دەستنووس و كەشكۆڵ و بەیازی سەردەمانی زوو چەند دانەیەك سەروزیاد دەبێ. نووسەرانی ئێمە بەردەوام دەنووسن و كاتیان بۆ خوێندنەوە نییە.
لای ئێمە نەبۆتە كلتوور بە كڕینی تابلۆ و كتێب و ئەلبوومی موزیك و گۆرانی و چوونە سینەما، هاوكاری نووسەران و وەرگێڕان و شێوەكاران هونەرمەندانی موزیك و گۆرانی و ئەكتەران و دەرهێنەران بكرێ. لە دنیادا ئەمە جۆرێك كلتوور و مۆراڵی خەڵكە و بۆ پێشخستنی فەرهەنگ و كلتووری وڵاتەكانیان سەرە بۆ كارە هونەریی و ئەدەبییەكانی خەڵكانی خۆیان دەگرن. لای ئێمەیش تەنانەت لە ناو خودی نووسەران و هونەرمەنداندا ئەو ڕۆحە دروست نەبووە و دروست نابێ.

 

سەرچاوە: galawej