كاتێك نمایش تەواو دەبێت، ئێمە نمایش دەبەینە ناو یادەوەریەوە، یادێك پەیوەستە بەو ساتەی كارە هونەریەكە بەرهەم هات، بەڵام ئەوە ساتێكە هونەرمەندی فۆتۆگرافەر پاڤێو فێیداش inszymokiem كە لەڕێی كامێراكەیەوە ئەو ساتە بەزیندوویی دەهێلێتەوە، مانایەكی زیندوو بە پێڕفۆرمانسەكەمان دەبەخشێت، ڕووبەرووی كۆمەڵە چەمكێكی وێنەییمان دەكاتەوە.
ئەو ساتەی لەڕێی وێنەكانەوە دەگەڕێینەوە بۆ پێرفۆرمانسی پەناهەندە، ساتێك ئەوە وێنەیە لەناو دیدی كامێراوە بینینی بینەر تۆمار دەكات، بەواتای بینینی نمایش لەناو بینەردا، كە ئەوەی بۆ ئێمە ماوەتەوە وێنەی شانۆییە وەك وێنەیەكی فۆتۆگرافی، توانای ئەوەی هەیە هەمیشە لەو ڕێگەیەوە بمانباتەوە ناو پێرفۆرمانسەكەوە، ئەوە بۆتە دۆكۆمێنتێكی زیندوو لەناو ئەو كتێبەدا، بەتایبەت ئەو ساتەی بەشێكی وێنەكان لەڕێی ڕەش وسپیەوە وێنە دەگرێت، ئیدی ڕەنگ وەك مۆسیقا و دیالۆگ لە نمایش دەسێنێتەوە، تا بۆ داهاتوو بیباتە ناو زەمەنێكی دوور، زەمەنێكی لەیادكراو، هەستەكان و تەواوی ئاماژەكانی پێرفۆرمێر دەبنە ئاماژەی وون لەم كارەدا، بۆیە دەتوانین هەستەكان لەڕێی تەواوی ووردەكاری بخوێنینەوە، بەواتای نمایش لەڕێی فۆتۆوە ببینینەوە.
لێرەدا ئەوەی قسەی لەبارەوە دەكرێت خودی پێرفۆرمانسەكە نیە، هێندەی توانا و سەلیقەی فۆتۆگرافەرە كە چۆن وا دەكات نمایش بچێتە ساتی بەردەوامی لەڕێی گەڕانەوە بۆ ناو پاراستنی زەمەنی، كە فۆتۆگراف دەبێتە ڕووبەری خوێندنەوەی نمایش، ئەوە جۆرێكیتری ناسینە، كە لەڕووی زانستی وابەستەی دوو چەمكە، ئەو دوو چەمكە رۆلان بارت ناویناوە و كاری لەسەردا كردۆتەوە، ئێمەش لێرەدا پشتی پێدەبەستین، ئەوانیش "ستۆدیۆم و بۆنكتۆم"
بەپێی پێناسەكەی بارت، "ستۆدیۆم بریتیە لەتەئویلكردن وپێشوازی كولتوری وزمانەوانی وسیاسی بۆ وێنە"، بۆیە ئێمە لێرەدا كاتێك سەیری وێنەكان دەكەین، پڕۆژە پێرفۆرمانسیەكەمان كۆتایی هاتووە، بەڵام وێنەی فۆتۆگرافی لەپێرفۆرمانسی "پەناهەندە" ئەو كاریگەریە كولتوری و زمانەوانی و سیاسیە دەخاتە ڕوو، پەیوەندی كولتوری نمایش كە كۆچی مرۆڤی خۆرهەڵاتیە بۆ خۆر ئاوا، ئەوە بەگژداچوونەوەی كولتوریە، وەك چۆن لە پێرفۆرمانسی "كەونارا" ئێمە لەهۆلی نمایش لەكولتورێكی پۆڵەندیەوە ڕووبەرووی كولتوری خۆرهەڵات دەبینەوە، لێرەدا وێنە لەڕێی بینینی جل وبەرگ و ماتریالەكانەوە ڕوویەكیتری كولتوری دەست نیشان دەكات، لەهەمان كاتدا توانای ئەوەی هەیە نیگای بینەر و ساتی ڕامان تۆمار بكات كە چۆن وەك شتێك نامۆ بە تێگەیشتنی ئەو ڕووبەرووی دەبێتەوە، پێشوازیكردن لەزمان و سیاسەت بەشێكیترە لەناو وێنە، كە مێژووی ئەو ساتەوەختە لەیادچووە دەخوێنێتەوە.
ئەوەش ڕووبەرووی چەمكی دووەممان دەكاتەوە بۆنكتۆم، كە بە زمانی بارت دەبێت بڵێین پەیوەستە بەكاریگەری كەسی لەڕێگەی وێنەوە, ئەوەش خوێندنەوەی پەیوەندی ناو وێنە فۆتۆگرافیەكەیە، ئێمە دەتوانین لەڕوانگەی ئەو وێنانەی نێوان وەرگر و پێرفۆرمێر زیاتر هەست بەو پەیوەندیە بكەین، بۆ ئێمە بوونی ئەو وێنانە وەك بەشێكی گرنگ لە دۆكۆمێنتكردنی پڕۆژەكە لەو كتێبەدا بە پێویستیەك دەبینین، بۆیە ویستمان وێنەكان لەپاڵ ڕوانین و بۆچوونەكان ئامادەبوونیان هەبێت.
ئەگەر ڕووبەروی ئەو پرسیارە ببینەوە ئاخۆ وێنەكان دەتوانن تەواوی بوونی نمایش بە ئێمە بگەیەنن؟ لەڕاستیدا ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ووتەیەكی بارت دەبێت بڵێین ئەوە هاوشێوەی خەون بینینە بە ڕابردوو، كە لەناو وێنەدا وەك هەوڵێكی سیزیفی ناوی دەبات، بەو مانایەی بۆ وەڵام بەو پرسیارە ئێمە ڕووبەرووی بێهودەیی دەبینەوە، بەڵام هەوڵێكە وەك جۆرێكیتری بینین پارێزگاری لێ دەكەین بۆ نزیكبوونەوە لەتێگەیشتن، بەتایبەت كە بینەری ئێمە پۆڵەندی و ئۆكراینی بوونە، بۆیە مەبەستمانە ئاشنایەتی بە شانۆكاری كورد بخوڵقێنین بە پڕۆژەكە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەیوتیوب هەردوو نمایشەكەمان بڵاو كردۆتەوە.
سەرباری ئەوەی ئێمە ئینتیماكردنمان بۆ زەمەنی وێنە ئینتیمایەكی مەجازیانە بێت, ئەوە وێنەی فۆتۆگرافە ئێمە دەباتە ناو ئەو زەمەنە, ئینتیمایەك ڕوویەكی ڕاستەقینەی تیایە, بەوەی توانای ئەوەمان هەیە ئەوانەی پارێزراون, ئێمە وەك وێنەی ئەرشیفی بیانبینین, ئەو وێنانە لەڕوانگەی ژۆلیا كریستیفا بە (حەقیقەتی شێتانە) ناسراوە.
باشتێكی گرنگ لەبیر خۆمان نەبەینەوە، كە پەیوەندی بەو باسەوە هەیە ئێمە لەبەردەم ئەو فۆتۆگرافەدا ڕاستە سەیری كارێكی پێرفۆرمانسی دەكەین كە خۆمان بەرهەممان هێناوە، بەڵام ئەوە رێك وەك بیرۆكەی مەرگی نووسەری بارت وایە، بەواتای لەرێی وێنەوە من و پێرفۆرمێر لەدەرەوەی پڕۆسەكەداین، ئەوە وێنە فۆتۆگرافیەكانە زمانی پەیوەندی دەخوڵقێنن، زمانێك وابەستەی مرۆڤناسیە (ئەنترۆپۆلۆژیا) بەهۆی ئەوەی رەفتار و پەیوەندی مرۆڤ دەخوێنێتەوە، وەك بارت ئاماژەی بۆ كردووە كە وێنەی فۆتۆگرافی بابەتێكی ئەنترۆپۆلۆژیە.
ئەنترۆپۆلۆژیایەك كە خاڵی نیە لەحەقیقەتی شێتی, لێرەدا وێنە لەنێوان كریستیڤا و بارت بەیەكمان دەگەیەنن، بۆیە چەندە شێتی بێت، بەڵام حەقیقەتێكی مرۆییە، لێرەدا كاتێك خوێنەر كۆی كتێبەكە دەخوێنێتەوە، دەتوانێت وێنە كۆمەكی زۆری بكات بۆ تێگەیشتن و زانین لەبارەی پڕۆژە پێرفۆرمانسیەكەدا.
نیهاد جامی
بەشێك لە كتێبی پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
سەرچاوە: galawej