ناوچەی باڵەکایەتی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا

ناوچەی باڵەکایەتی ناوچەیەکی شاخاویی بەرفراوانە و کەوتووەتە باکووری پارێزگای هەولێر. لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بە بنکەی شۆڕشەکانی کورد دادەنرێت و ناوچەیەکی گرنگی بازرگانیشە، بەهۆی هەبوونی رێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆن و سنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
رێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی سۆران کە توێژینەوەیەکی لەسەر ناوچەی باڵەکایەتی کردووە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداو و دیرۆکی رادیۆی رووداو لەبارەی ناوی باڵەکایەتی ئاماژەی بەوە کرد:"باڵەکایەتی ناوچەیەکی جوگرافیی سەختە، بۆچوونی جیاواز لەسەر ناوەکەی هەن، هەندێک بۆچوون پێیانوایە لە چەند تیرەیەکەوە هاتووە کە وەک باڵ یەکیان گرتووە و بووەتە ناوچەی باڵەکان و دواتر بووەتە باڵەک و هەروەها بۆچوونی زۆر نزیک لە راستییەوە ئەوەیە کە ناوی ناوچەی باڵەکایەتی لە باڵاکێوەوە هاتبێت، چونکە ئەم ناوچەیە کێوی زۆری تێدان و کێوەکانیش بەرزن و وەک وەسفێک بۆ بەرزیی کێوەکان بووەت باڵا کێو و دواتر بووەتە باڵەک".

هەروەها لەسەر پرسی پێکەوەژیان و ئەو ئایین و نەتەوانەی لە باڵەکایەتی ژیاون و دەژین، ئەو توێژەرە دەڵێت: "لە باڵەکایەتی موسڵمان و کریستیان و جووەکان ژیاون، بەڵام کریستیانەکان ژمارەیەکی کەم بوون لە یەک گوندی ئەو دەڤەرە ژیاون و رۆیشتوون، جووەکانیش لە دۆڵی رۆست و گەڵاڵە هەبوون، ئەوانیش کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل و نەماون. دانیشتووانی ئەو ناوچە جوگرافییەی پێی دەگوترێت باڵەکایەتی 95٪عەشیرەتی باڵەکن و بەشێکی بۆڵی و بابۆڵیش هەن لە حاجی ئۆمەران نیشتەجێن. بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە کۆچەربوونە و هاتوونەتە باڵەکایەتی و تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بوونە."

ئەو زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتیشی، "لە باڵەکایەتی چەند تیرەیەکی گەورە هەن، لەوانەش مەلا شەرەفییەکان، سەکرییەکان و شیوەزوورییەکان، لەبارەی مەلاشەرەفییەکان باس لەوە دەکرێت کە کەسێک بە ناوی مەلا شەرەف لە هۆزی گەڵاڵی ناوچەی سلێمانی بووە و هاتووەتە باڵەکایەتی، بۆچوونێکی دیکەش باس لەوە دەکات کە لە ناوچەی قەوقازیاوە هاتووەتە باڵەکایەتی و لای شێخی باڵەکان تەریقەتی سوهرەوەردی خوێندووە و لەوێ ماوەتەوە و ژنی هێناوە و نەوەکانی لە گەڵاڵە و دۆڵی رۆست و مێرگە و چەند گوندێکی دیکە نیشتەجێبوونە. هەرچی شیوەزوورییەکانن، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان رەگیان دەگەڕێتەوە بۆ سورچییەکانی دەوروبەری قەندیل و بەهۆی ژیانی کۆچەرایەتییەوە چوونەتە ناوچەکە و ماونەتەوە، بەڵام سەکرییەکان شوێنی خۆیان ناوچەی پشدەر بووە و بەهۆی کێشەیان لەگەڵ نورەدینییەکان، کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی باڵەکایەتی و لە دۆڵی سەکران ماونەتەوە."

بە بڕوای ئەو توێژەرە، جگە لەو تیرە سەرەکییانە، چەندین بنەماڵەی دیکە هەن و لە زۆربەی گوندەکانی سنوورەکەش بەرەبابی جیاواز هەن.

رێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی سۆران دەشڵێت: "ناوچەی باڵەکایەتی بەشێک بووە لە شوێنی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران و چەندین قەڵای سەربازیی میرنشینی سۆران لە باڵەکایەتی هەبوون. دوای دروستبوونی ویلایەتی موسڵیش، یەکەم یەکەی کارگێڕی لە باڵەکایەتی دروستبووە. باڵەک لە ساڵی 1895 دەبێتە ناحیە و سەر بە قەزای رواندز دەبێت، سەنتەری ناحیەکە کەوتبووە شارۆچکەی گەڵاڵە. تا دوای رێککەوتنی 11ی ئازاری 1975 چۆمان دەبێتە قەزا و چەند ناحیەیەکی دیکە دروست دەبن".

بەپێی ئەو توێژینەوەیەی ئەو مامۆستایەی زانکۆی سۆران کردوویەتی، باڵەکایەتی سنوورێکی ستراتیژیی ئابووری و بازرگانیشی هەیە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی دەروازەی سنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان. دەشڵێت، دوای هاتنی رێگەی هامڵتۆن لە دوای ساڵی 1930، باڵەکایەتی زیاتر گەشەی کردووە و وەک ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی ناسراوە، شوێنێکی باشیش بووە بۆ دەستکەوتنی هەلیکار بۆ خەڵکی ناوچەکە.

زۆربەی گوندەکانی باڵەکایەتی کوێستانی تایبەتی خۆیان هەیە، دانیشتووانی ئەو گوندانە لە وەرزی بەهار و هاوین گوندەکانیان جێهێشتووە و چوونەتە کوێستانەکان و کشتوکاڵیان کردووە، ئەو ناوچەیە هەرچەندە زەویی کشتوکاڵی زۆری تێدا نییە بەهۆی شاخاویبوونی ناوچەکە، بەڵام زەوییەکانی بە پیتن و بەرهەمی کشتوکاڵیی تایبەتیان تێدا بەرهەم دێت.

رێباز دلاوەر عومەر ئاماژە بەوەش دەکات، باڵەکایەتی لە ساڵی 1962-1975 بنکەی سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول بووە، هەرچەندە لە یاداشی زۆربەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە بوونە زۆر بە کەمی باسی باڵەکایەتی کراوە، ئەگەرچی ناوچەیەکی گرنگ و پاڵپشتییەکی گەورە بووە بۆ شۆڕشەکانی کورد.

ئەو توێژەرە لەبارەی مێژووی کۆنی ناوچەکەشەوە باسی لەوە کرد: "ناوچەی باڵەکایەتی پێشتر و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتی عوسمانیش باجی زۆری لە خەڵکەکەی وەردەگرت، خەڵکی ناوچەکە باجی جیاواز جیاوازیان داوەتە دەوڵەتی عوسمانی، باجی ئاژەڵ، باجی هەنگ، باجی کشتوکاڵیشیان داوە. دواتر لە سەردەمی هاتنی رووسەکان دیسان باڵەکایەتی بووەتە قوربانی و بەشێکی زۆری گەنجەکان بە زۆرەملێ کرانە سەربازیی سوپای عوسمانی، دواتریش لەکاتی چوونی رووسەکان بۆ رواندز هەموو ئەو گوندانەی کەوتوونەتە سەر رێگەی سوپای رووسەکان، قوربانیی زۆریان داوە، زۆربەی گوندەکان سووتێندراون و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسیش کراوەتە سەر ئافرەتان. لە هەندێک گوندی باڵەکایەتی رووبەڕووبوونەوە هەبووە، بۆ نموونە لەوەرتێ و سمیلان و بێشە شەڕی رووسەکانیان کردووە، لەو شەڕانەشدا قوربانیان داوە."

رێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی سۆران لە توێژینەوەکەیدا باسی کەسایەتییە گرنگەکانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: "شێخ محەممەد ئاغای وەڵاش، سەرۆکی عەشیرەتی باڵەک بووە، نامەیەکی بۆ رووسەکان ناردووە و داوای رێککەوتنی لەگەڵ کردوون، بەڵام وەڵامی رووسەکان ئەرێنی نەبووە و نەیانویستووە رێکبکەون، بۆیەش تا دوای نەمانی رووسەکان لەو ناوچەیە، بەردەوام شەڕی پارتیزانی روویداوە و رووبەڕووبوونەوە هەبووە، بەڵام دوای هاتنی ئینگلیزەکان بارودۆخەکە هەندێک دەگۆڕێت، چونکە شێخ محەممەد ئاغا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئینگلیزەکان هەبووە، داواشیان لێکردووە ببێتە حاکمی رواندز، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە."

ئەو لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، "دوای ئەوەش کە لە رواندز راپەڕین دژی ئینگلیزەکان روویداوە، شیخ محەممەد ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی باڵەک ئەفسەرە ئینگلیزەکانی رزگارکردوون".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سۆران لەبارەی رۆڵی خەڵکی ناوچەکە لە سەردەمی پاشایەتیدا دەڵێت: "شێخ محەممەد، ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی باڵەک لە سەردەمی پاشایەتیدا لە ساڵی 1937-1939 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و رۆڵێکی گرنگی هەبووە و بەشداریی کارای لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی ئەوکاتدا کردووە".

 

 

سەرچاوە: rudaw