بە بۆچوونی من بڕیارەكەی دادگای پاریس لە بەرژەوەندی كورد بوو؟ هەرێمی كوردستان لەچەندین لاوە بارمتەی فرۆشی نەوتەكەی بوو، لەلایەك توركیا بەشێكی بەرچاو قازانجی لێدەكرد بەردەوام باسی گرێبەستێكی پەنجا ساڵی دەكرا، لەلایەكی دیكە بەهۆی گرێبەستەكانەوە كۆمپانیاكان دەمیان لە نەوتی كوردستان نابوو، دیوێكی تریشی دەگوترا نوخبەیەكی مافیایی ناوخۆ بەدەیان ناونیشان خەریكی بردنی بەشێكی دیكەی نەوتەكە بوون. لەبازاڕ زۆر كەمتر لە نرخەكەی دەفرۆشرا، لەهاتنەوەی پارەكە هەمبانەكە كون بوو تا دەگەیشتە وەزارەتی دارایی لە بنی هەمبانەكە چنگێك دەمایەوە، ئینجا ئەم فرۆشی نەوتە بوو بوویە بیانویەك تاوەكو عێراق دینارێك چیە بۆت نەنێرێت و بودجەو موچەت ببڕێت. ئەوە جگەلەوەی وەك دەوڵەت نەتدەتوانی بازاڕو موشتەری و ساغكردنەوەی بە شێوەیەكی بێ كێشەو شەفاف دەستەبەر بكەیت، بەمجۆرە ئەم فرۆشی نەوتە ئاستی متمانەی نێوان خەڵك و دەسەڵاتی زۆر دابەزاندو هاوڵاتیان پێیان وایە تەنها نوخبەیەكی سیاسی و حیزبی و شەخسی سودمەندی یەكەم بوون لە فرۆشی نەوت بە دەیان جۆرو شێوازەوە. بۆیە كە دادگای پاریس بڕیاری وەستانی نەوتی كوردستانی دا، لە سۆسیال میدیا هاوڵاتیان دەست خۆشیان دەكرد؟؟.
دوای ئەم قۆناغە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەبوون كە ئەگەر بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسەند بكرێت، ئیدی قەیرانی موچەو دارایی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی پێ دێت و سفرەی كوردی ئاوەدان دەبێتەوەو ئەمجارە نەوتەكە دەوڵەت بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەیفرۆشێت و بەشی كورد خۆی دێتەوە دەست كورد، بەڵام تاوەكو ئێستا نیشانەی خراپتر دەبینین لەوەی ئاسۆی چارەسەری قەیرانەكە ببینین. ئێستا نانی كورد چۆتە قوڕگی شێرەوە، رەهەندی ئیقلیمی وەرگرتوەو پەرلەمانتارێكی كورد راشكاوانە گوتی دەوڵەتی ئێران موچەو بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرتووە. دەبێت لەگەڵ ئێران رێككەوتن بكرێت تاوەكو لەوە زیاتر برسی نەكرێین؟.
لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر نەوتەكە، هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوت و غازێكی زۆرە، ئەمە چەكێكی سیاسی و نەتەوەیی و ئابوری زۆر بەهێزەو كلیلی سەركەوتنی ئێمەیە، بەڵام لەبەرئەوەی رابردوو بە نەزانی بەكارمان هێنا تیرەكە بەرۆكی خۆمانی گرتەوە. ئێستاش دادگای پاریس هات و رزگاری كردین لە چنگ ئەم تێكەوتنە قورسەی بەهۆی نەوتەوە لە بازاڕی وزەو ئیقلیمی تێیكەتبووین. بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەكی زۆر وردو نیشتمانی و زانستی گرنگ بۆ كەرتی وزە بكرێت. سیاسەت و پڕۆژەو پلانێك دابنرێت كە بەهۆی نەوت و غازەوە لە داهاتوو هەم لە پێداویستی ناوخۆ، هەمیش لە فرۆشتن و دەرهێنان و بە بازاڕكردنی سودمەندی یەكەم كورد خۆی بێت بە خەڵك و دەسەڵاتەوە. نەوت و غاز دەتوانین لەگەڵ عێراق و دەرەوەش باشترین وەبەرهێنانی تێدا بكەین، دەزگایەكی شەفاف و نیشتمانی و زانستی و دڵسۆزو دوور لە گەندەڵی وەك ئەمانەتێكی نیشتمانی گەورە رابسپێردرێن بۆ ئەم ئەركەو پشتیوانیەكی بەهێز بكرێن و هاوكاری بكرێن. بەمجۆرە دەتوانین خۆمان بەدەستی خۆمان نانی منداڵەكانمان پەیدا بكەین. چ بە رێككەوتن لەگەڵ عێراق، یان جارێكی دیكە دەستبردنەوە بۆ نەوت و غاز. كۆسپی یەكەمی ئەم بابەتەش كە دەبێت لاببرێت عەقڵیەتی بوغزاوی و كینەی حیزبایەتی و نوخبەی نەوت خۆرو دۆلار خۆرە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی كورد وا نەكەن، سەری خۆیان و هەرێمەكەش دەخۆن.
دادگای پاریس لە شەڕێكی حەتمی رزگاریكردین، سوپای عێراق بەردەوام بەهاوكاری حەشدی شەعبی پڕوپاگەندەی ئەوەی بڵاودەكردەوە كە پەلاماری بۆڕی نەوت و بیرە نەوتەكان دەدات و نایەڵێت بەبێ رەزامەندی دەوڵەت، هەرێمی كوردستان نەوت بفرۆشێت. ئەمەش قەیرانێكی سەخت بوو بۆ كوردستان. ئەم دادگایە هات و شەڕێكی خوێناوی لەنێوان كوردو عێراق راگرت. هاوكات ئەگەر نەوتەكەشمان گرتبوایەوە ئەوا ئەگەری زۆری هەبوو توركیاو دەڵاڵەكانی فرۆشی نەوت دۆسیەیەكی فراوانیان لەسەر كوردستان كردبایەوە، ئەوكات وەك ئەوەی دانەغاز چەندین ملیار دۆلارمان دەدۆڕاند. بۆیە ئەم بڕیارە هات و ئەم كێشانەی لە بەرۆكی كوردستان كردەوە.
ئێستا دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس پرۆسەی فرۆشی نەوتی كوردستان وەستاوە، نەوتەكە لەناو خاكی خۆمانە، لەبەردەست خۆمانە، خۆ لە خاك و دەوڵەت و شوێنی تر نیە، بۆیە ئەوەی دەبێت مەرج دابنێت ئێمەین، ئەوە ئێمەین دەبێت مەرج بۆ عێراق و توركیا و بازاڕی نەوتی جیهان دابنێین، چونكە نەوتەكە لەناو خاكی خۆمانەو موڵكی خۆمانە. تكایە ئەم چەكە ئابوری و سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەییە هەراج و سوكی مەكەن. لەبری رزگاری بێنێت، بمانكاتەوە پاشكۆی دەوڵەتێك كە سەدساڵە خەبات دەكەین لە دەستی رزگاربین و خاوەنی قەوارەی خۆمان بین.
سەرچاوە : ئێستا نیوز