"نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی مۆسكۆی بەدەستهێنا

فیلمی دیكۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی رەوانشاد رەحیم زەبیحی و لە بەرهەمهێنانی توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ لە وڵاتی ڕووسیای بەدەستهێنا.
فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز نان مقدس Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماكاری كۆچكردووی كورد رەحیم زەبیحی، لە بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد توورەج ئەسڵانی و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد موڤی MAAD
Movie؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەكان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ، لە نوێترین و یازدەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمە بڵیندەكان لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ MKFF لە هۆڵی ناوەندی سینەمایی ئۆكتیابر Oktyabr و هەروەها لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا نمایش كرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێكرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بڵندی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی "بەڵگەفیلمە بڵیندەكان-ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ بریتیبوون لە: ئیبراهیم سەعیدی دیكۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەكان ـ سەرۆكی لێژنەی دادوەران لە شاری مەهاباد، ئەكڕەم هەیدۆ Ekrem Heydo دەرهێنەری ڕۆژئاوای كوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و دكتۆر ییلماز ئۆزدیل Yılmaz Özdil رەخنەگری كورد و دەرهێنەری سینەما لە وڵاتی توركیا.

بڵاوكردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیكۆمێنتارییە، لە ئەستۆی كۆمپانیای تسویر گستر الهە پارسی (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو ئیلاهە نەوبەخت-ە.

نانی پیرۆز لە یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی فیلمە نیوە بڵیندەكان" Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ ئیدفا IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەكانی خۆیدا لە لە بەشی پێشبڕكێی فیلمە نیوە بڵیندەكان" لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیكۆمێنتاری بیگ ئسكای Big Sky لە وڵاتی ئەمەریكا بە ناونیشانی یەكێك لە رووداوە گرینگەكانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان، لە بەشی پێشبڕكێی ڤیترینی جیهان World Showcase لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی هات داكس Hot Docs لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی كەنەدا فێستیڤاڵی جێگای متمانەی ئاكادیمیای ئۆسكار، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترێنتۆ" Trento لە وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها لە بەشی فەرمی "پێشبڕكێی ئاسیا" لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی دیمز DMZ وەكو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیكۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی كۆریای باشوور نمایش كراوە.
ئەم بەرهەمە دیكۆمێنتارییە، تا ئێستا خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی خەڵاتی سەرەكی "ئەو فیلمانەی كە گرینگیان هەیە" The Movies That Matter Award لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "زاگڕێب داكس" ZagrebDox لە وڵاتی كڕواسیا، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ" Religion Today لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی قوتابیان لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "ئۆلجۆ" Ulju لە وڵاتی كۆریای باشوور، خەڵاتی گەورەی بەشی پێشبڕكێی سەرەكی دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی لەندەن بە ناونیشانی سینەماكاری كورد مێهمێت ئاكسوێ Mehmet Aksoy یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم فێستیڤاڵەی وڵاتی بەریتانیا و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمەكانی سینەمای كوردی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "دهۆك" Duhok لە هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوە.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "مۆسكۆ" Moscow بە بەرپرسیاریی خاتوو گولیزەر گەردەن زەری Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی كوردەكان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و كورتە فیلم لە سینەماكارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی "كارۆ ئاڕت" لە هۆڵەكانی ناوەندی سینەمایی ئۆكتیابر و لە شاری مۆسكۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

 

 

سەرچاوە: pukmedia