موعتەسەم نەجمەدین
بەرێزم؛ ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم هیوادارم بە سنگ فرەوانیەوە لێم وەرگریت. هیچ گومانم لەوە نیە، کە تۆ پیاوی هزر و روناکبیری نیت، بەڵام ئەو بۆچونەیشم لا خوڵقاوە، کە تۆ دیاردەیەکی نوێی سیاسیت، لەم دەڤەرە پڕ لە نەهامەتی و وێرانەدا داهێناوە، کە پێشتر لە ئەزمونی سیاسی خۆماندا نەمان بینیوە. لە دۆخێکدا ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر دەبێت. کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی لە کوڵان و هەڵچونێکی مەترسیداردا گوزور دەکات. خەڵکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە حاکمی ئەم دەڤەرە دەزانن و بە بەرپرسیار لە هەر نەهامەتی و دژواریەکی دەبینن، کە بەرۆکیان دەگرێت، بەوەی لە ئەمرۆیشدا تۆ حاکمی رەهای ئەم حزبەی، بەواتە تۆ فەرمانرەوای یەکەمی ئەم دەڤەرەی، هەر بۆیەش تۆ وەک کەسێتی خۆیشت دەبێتە بەرپرسیاری یەکەم لە بەردەم خەڵکدا.
سلێمانی لە ئەورۆدا شێرپەنجەی گەندەڵی و پەرتەوازەی و دابەشبوون و بێسەرو بەری لە تەواوی جەستە و گیانی داوە، ئەم شارە بووە بە دیستۆبیا، لەم کەتوارەیشدا تۆ چەندێک ڵێهاتوو و دڵسۆز بێت، هەر دەبیت بە حاکمی شارێکی دیستۆبی. لە ناو حزبەکەی تۆیشدا پەرتەوازەی و ئەنارشیست و دابەشبوون جۆرێک لە خیانەت و خۆفرۆشی تا ئەورۆیش ماوەتەوە. لە نێو کادر و سەرکردەکانتدا ترس و جۆرێک لە دڵەراوکێ خوڵقاندراوە، کە بوەتە رێگر لە بەردەم وتنی راستیەکان بە جەنابت. بی متمانەی و بەتاڵبونەوە لە دلسۆزی و پرنسیپی حزبایەتی بووەتە رەوشێکی مەترسیدار، هەڵهاتنی کادرانی خاوەن هەڵوێست و مەعریفە بووەتە دیاردەیەکی بڵاو. بەرزبونەوەی پێگەی کەسانی هەلپەرست و بێ مۆراڵ بوەتە بەربەست لە بەردەم گەشکردنێکی راستەقینەی یەکێتیدا، راپۆرت نووسین بۆ ملشکاندنی کادران لە ناوخۆیاندا خەریکە دەبێتە رێبازی سیاسی یەکێتی. لەم کەتوارە ناجۆر و بێ سەروبەرەیەدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەلێکی زیرین بوو بۆ دەرکەوتنی تۆ وەک دیاردەیەکی سیاسی نوێ و جیاواز. بەم دەرکەوتنە توانیت، هەندێک متمانە و باوەربون بۆ یەکێتی بگەرێنیتەوە، تا ئاستێکی باش و بەرچاو رێز و حورمەتت بۆ کادری رێکخراوەی یەکێتی گەراندەوە. لەم دەرکەوتنەدا هەقیقەتی بوێری و ئازایەتی خۆت سەلماند، زۆر بێباکانە و بەراشکاوی پەنجەت خستە سەر برینەکان و بۆ یەکەمینجار کەسێک دەرکەوت تواناو بوێری ئەوەی تیادا بێت، کە بە دەسەڵاتی تاکرەوی و دیکتاتۆری پارتی بلێت، راوەستن، چیتر لێتان قبوڵ ناکەین. ئەم هەڵوێست و بانگەشەیە بەشێوەیەک دەنگی دایەوە نەک تەنیا یەکێتیەکان، بەڵکو لایەنگرانی زۆرێک لە حزبەکانیتریشی دڵخۆش کرد. متمانەی بۆ زۆر کەس و لایەن، گەرانەوە...، بەڵام مەرجە ئەو گفت و گوتار و دروشمانە بکرێت بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ چارەسەری کێشەو قەیرانەکان، نەک تەنیا خۆدانە بەر شەپۆلێکی باوی پۆپۆلستی بێت. سیاسەتی پۆپۆلستی رەنگە دەستکەوت و داهاتی کاتی دیاری هەبێت، بەڵام هیچ کات و لە هیچ جێگەیەکدا نابێت و نەبووەتە پایە بۆ بونیادنی رەوشێکی سیاسی و ئابووری باش و دروستکردنی دونیای ئازادی و کۆمەڵگایەکی جێگیر.
بە گشتی لە ئەورۆدا تۆ رووبەرووی کۆمەڵێک رەوشی نەخوازراو و مەترسیدار دەبیتەوە لەوانە؛
زۆر بە داخوە میللەتێک زۆرینەی تێکشکاو و کەم ئاوەز، کە هەمووو شتێک بە گەز و روبەی عەقڵێکی دواکەوتو و لۆجیکێکی چەوت دەپێویت. کاتێک میلەتێک لە ئاوەزی خەیاڵی بێ بنەما و هەڵخەڵەتێنراودا، بە تەواوی خواستو ئارەزوی خۆی دەبێتە کۆیلەی عەقڵ و باوەرێکی خێلەکی و دەرئەنجامیش دەبێتە قوربانی ئەو باوەر و عەقڵەی...، دەرئەنجام کێ دەتوانێ دەماری پێچەڵپێچی بە ناخاچوی هەڵخەڵەتاوی لە ریشەوە دەربێنێت.
دەسەڵاتێکی تاکرەو و دیکتاتۆر، کە ئامادە نیە بەرگی شەرعیەتی شۆرشگێری فرێبدات. دەسەڵاتێک، کە تا ئەورۆ سورە لە سەر ئەوەی دەبێت، بارودۆخ تەنیا بەگەزی تایبەتی خۆی بپێورێت، لە کاتێکدا بۆخۆی دیلی باوەری چەوت و دنیابینیەکی گوماناویە. لەم حاڵوبارەدا زۆر ئەستەمە هەر وا بە سانای بتوانرێت ئەم دەسەڵاتە بهێنرێتە ژێر بار، قبوڵی کەمکردنەوی هەژمون و بەرتەسککردنەوەی بوارەکانی راوروت و چەتەی و گەندەڵی بێت. دەسەڵاتێک ئامادەی تیادا نەبێت لە سەدەی بیست و یەکیشدا دەستبەرداری عەقڵیەت و باوەری خێلەکی بێت، چۆن هەڵسوکەوتی لە گەڵدا دەکەیت؟.
گەندەڵی و تاڵانکاری و نادادی، کە لە ئەورۆدا بووەتە سیستم، ئەگەر رێگای لێنەگیرێت دەرئەنجام دەبێتە خۆرکەی سوتاندنی هەموو دەستکەوتەکان.
مەترسیەکانی جەور و ستەمی چەرخ و هەرەشەکانی گۆرانکاری چەرخ، کە لە دوو ئارەستەدا زۆر بە خێرایی و بە فرەوانی پەل دەهاوێژێت، مەترسیەکانی فەراوانبوونی شەڕێکی هەرێمایەتی، کە بەرەو شەڕێکی جیهانیش پەلدەکێشێت. قەیرانێکی ئابووری جیهانی، کە دەمیکە کاریگریەکانی گەیشتوەتە لای ئێمەیش. لە کاتێکدا بۆنی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەوەر تەواوی خەڵکانی جیهانی توشی دڵەراوکێ کردووە، تەقەی تفەنگ و گرمەی تۆپ و هارەی فرۆکە لە گوێی ناوەوەماندا دەلەرزێتەوە، ئێمە هێشتا لە خەونی دابەشکردنی پۆست و پلە و داهاتی دزراوی ئەم میلەتەداین.
لە هەمو سەردەمەکاندا فاکتەری خیانەت و خۆفرۆشی بوونی کەسانی ئینتیهازی و بێ مەعریفە و بێ هەڵوێست و هەلپەرست، بەربەست قەیرانێکی گەورەی هەموو دەوڵەت و فەرمانرەوای و رێکخراوێکی سیاسی بووە، لە ئەورۆدا زۆر بە داخەوە یەکیتی لێوانلێوە لەم دیاردانە. شۆرشگێری باوەر چەوت و رۆژنامەنوسی بێ مەعریفەو بێ مۆراڵ و کادری حزبی هەلپەرست لە هەرە نەهامەتیەکانی یەکێتیە. کاکی شۆرشگێری خۆبەخاوەنزانی مێژوو وبیرو هزری خەبات و تێکۆشان، لە خەیاڵپڵاوی بیروباوەری کۆن و ستۆکدا واقعی ئەورۆ بە عەیارەی واها سەروبن پێوانە و کێشانە دەکات لە قوتوی هیچ عەتەرێکدا نایدۆزیتەوە. تۆز و خۆڵی بان زەبر و جەوری رۆژانی نەهامەتی بە دروشم و هەرەشەو لادانی چەند کوێخا و ئاغایەکی سیاسی و خێڵەکی لاناچێت. بەڵکو پێویستە ئەم دومەڵە لە بیخەوە دربهێندرێت. هەتا ئەو دەمەی مەلۆتکەی هزرمان دەزێت، تۆ ئەگەر نەتوانیت مامان بیت، دەتوانیت چەترێکی بەهێز بیت.
بەرێزم؛ جونمەردی ئەوەیە شان بدەیتە بەر هەڵگرتنی ئەم ئەرکە فرانە و بێر لە عاقیبەت و باجی ئەم هەڵوێستە نەکەیتەوە. مرۆ لە هەڵگرتنی ئەرکی مەزندا نابێت بە دوای سانای نازۆدا بگەرێت. هیچ گومانم لەوەدا نیە، کە زۆرن ئەوانەی خەون بە شکست و داروخانتەو دەبینن، زۆرن ئەوانەی لە پەناو پەسێوی بوونی جڤاکیدا دەگەرێن بۆ بنجی کەمایەسی و چەوتی کار و چالاکیەکانت. تۆ ئێستا لەو ئاراستەدای، کە ببیت بە کەسێکی گلێر، ئەمەیش نەک پارێزبەندیت ناداتێ، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیاریت زیاتر دەکات.
ئەوی من لەم باسەدا وەک خۆم سەرنجی راکیشاوم، کە ئەمە بۆچونی خۆمە رەنگە راستیش نەبم تیایدا، تۆ لە لاسیکردنەوەی پاڵاوانێکی مێژوی مەزنەوە دەتەوێت بچیتە ناو بازنەی بونیادنانەوەی فۆرم و مۆدێلێکی سیاسی جیاوازەوە. لە راستیدا بیرۆکەی ئەم باسە لە وێنەیەکی سەر تیشیتێکی تۆوە لام بەرجەستە بوو، کە هاورێیەکی سینەماکارم بۆی ناردم. لە سەر بلوزەکەی تۆ نوسرابوو (هەموو شتێکتان لێوەردەگرینەوە) لە خواری ئەوەیشەوە وێنەی دامامکەکەی (شا لیونیداس)ت دانابوو. بۆیە لەم سونگەوە دەکەومە وێزەی چیرۆکەکە و سلێمانی و ئەسپارتە و لیونیداس و جەنابتیش دەخمە ناو بازنەی شەنوکەوێکی سیاسیەوە، ئاواتە خوازم لێیدا سەرکەوتوو بم.
ناوەرۆکی چیرۆکە ئەفساناویەکە ئەوەیە، کاتێک (شا خشایار)ی فارسی بە سی سەد هەزار سەربازەوە هێرش دێنیت بۆ سەر شاری ئەسپارتەی یۆنانی، جگە لە مەترسیەکانی دوژمنان بۆ سەر (لیونیداس) خیانەت و خۆفرۆشی و گەندەڵی و پەرتەوازەی و دابەشبونی کۆمەڵگا لە تەواوی جەستە و گیانی ئەسپارتای دابوو. (لیونیداس)، لە گەڵ ئەوی کەسیایەتیەکی خاوەن هزر و بیرمەند و روناکبیر نەبووە، بەڵام کەسایەتیەکی ئازا و بوێر و دڵسۆز و پاک بووە، بۆیە درئەنجام دەبێتە جێگای باوەر و متمانەی یۆنانیەکان بە گشتی و ئەسپارتەکان بە تایبەتی. لەو دەمەدا قەبارەی هێزەکانی ئیمبراتۆریەتی فارسی و سوپاکەی (شا لیونیداس) بەراورد نەدەکران. رووبەرووبونەوەی سێ سەت هەزار سەرباز لە سوپای داگیرکەران، تەنیا بە سێ سەت سەربازی ئەسپارتەیەوە، لە لایەن فارسەکان و زۆرێک لە خەڵکی ئەسپارتە و ئەنجومەنی ئەعیانی ئەو دەمەی شاری ئەسپارتەیشەوە بە شێتی و سەرەرۆی ناودەبرا، بەڵام باوەری پتەوەی (لیونیداس) و هاورێکانی هەموو سنورێکی عەقڵ و لۆجیکی بریبوو، متمانە و وەفای (لیونیداس) بە هاورێکانی بێ سنور بووە، ئەمەیش هۆیەکی سەرەکی خۆراگری سوپاکەی بووە لەو شەڕە نابەرانبەرەدا. لەم چیرۆکەدا بەشێوەیەک وەفا و خۆشەویستی و دڵسۆزی و خیانە و خۆفرۆشی و خۆپەرستی تێکەڵ بە یەکدەکرێن ئاوازێکی ئەوەندە ناجۆری لێدەخوڵقێت، مەگەر تەنیا (لونیداس) تونیبیتی ئیدارەی بدات. ئەو روداوە ئەوەندە مەزن بووە، تا ئەورۆیش لە دوای هەزاران ساڵ کاریگەری لە سەر بیر و هۆشی خەڵکی ئەم سەردەمەیش دەخوڵقینیت. (لیونیداس) پیاوێکی خاوەن بەهرەو لێهاتوی زۆر گەورە بووە لە بواری شەڕ و هونەری سەربازیدا، جەنگاوەرەکانی هەر لە منداڵیەوە بە مەشق و راهێنان پەروەردە دەکرد. پیشەیان تەنیا شەڕکردن بووە. ئەم شەڕە ، شەڕی نێوان ئیرادەو و کەرامەت و بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆی بووە لە گەڵ بەرەی زاڵمان و داگیرکەران و خیانەتکاراندا. ئەم شەڕە مانایەکی ئەوەندە مەزنی هەیە تا ئەورۆیش کاریگەری لە سەر هۆش و دنیابینی و زاکیرەی مێژووناسان هەیە. بەناوبانگترین فیلمەکانی هۆلیۆدی ئەم سەردەمە لە سەر چیرۆکی ئەو شەڕە دروست دەکرێت.
بەرێز کاک پافڵ
کاتێک، کە بینیم وێنەی دەمامکەکەی (لیونیداس)ت دابوو لە بەرۆکت، هاوکات بە هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتو گوتە و گوتارەکانت، شرۆڤەکردنی بارودۆخی ئەورۆی کوردستان و سلێمانی و ناوخۆی یەکێتی و بەراوردکردنی بە دۆخی ئەودەمەی ئەسپارتا، ئەوباوەرەم لا جێگیر دەبیت، کە تۆ ئاشنایەتیەکی باشت لە گەڵ چیرۆکی ئەو ئەفسانەیەدا هەیە. دوور نیە بەراوردکاریەکی باشیشت بۆ ئەو چیرۆکە و واقعی ئەورۆی کوردستانیش کردبێت.
ئەوەی گومان هەڵناگرێت، لە ئەورۆدا کوردستان لە بەردەم هێرشیکی وحشیگەرایی تاڵانکاری و داگیەکەران و گەندەڵکاراندایە. بارودۆخی ژیان لە سلێمانی زۆر دژوار و پڕ لە قەیران و کیشەدایە. یەکێتیش لە گەڵ ئەوەی هەنگاوێکی باشی بەرەو دەرچون لە قەیران و تەنگەشەکانی ناوە و تۆ توانیوتە تا ئاستێکی باش تەکانێکی بەهێز بەرەو بونیادنانەوەی بنەیت، بەڵام هێشتا زۆری ماوە ئومێدی لە سەر بونیاد بنرێت. سلێمانی و یەکێتی لێوانلێوە وەک ئەو دۆخەی ئەسپارتا. لەم کەتوارەدا تۆ پرۆسەی هەلبژاردنت بەرێوەبرد، تا ئاستێکی بەرچاو توانیت قۆناغێکی گەمەکە ببەیتەوە، دەتوانین بڵێن یەکێتیت خستە سەر ئاراستەی بەرەو رزگاربوون لەو دۆخەی چەندین ساڵە تێیخزێنراوە، بەڵام ئەمە کۆتای گەمەکە نیە، لە ئێستا بەدواوە ئەرک و بەرپرسیاریت زۆر زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەی ڕیسەکەت نەبێتەوە بە خوڕی، دەبێت لە ئێستا بە دواوە وردتر بیر بکەیتەوەو سنگت فەروانتر بێت بۆ وەرگرتنی سەرنج و رەخنەکان، ئەوەی مایەی راوەستان و سەرنجە تۆ دۆخێکت خوڵقاندوە، هیچ کەسێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکەیشت بوێری ئەوەیان تیادا نیە، رەخنەت لێبگرن و لەکاتی هەڵە و زیادەرۆیەکاندا راستیەکانت پێبڵێن.
دیفاکتۆی سیاسی لەم دۆخ و بارەدا پێویستی بە گوتارێکی بازنەییە، پێویستی بە داهێنانی شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەی سیاسی، جیاواز لە بیری باو و دنیابینی لیبرالیانەیە. لە دوای هەڵبژاردن ئەرکی سەرەکی تۆ گەرانەوەیە بۆ لای ئەندامان و جەماوەری حیزبەکەت و خەلک، تۆ دەبێت دروشم و بەرپرسیارێتی گەورە هەڵگریت. شەڕ لە پێناو ئامانجێکی مەزنی کۆمەڵگادا سەرکردە مەزن دەکات، نەک درەشمی قەبە و بیریقەدار. ترس و خیانەت لەم واقعەدا هاوجوت دەبن و دوور نیە تەواوی پرۆسەکەت لە بار نەبات. بۆ ئەوەی لەم بەرپرسیاریەتدا سەرکەوتوو بێت، پێویستە ببیتە پارێزەری مافەکانی خەڵک. لە ئێستادا، کە کێشەی موچە سەری لە هەموو میللەتی باشوری کوردستان شێواندوە. ئەم کێشەیە کلیلی سەپاندنی راستگۆی تۆیە لە جێبەجێکردنی ئەو دروشمانەی لە سەروبەندی هەڵبژاردندا هەڵتگرتبوو.
چارەسەری کێشە دارایەکانی خەڵک و کارکردن بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری سلێمانی ودواتریش کوردستان ئەگەر ئەرکێکی زۆر قورسیش بێت ئەستەم نیە بەتایبەتی کاتێک، کە ئەو هەلە دەرەخسێت بەهۆی جیۆپۆلتیکی سلێمانیەوە دەتوانیت سود لە پەیوەندیەکانت لە گەڵ بەغداد و تەواوی ئەو بەرەیەدا ببینیت، کە قەدەری جیۆپۆلتیک تێیخزانویت.
بەرێزم؛ نازانم ئەوەی وتم ئاسنی سارد کوتانە یان راستیەکە دەبێت بوترێت؟. هیوادارم لە نوسینەکەم زویر نەبێت، ئەگەر هەستت بروشێنێ، یان ماندوت بکات، ئەمە شەقامەرێی نوسینی منە، تۆ ئەگەر بەدڵیشت نەبوو دەکرێ ئەمە بکەیتە وانەیەک و هیچ بابەت و نوسینێکیترم نەخوێنیتەوە. لە مەیانیشدا ئەگەر بە بێ سود سەرم ئێشاندبێتن من داوای لێبوردن دەکەم.
سەرچاوە : سپی میدیا