ناساندنی کتێب: کۆمەڵە چیرۆکی «گوڵبەهار»

چاپەمەنی خانی لە سەقز، لەو ساڵانەدا ئەوەندەی گونجابێ، لە حەولی ئەوەدا بووە ئەزموون و دەنگە نوێیەکانی ئەدەبیاتی کوردی لە بواری گێڕانەوەدا بناسێنێ. بۆ وێنە، چاپ و بڵاوکردنەوەی کورتەڕۆمانی "بۆنی نمساری ئاجۆر"، نووسینی کاک چیا پەرویزپوور، یان کۆمەڵەچیرۆکی "دڵ چییە، لە کوێیە، چۆن کاردەکا"، نووسینی کاک جەلیلی ڕەحیمی، ...
ئەم جارەش بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەچیرۆکی گوڵبەهار، نووسینی کاک مەنسووری مێهرجوویان، یەکێک لە دەنگە نوێیەکانی چیرۆکی کوردی بە خوێنەران دەناسێنێ.
"گوڵبەهار" دووهەم کۆمەڵەچیرۆکی مەنسوور مێهرجوویان، پێک هاتووە لە 15 کورتەچیرۆک. نووسەر پێش‌تر ساڵی 1398ی هەتاوی کۆمەڵەچیرۆکی "هەڵەیەکی مێژوویی" لە چاپەمەنی گوتار چاپ و بڵاوکردۆتەوە.
کورتەچیرۆکەکانی کۆمەڵەچیرۆکی "گوڵبەهار" لە باری ناوەرۆکەوە لە حەولی ئەوەدان باس لە کێشە و ئاستەنگەکانی ئەوڕۆی کۆمەڵگا بکەن و لە کۆمەڵگا و دنیای واقع دانەبڕێن. نووسەر حەول دەدا کورتەچیرۆکەکان بە شێوازێکی مۆدێرن بگێڕێتەوە و لەگەڵ ئەوەش‌دا نایهەوێ مۆدێرن بوون بە نرخی دوور کەوتنەوە لە بەردەنگ تەواو بێ . لەوانەیە ئەوە گرینگ‌ترین خاڵی ئەو کۆمەڵەچیرۆکە بێ.