لەتیف فاتیح
لەم ڕۆژانەی پێشودا لەشەنگالەوە بۆ شیلادزێ و تاسلێمانی وکەلار تورکیا کەئەندامی سەرەکی ناتۆو یەک لەو وڵاتانەیە کەزۆر پڕوپاگەندەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، کورد کوژی دەکات، ئەردۆغان شین بۆ مناڵی غەزە دەگێڕێ و مناڵی کوردی دراوسێ و هاودینی خۆی بێ باوک دەکات، ئێستاش بەئاشکرا جگە لەشەڕفرۆشی پێشووی کەزۆربەی شکستی هێناوە هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی بەهارەو هاوینە دەکات و دەیەوێت شەڕی فراوان دژی هەرێمی کوردستان و ڕۆژ ئاوا ڕابگەیەنێت.
ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمی کوردستانەوە، دەسەڵاتدارانی تورک پەیتا پەیتا کار بۆ ئەوە دەکەن لەشەڕەکەدا پارتی و یەکێتی و حکومەتی عێراقی هاوبەش بکەن بۆ لێدانی گەریلا، نەک هەر هاوبەش ئەوان دەیانەوێت سوپای عێراق و پێشمەرگە شەڕەکەیان بۆ بکەن، لەمەدا تا ئێستا نەیانتوانیوە بەتەواوەتی حکومەتی عێراق ڕازی بکەن، یەکێتیش تا ئەم ساتە بەنا وەڵامی تورکیای داوەتەوە سەرەڕای ئەو هەموو فشارەی لەسەرێتی، هەڵبەت پێشمەرگەی پارتیش حەزی بەو شەڕە کورد کوژیە نیە، گەرچی ناچار دەکرێت.
تورکیا بۆ ڕەوایی دان بەو شەڕە هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن و بەرپرسانی سوپای ڕاسپاردوە لەهەموو شوێنێک لەپەیوەندیدابن، ئەمەش لەلایەکەوە نیشانەی ئەوەیە کەتورکیا شکستی خواردوە لەوەی بەتەنێ بەسەر کوردا سەربکەوێت، بۆیە پەنا بۆ هەموو لایەک دەبات تاهاوکارو پشتیوانی بن.
تورکیا بۆ ئەم ئۆپراسیۆنە ئامانجی سەرەکی پەلاماری سەر زاب، گارا، خواکورک، خنێرە، قەندیل، شەنگالە، بۆ ئەمەش پاڵپشتیئەوانی تری دەوێت، تەنانەت لەماوەی پێشودا ئیبراهیم کاڵن بۆ مەبەستی ڕەوایی دان بەکورد کوشتن سەردانی ئەمەریکای کردوە، لەناو پڕۆژەکەی تورکیادا کۆبانی و قامیشلو ڕۆژئاواش هەن، ئەوەی پەیوەستە بەعێراقەوە، لەوەناچێت حکومەتی عێراقی بەشداری ڕاستەوخۆی شەڕبن ، بەڵام ڕەنگە بێدەنگی هەڵبژێرن، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیش تا ئێستا بەنەرێ وەڵامی تورکیای داوەتەوە، وێڕای داخستنی فڕگەی سلێمانی و ئابڵوقەی تورکیاو پەلامارە درۆنیەکان، کەئەگەری هەیە لەناو ئۆپاسیۆنەکەدا زۆر زیاتر بن و ڕەنگە ناوسلێمانیش بگرێتەوە، ئەگەر سنورێک بۆ تورکیا دانەنرێت.
تورکیا مەبەستێتی پشتێنەیەکی ئەمنی بەقوڵای سی کیلۆ مەتر لەناو هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکات، دەیەوێت بزوتنەوەی گەریلا لەقاڵب بدات،لەبەرانبەردا گەریلاش ئامادەکاری بەرپەرچدانەوەدەکات.
ڕەنگە بۆ ئەردۆغان ئەم ئۆپراسیۆنە و سەرکەوتن یانشکستی ئۆپراسیۆنەکە بابەتی ژیان و مەرگ بێت، بۆیە بەردەوام ئامادەکاری بۆدەکات، گرنگە کورد لەڕۆژئاوای کوردستان و هەرێم دۆسەکانیان لەمەترسی ئەو پیلانە ئاگادار بکەنەوەو هەوڵی ڕێگری کردنی بدەن، چونکە ئەوەی تورکیا دەیکات وەک ئەوەیە ناتۆ بێت، کەبەشی زۆری وڵاتانی ناتۆش خۆیان وەک هاوپەیمانی کورد نیشاندەدەن.
سەرچاوە : سپیمیدیا