مەلا مارفی کۆکەیی ناوبانگی «حاجی ئیلخانی» بیستبوو، تا ئەو وەختە نەیدیبوو. هەڵئەستێ ئەچێ بۆ لای داوای شتێکی لێ بکا بۆ ئەو زستانەی ماڵ و منداڵەکەی. کە ئەڕوا بە ڕێکەوت حاجی ئیلخانی چووبووە دەرەوە بۆ ڕاو، جلی ڕاوی لەبەرا ئەبێ و بە تاقە سوارە تووشی مەلا مارف ئەبێ. مەلاش بارگیرە کەرێکی هەبوو، سوار ببوو، لێی ئەپرسێ: ها مەلا ئۆغر بێ؟ ئەڵێ: بە خوا ئەوی ڕاستی بێ ئیمساڵ منداڵەکانم هیچیان نییە، ئەچم بۆ لای حاجی ئیلخانی بزانم شتێکم ناداتێ بۆ ئەو زستانەمان.
حاجی ئیلخانی ئەزانێ کە مەلا نایناسێ ئەڵێ: تەمای چەنت پێیە کە بتداتێ؟ ئەڵێ: سەد تمەنێک، ئینجا بەشم ئەکا. ئەڵێ: ئەگەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: پەنجا تمەن. ئەڵێ: ئەگەر ئەوەشی بە لاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: ئەگەر هەر وتی زۆرە؟ ئەڵێ: دە تمەن. ئەڵێ: ئەگەر دیسان ئەوەشی بە لاوە زۆر بوو؟ ئەڵێ:«چوار پەلی بارگیرەکەم ئەکەم بە کوزی دایکیا و ئەگەڕێمەوە، چی لێ ئەکەم». حاجی ئیلخانی پێی پێئەکەنێ و ئەڵێ بڕۆ خوات لەگەڵ. تا مەلا بە بارگیرە شەلەوە ئەگاتە ئاوایی و ئەچێتە دیوەخان، حاجی ئیلخانی خۆی و سوارەکان ئەگەڕێتەوە لە دیوەخان دائەنیشێ. مەلا ئەکا بە ژوورا. مەلا چاویشی کز بوو، حاجیش جلی ڕاوی داکەندبوو، مەلا نەیناسییەوە.
لە پاش چاکی و چۆنی لێی ئەپرسی: ها مەلا! خێرە وا تەشریفت هێناوە؟ ئەڵێ: وەڵڵا حاجی بەگ ئیمساڵ زۆر پەرێشانین، خێزانێکی زۆرم بۆ نەگبەتی بە ڕیشەوە بووە، نە نان هەیە و نە بەرگ. هاتوومەتە خزمەت چارێکمان بکەی بۆ ئەم زستانە. حاجی ئیلخانی ئەڵێ: مەلا چەندە بەشت ئەکا؟ ئەڵێ قوربان سەد تمەن ئینجا بەشمان ئەکا. ئەڵێ: مەلا زۆرە. ئەڵێ: با پەنجا تمەن بێ. ئەڵێ: ئەوەش هەر زۆرە. ئەڵێ: بیست و پێنج تمەن. ئەڵێ: فڵانی هەر زۆرە. ئەڵێ: بە خودا لە دە تمەن کەمترم ناوێ. حاجی ئیلخانی پێئەکەنێ. مەلا ئینجا تێئەگا چ باسە، ئەمە حاجی ئیلخانی خۆی بووە تووشی بووە. ئەڵێ: «قوربان! ئەگەر دە تمەنەکەم نەدەیتێ بارگیرەکەم لە دەرەوە بەستراوە». حاجی ئیلخانی بە تەواوی لەبەر پێکەنین شپرزە ئەبێ.
ئینجا بانگی پیاوەکەی ئەکا ئەڵێ: «کوڕە بچۆ سەد تمەن و پەنجا تمەن و بیست و پێنج تمەن و دە تمەن بدە بە مەلا با بارگیرەکەی لە شوێنی خۆی بێ».