مەسعود محەمەد

نووسەر و توێژەر و بیرمەند و کەسایەتی ناسراوی گەورەی کورد ڕەوانشاد مەسعود محەمەد لە ساڵی 1919 لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە شاری کۆیە لە دایك بووە، لە ساڵی 1926 چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی لە کۆیە و ناوەندی و دواناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە، لە ساڵی 1940 چۆتە کۆلیژی (حقوق) و لە ساڵی 1945 تەواوی کردووە و بۆتە یاسازانێکی چالاك.
ئەو کاتەی قوتابی بووە لە کۆلێژی ماف هاوپۆلی دڵداری شاعیر بووە و بەیەکەوە زۆربەی ئێوارەکان سەرەدانی ساڵۆنی وێژەیی خاتوو (بەهیة فەڕەجەڵڵا)یان کردووە، کە کچیکی کوردی میسری بووە و مامۆستا بووە لە کۆلیژی کچان (کلیة البنات) لە بەغدا و ماڵەکەی هەمیشە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەدەبی و فەلسەفی و هزریی لێکراوە. مەسعود محەمەد هەر لەو کاتەوە بیری کەوتۆتە سەر فەلسەفە و شیکردنەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاری، فەلسەفەی هیگل و مارکسی زۆر باش خوێندۆتەوە و بەراوردی کردووە بە باری کۆمەڵایەتی وئابووری کورستان و لایەنە بە کەلکەکانی باس کردووە و دژی لایەنە سلبیەکانی بووە، ناوبراو لە ژیانی خۆی شان بە شانی کاری پارێزەری 
کۆمەڵێك لێپرسراوێتی بینیووە، لە ساڵی 1953 و 1954 نوێنەری شاری کۆیە بووە لە هەردوو دەورەی پەرلەمانی عێراقی، پاش شۆڕشی 14/ی گەڵاوێژی 1958 بۆتە ئەندام لە لێژنەی چاکسازی کشتوکاڵ و ئاودێری و بەشداریش بووە وەکو یاسازانێك لە دەرچواندنی یاسای (قانون الاصاح الزراعي - یاسای چاكسازی کشتوکاڵ). 
مەسعود محەمەد لە ساڵی 1964 بە ناوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی بۆتە وەزیری دەوڵەت لە حکومەتەکەی )تاهیر یەحیا(، لە کۆتایی شەستەکان بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی (مجلس خدمة العامة)، لە 29 ئابی ساڵی 1970 کە کۆڕی زانیاری کوردی دامەزرا ئەو بۆتە ئەندامی کارا و دواتر جێگری سەرۆک، پاشان کە بووە کۆڕی زانیاری عێراقی - دەستەی کوردی بووە سەرۆکی ئەم کۆڕە. پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و کشانەوەی دام و دەزگاکانی حکومەتی ناوەندی ناوبراو گەڕاوەتەوە کوردستان و لە رۆژی 1/ 4/ 2002 لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە لە تەنیشت گۆڕی باوکی مەلای گەورە بە خاك سپێردراوە. مەسعود محەمەد لە ژیانی سیاسی و ئەدەبی خۆی پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ هەموو لێپرسراوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە ئەدەیب و رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد هەبووە، کۆمەڵێك نامەو بەڵگەنامە هەنە کە ئەم ڕاستیە پشتڕاست دەکەنەوە، لەوانە نامەکانی بۆ هەر یەك لە (وریا مامڵێس و ئاسۆس شەفیق لە 1994-1998، بۆ هەڵۆ بەرزنجی لە 1995-1999، دەربارەی عوسمان پاشای بابان لە (عەبدولرقیب یوسف)ەوە بۆ مەسعود محەمەد و بە پێچەوانەوە، نامەکانی مەسعود محەمەد بۆ مستەفا نەریمان دەربارەی موکەڕەم تاڵەبانی).
مەسعود محەمەد لە ژیانی خۆی کۆمەڵێك بەرهەمی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیووە و لە چاپی داون بڵاویشی کردۆتەوە لە وانە (ژیان و جیهانبینی، گەشتی ژیانم لە 769 لاپەڕە، چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی ڕێنووس و ئەلفوبێی کوردی، مرۆڤ و دەوروبەری، حاجی قادری کۆیی لە سێ بەرگدا کە ژمارەی لاپەڕەکانی 894 لاپەڕەیە، وردبوونەوە لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی، چەپکێک لە گوڵزاری نالی، بەرەو ڕاستە 
شەقامی ئاخاوتنی کوردی، زاراوەسازی پێوانە، بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەك بیت، حەمە ئاغای گەورە، هەندێ بابەتی زمان و ڕێنووسی کوردی، دەستەو دامانی نالی، لە پەرۆشەکانی ژیان، چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی، کەوچکێک شەکر بۆ قاوەی تاڵ، نووسەر- نووسین- ئازادی- وەرگێڕدراوە، حەجێکی تر بۆ دەرگای (خەتێ)ی زانا وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە حەکیم کاکەوەیس، پرۆسترۆیکای گۆرباتشۆف - ڕەخنەو شیکردنەوە - بەشی یەکەم و دووەم وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: حەکیم کاکەوەیس، کۆمەڵگەی ئادەمیزاد. .. بۆچی لە شێتخانە دەچێ ؟ وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: حەکیم کاکە وەیس، زمانی کوردی - وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: حەکیم کاکە وەیس، سەرنجێك لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی مێژوو - وەرگێڕانی: حەکیم کاکە وەیس، دەمودووی هزر - وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە ؛ حەکیم کاکە وەیس، بۆ گۆرباشۆفی مەزن، لەگەڵ ساو هیواخوازیدا، مەسعود محەمەد وەرگێڕانی ؛ حەکیم کاکە وەیس، بیبلیۆگرافیای پێڕستی کتێبی کوردی، مسعود محمد و دورە السیاسي في العراق - دراسة تاریخیة للدکتور راهي مزهر البیاتي - ترجمة دکتور کەمال مەزهەر ئەحمەد). لەسەر خودی مەسعود محەمەد و بەرهەمەکانی توێژینەوە و شیکردنەوەی زۆر کراوە لە وانە: 1- کۆنفراسەکانی نێو دەوڵەتی بۆ ناودارانی کۆیی لە سێ بەرگدا 2017 - ئامادەکردن و پی ێداچوونەوەی پ. ی. د. حەیدەر لەشکری و پ. ی. د. دەریا حوێزی، 2- ئێستیتیکای پیداچوونەوەی هزرێکی خۆکرد لە نووسینی هەندرێن سوید 2012 ، 3- دیدو جیهانبینی ئەم کتێبە توێژینەوە و رۆچوونە بە ناو دەقەکانی مەسعود محەمەد و هەوڵدانێکە بۆ شرۆڤە و ڕاڤەکردنی تێگەیشتن و بۆ چوونەکانی ئەم نووسەرە، لە نووسینی نەوزاد جەمال، 4- مسعود محمد و دورە السیاسي في العراق 1919-1968 ، دراسة تاریخیة للدکتور راهی مزهر البیاتي و هو رساڵة قدمت الی (معهد التاریخ العربی و التراث العالمی للدراسات العلیا) و نال شرف الدکتوراە بدرجة ممتازة، دوکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. مەسعود محەمەد شێوازیکی تایبەتی لە نووسیندا هەبوو کە لەگەڵ لێکۆڵینەوەی زانستی نەدەگونجا وەك ئەوەی زۆر پەیوەست نەبوو بە پۆلینکردنی بابەتەکانی و زۆر جار ناونیشانی سەرەکی و لایەکی بە یەکەوە دەبەستەوە و هیچ پەکی لەسەر ئەوە نەدەکەوت ئەگەر 100 لاپەڕەی لەسەر شتێکی بێ ناونیشانیش بنووسیایە بۆ خوێنەر، زۆربەی رۆشنبیران نووسینەکانی بە ئاڵۆز و تێکەڵ دەزانن، هەندێك لە رۆشنبیرانیش بە پێچەوانە مەسعود محەمەد بە فەیلەسوف دادەنێن، بۆیە دەبێت لەلایەن پسپۆڕان زیاتر لێکۆڵینەوە و شرۆڤە کردن لەسەر بەرهەمەکانی بکرێت بۆ ئەوەی بۆ نەوەکانی دواڕۆژمان ساغ ببێتەوە. مەسعود محەمەد بە یەکێك لە هەرە گەورە بیرمەند و ڕووناکبیرە کوردەکان دەژمێردریت لەسەر ئاستی کوردستان و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
روحی شاد و ئاسوودە و ئارام بیت.

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان