مەسرور بارزانی، گرێکوێرەی حکومەتی داهاتوو

 

رێبوار كەریم وەلی

لە کاتێکدا، کۆمیسیۆن هەوڵ دەدات کەمێک کەفوکوڵی شەقام بنیشێتەوە و ئینجا ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنێت، تا راددەیەکی زۆر ئەنجامەکان دیارن.

کۆمیسیۆن خۆی بەشێکە لەو تەزویرە و ناتوانێ دژی بوەستێتەوە.

رەنگبێ یەکێک لە ناوازەترین لایەنی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بووبێ کە هەمیشە دەسەڵات بە تەزویر تۆمەتبار دەکرێ، بەڵام ئەمجارە کۆمپانیایەکی تەرفیهیی سیاسیشیان لەگەڵ خۆیاندا کردووە بە هاوقەتاری ساختەکاری و، پارتی و یەکێتی بە پلان و بەرنامە هەتکیان کرد.

جوڵانەوەی نون نون ئێستا بووەتە گیسکی گوناه و دەوری ریشی سۆفیەکەی ناو چێشتی مجێوری هەژار موکریانی بۆ پارتی و یەکێتی دەبینێ؛ خەڵک جنێوە تەڕەکان بۆ ریشەکە دەنێرن نەک بۆ جێگەی دیکە! بە کورتی ئۆپۆزیسیۆنیان بەگژ ئۆپۆزیسیۆندا کرد و، خۆشیان تەماشاچین!

بۆ لە نون نونەوە دەستم پێکرد؟ چونکە ئەم جوڵانەوەیە خۆی پێ موعاریزێکی موزمینە، بەڵام لێرە بەدواوەباوەڕکردن بە میسداقیەتی دروشمەکانیان لای خەڵک لاواز بووە و، تووشی سەرگەردانیی سیاسی دەبن و ئەگەر بیانەوێ بەتایبەتیش لەگەڵ پارتیدا، بچنە حکومەتێکەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی بێ، ئەوا ئەلفاتیحا.

لەکاتێکدا کە یەکێتی لە مەحافیلی داخیلیی خۆیدا رایگەیاندووە کە ناچێتە ناو هیچ حکومەتێکەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی بکات و لە سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزیران یەکیان دەبێ پشکی ئەوان بێ، یانیش هەردوو سەرۆکایەتییەکە دووساڵ بە دووساڵ بێت، پارتی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە دەرەوەی یەکێتی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە خەریکی بیروڕا گۆڕینەوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و تۆڵەکردنەوە لە یەکێتی.

ئەلبەتە باڵی مەسرور بارزانی و باوکیشی ئیعلانیان کردووە کە لەگەڵ "هەڵتۆقیوە سیاسییەکان” کە بانگەشەی”رووخاندیان” کردووە ناچنە ناو حکومەتەوە. بەڵام ئایا پارتی دەتوانێ زۆرینەی سادە دەستبەر بکات؟

پارتی ڕەنگبێ چاوی لەوە بێت کە بتوانێ لانیکەم 10 تا 15 کورسیی لایەنە تەزویرلێکراوەکان بۆ لای خۆی رابکێشێ و یەکەمجار بتوانێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەبێ یەکێتی دابنێ، کوتلەی براوە دروست بکات، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێ و ئینجا مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 ناوزەد بکات.

لەم پڕۆسەیەی سەرەوەدا، وا داندراوە کە یەکێتی و نون نون هیچ دەورێکیان نییە و بە پێچەوانەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دانوستانەکانی پارتی کۆتایی پێبێت و نۆرەی یەکێتی بێت بۆ پێکێنانی کابینە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر مەسرور بارزانی نەتوانێ حکومەت پێک بێنێ بە قوباد تاڵەبانیش پێک نایەت. بۆیە بەو حاڵە رەنگبێ پێکهێنانی کابینەی 10 بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی بەغدا و، هەموو پۆستەکان بکرێنە یەک پاکێج.

لە کۆی گشتیدا، ئەوە پرۆسەیەکە کە واداندراوە پارتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت و گرێکوێرەکەش لێرەدایە. ئەم دڕودۆنگی پەرتەوازەییەی توشی ناو ماڵی کورد هاتووە، بەرهەمی سیاسەتە چەوت و بوغرایانەکانی مەسرور بارزانییە بۆیەش ئەگەر تورکیاش فریای پارتی کەوتبێ کە نەکەوێ، بەڵام ئێران وای دیزاین کردووە کە مەسرور بارزانی نەتوانێ بێ یەکێتی حکومەت پێک بێنێت.

بۆیە پێداگریی سەرۆکی پارتی لە کاندیدکردنی کوڕەکەی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو، خولانەوە دەبێ لە ناو بازنەدا، وەک هەمان بازنەی هاوپەیمانیی(صبح) کە ئەخیرەن کەوتنەوە باوەشی ئیتاڕی تەنسیقی.

بۆیە لە حکومەتێکدا کە قەرار بێت بەبێ مەسرور بارزانی پێک بێت و بۆ نمونە نێچیرڤان بارزانی(بە تایبەتیش کە هێشتا دیار نییە، مەیلی مانەوە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی هەیە یان نا؟) ناوزەد بکرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت، بە دڵنیاییەوە ئەو ماوەیە زۆر کورتتر دەبێتەوە و گرێکوێرەکە زۆر بە ئاسانی دەکرێتەوە.

پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو لایەنە براوەکان(ئەوانەی بیانەوێ بەشدار بن)بۆ ئەم قۆناغە تا راددەیەک تۆڵەی ئەو تەزویر و ئەو غەدرە گەورەیە دەکاتەوە کە لە هەڵبژاردن لێیان کراوە.

سەرچاوە : سپی میدیا