مەرجی بەڕێوەبەری شیاو بۆ بەڕێوەبڕدنێکی سەرکەوتوو

 

کاروان کەریمخان
هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکە کە دەبێ دوو شت ڕەچاو بکات. یەکیان ئەرکی بەڕێوەبردنە بە مەبەستی پێشکەوتن و دابین کردنی ژیانی باشتر. دووەمیان پێشکەش کردنی ئەزموونێکی سەرکەوتووی حکومڕانییە لە ناوچەکە بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە مەرجی جیابوونەوەی چارەسازی لە عێراق تێدا ساز بێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە هەستیارییەکی زۆر گرینگی بە شێوازی بەڕێوەبردن بدات، یەکێک لە هۆیەکانی باشتر بەڕێوەبردن ناسینی خەسارەکانی کاروباری بەڕێوەبردنن، بەپێی ئەزموون ئەوە دەرکەوتووە کە زۆر جار نەزۆکی کاری ئیداری بۆ سیستەمی ئیداری و کارگێڕی دەگەڕێتەوە. بۆیە بەپێی سەردەم پێویستە سیستەمی ئیداری گۆڕانی بەسەردا بێت و بەڕۆژ بکرێتەوە.

یەکێک لەو خەسارناسییانەی کە ئەزموونی دوای ڕاپەڕین دەری خستووە چۆنییەتی دانانی بەڕێوەبری ناحییەکانە لە هەرێمی کوردستان، وەک دەزانین شێوازی دانانی بەڕێوەبەری ناحیە هەر لە سەر بناغە لەرزۆکەکەی کۆنی عێراقی دەستکردە. ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی ناحیەکان لە ئاستی چاەڕوانی سەردەم نەبێت و ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە وەڵامگۆی نیازەکانی ئەم سەردەمە و ئەم کۆمەڵگەیە نەبێت، جگە لە نیزامی کۆنی ئیداری و کارگێڕی، یەکێک لەو هۆیانەی کە بەڕێوەبردنی ناحیەکانی تووشی تەڵە کردووە مەرجی دانانی بەڕێوەبەری ناحییەکانن. یەکێک لە مەرجە هەڵە سەرەکییەکان ئەوەیە کە دەبێ بەڕێوەبەری ناحیە دەرچووی بەشی یاسا بێت. کەسێک ئەگەر تەنیا دەرچوویەکی بەشی یاسا بێت نابێتە کەسێکی فرەڕەهەند، بەڵکوو دەبێتە کەسێکی لە قالبدراو بە چەند ماددە و بڕگەی یاسا، ئەم مەرجە بۆ سەردەمێک بوو کە بەڕێوەبەری ناحیە ناچار بوو کاری قازیش بکات، بەڵام ئێستا دەکرێ لە جیاتی ئەو مەرجە دادگا لە ناحیەکان دابنرێت و بەشی یاسایی لە ناحیەکان بکرێتەوە و کارەکان دابەش بکرێن و پۆلیس بەشی یاسایی هەبێت و هەروەها شارەوانی دەسەڵاتی پتری پێ بدرێت. لە هەمان کاتدا ناحیە وەک نوێنەری حکوومەت و سیمبولی دەسەڵات ئەرکی هەماهەنگیی و جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی کابینە بێت.

جیاوازییەک کە لە نێوان ناحیە و قائیمقامییەتدا هەیە ئەوەیە کە ناحیە هەستیارترە چونکە ناحیە بە تەوەری سەرەکی وەزارەتی ناوخۆ دادەنرێت، هۆیەکەشی ئەویە کە ناحیە لەگەڵ کەفی کۆمەڵگە لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام دایە، بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو گرینگی زۆر بە دامەزراوەیەک دەدەن کە لە کەفی کۆمەڵگەدا کار دەکات، بەو تێڕوانینە پێویستە بەڕێوەبری ناحیە لە زانستی کۆمەڵناسی سیاسی زۆر شارەزا بێت و بەو ڕوانگەیە کار بکات نەک ژمارەی ماددە و بڕگەکانی یاسای لەبەر کردبێت، ئەم جۆرە بەڕێوەبەرە دەتوانێ بە نیگای کۆمەڵناسی سیاسی هەموو چین و دەستەکانی ژێر پێستی ناوچەکەی خۆی بە باشی بناسێت و هاوبەرژەوەندانی ڕاستەقینە دیاری بکات و لە نێوان هەموو توێژێکدا دیسکۆڕسێک ساز بکات و هاوکات هاوبەرژەوەندان لەگەڵ دیسکۆڕسی خۆی بکاتە هاوڕێ، بەڵام ئەگەر پێوەر ببێتە دەرچووی یاسا و ئەزموونی کارمەندی و خەبات و خوێن کاری بەڕێوەبردن ناکارا دەبێت و بەڕێوەبەرەکەش دەبێتە بار بەسەر کۆمەڵگە و حکوومەتیشدا.

بەم ڕوانگەیەوە بۆ دانانی بەڕێوەبەرێکی شایستە پێویستە ئەو کەسە لە ڕووی پسپۆڕییەوە، جگە لە زانستی کۆمەڵناسی سیاسی، لە کاری سیاسی و ئیداریدا ئەزموونی هەبێ و هەروەها زانستی زمنیشی هەبێت. هەروەها زانستی بەڕێوەبردنی زانستەکانیشی هەبێت، لە واری سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵناسی، فەهەنگی، خەتیمەش دانان و بەڕێوەبردن، یاسا و هونەر شارەزایەکی هەبێت بێت، جگە لە زانست لە ڕووی عەقڵ کەسێکی ژیر، وردەناس و خاوەن مێشکێکی فرەڕەهەند بێت و بە ئاسانی هەموو مەتەڵێک هەڵێنێت، لەبەر ئەوەی زمانی کوردی بە تەواوەتی نەبۆتە زمانی زانست و بەو زمانە ناکرێ بە زانستی جیهان گرێ بدرێین، پێویستە لانی کەم زمانێک بە باشی بزانێت و هاوهەنگاو قەڵەمێکی بەبڕشتی هەبێت و بەرهەمی زانستیی هەبێت. هەروەها کەسێکیش بێت کە لە دوای خۆی کادیری وەک خۆی بەرهەم بێنێت و بتوانێت کاریگەرییەکی لە سەر دیدی گشتی دابنێت، پێویستە لە ڕووی بەڵێندارییەوە، کەسێکی وەفادار، پاک، ڕاستکار، خاکەڕا، ئازا، دڵسۆز، جێی متمانە و خاوەن پێگە بێت و بە گرانایی خۆی نرخ بداتە کورسی و ئامانجی تەنها پێشکەوتنی وڵات بێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە خوازیار پێشوەختە پڕۆژەی واقیعی بخاتەڕوو و بتوانێت بە ئیمکاناتی بەردەست کاری باش بکات، بەم پێوەر و پێوانە لە هەموو دامەزراوە و ئۆرگانەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەرەو شایستەسالاری بڕوات و جگە لە ئەرکی پێشکەوتن بەپێی یەکێک لە توخمەکانی دۆکتۆرینی جیابوونەوەی چارەساز لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەتوانێ مافی دیاریکردنی چارەنووسی بە شێوەی دەرەکی و مافی جیابوونەوە لە عێراق وەربگرێت.

 

سەرچاوە : خەبات