فیدراسیۆنی ڕۆنووس وێڕای ئیدانەکردنی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ڕایانگەیاند، یەکێکە لە تاوانە گەورەکان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، هاوکات سەنتەریی میترۆ ڕایدەگەیەنێت، ترسی ئەوە هەیە کەیسی سلێمان ئەحمەدیش بە دەردی کەیسی زیندانییانی بادینان ببرێت.
ئەمڕۆ، لە ماڵی سندی لە شاری سلێمانی، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لەبارەی ڕفاندن و بێسەروشوێنكردنی سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز، لەلایەن ئاسایشی پەدەكەوە ئەنجام دا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا هاوکار عیزەت میکە، سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆنووس وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: دەستگیرکردن و دیارنەمانی ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد، یەکێکە لە تاوانە گەورەکان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، بە توندی ئیدانەی دەکەین و داواکارین بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، سلێمان ڕۆژنامەنووسە و ناکرێت دوای شەش ڕۆژ تۆمەتێکی ئاڕاستە بکرێت، داواش دەکەین بە زووترین کات ئەو تۆمەتانەی بۆی هەڵبەستراون هەڵبوەشێنرێنەوە، چیتر ڕۆژنامەنووسان نەبنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم کەیسە دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هیچ کات ژینگەیەکی ئارام نەبووە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.
دواتر لەلایەن دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتارێک پێشکەش کرا و تێیدا هاتبوو، بە توندی ئیدانەی ڕفاندن و دەستبەسەرداگرتنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس دەکەین، چونکە بە تەواوی گومانی لەلای چالاکوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن درووست کردووە ئەوەی بینرا دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بەسەر دیارنەمانی ئەم ڕۆژنامەنووسە، لە دوای هاتنە سەرخەتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پاشان دوێنێ شەو ئاسایشی دهۆک لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوێکەوە کۆمەڵێک تۆمەتی ئاڕاستە کردووە کە بۆ ئێمە جێگای گومانە، هاوشێوەی کەیسی ڕۆژنامەنووسانی تری بادینان.
جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت فشارەکانمان فراوانتر بکەین، چونکە ترسی ئەوە هەیە کەیسی سلێمان ئەحمەدیش بە دەردی کەیسی زیندانییانی بادینان ببرێت، ئێمە داواکارین لەوە زیاتر لە دەسەڵاتدارنی هەرێم پاشەکشی لە ئازادیی نەکەن و سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت.
سایتی ڕۆژنیوز