نووسینی :محەمەد ماغوت
- شەراب یاری بە کەلەم دەکات، ژنەکەم یاری بە گیرفانەکانم دەکات، بەقاڵیش یاری بە ئەکاونتی بانکم دەکات، زیاتر لە سەرکردەیەکی سیاسیش یاری بە چارەنووسم دەکەن، لە زەریا تا کەنداو چی لەم عەرەبانە بکەین؟ سەعاتێکیان پێداین و کاتیان برد، پێڵاویان پێداین و شەقامیان برد، پەرلەمانیان پێداین و ئازادییان برد، عەتر و ئەڵقەیان پێداین و خۆشەویستییان برد، جۆلانی یان پێداین و جەژنەکایان برد شیری تۆزیان پێداین وچێژی منداڵییان برد پەینی کیمیاوییان پێداین و بەهاریان برد، مزگەوت وکەنیسەیان پێداین ئیمانیان برد، پۆلیس و پاسەوان و قوفڵیان پێداین وئەمن و ئاسایشیان برد، شۆڕشگێڕانیان پێداین و شۆڕشیان برد.
ئەو یەکگرتووییە ڕاستەقینەیەی کە لە نێوان عەرەبدا هەیە، یەکگرتوویی... ئازار و فرمێسکە .
دەسەڵات چاودێری خەڵک دەکات، گەل چاودێری دەسەڵات دەکات، ئیسرائیلیش چاودێری هەموومان دەکات. ڕێک کەوتین لەسەر... یەکخستنی خودا و دابەشکردنی نیشتمان...! -کاتێک کەسێک ئاواتێکی هەبوو دەبێت فایلێکی ئەمنی بەدوایدا بێت - کێشەی ئێمە هەرگیز لای خودا نەبووە، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانەدایە کە خۆیان بە کەسی نزیکی دوای خودا دەزانن. - لە هەلومەرجی ستەمکاریدا قارەمانێتی ئەوە نییە لەسەر پشتی تانکەکان دابنیشیت، بەڵکو لەبەردەمیاندا بوەستیت. وا دیارە ڕزگارکردنی عەقڵی عەرەب قورسترە لە ڕزگارکردنی فەلەستین...!
من وەک ئەو زیندانییەم کە بیست ساڵ لە ژوورەکەی خۆیدا تونێلێکی هەڵکەندووە، دواتر بۆی دەرکەوتووە کە ئەو تونێلەی هەڵکەندووە بەرەو ژووری زندانێکی دیکە دەڕوات. ئای خوایە گیان هەموو وڵاتان دەخەون و دەخەون و لە ساتەوەختی چارەنووسسازدا لە خەو هەڵدەستن، جگە لە جیهانی عەرەبی کە لە خەو هەڵدەستێت و لە خەو هەڵدەستێت و لە ساتەوەختی چارەنووسسازدا دەخەون. خۆڕاگری و خۆڕاگری: خۆڕاگری لەسەر کورسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە لێیان نزیک دەبێتەوە. ئابوری نیشتیمانی، پیشەسازییە نیشتمانییەکان، پەروەردەی نیشتمانی، حزبە نیشتمانییەکان، قوتابخانەی نیشتمانی، سروودی نیشتمانی، قەڵەمی نیشتمانی، دەفتەرە نیشتمانییەکان، گەرمکەرەوەی نیشتمانی، ڕۆنی نیشتمانی، پێڵاوی نیشتمانی، نەعلی نیشتمانی، حەمامە نیشتمانییەکان، ئاودەستی نیشتمانیمان هەیە، بەڵام ئێمە نیشتمانێکمان نیە ...
هەموو ئەوەی لە زەوی و ئاسمان و زەریاکاندا هەیە هی نیشتمان و نیشتمان هی چەند دزێکە.
هەرکاتێک لە هەر شوێنێکی جیهان بارانی ئازادی ببارێت، هەموو دەسەڵاتە عەرەبەکان پەلە دەکەن لە هەڵکردنی چەتر بەسەر گەلدا تا گەل توشی هەڵامەت نەبن !